له‌ ساڵیادی شاری سلێمانیدا كتێبی(میرنشینی بابان) بڵاو كرایه‌وه‌

له‌ دوتوێی 180 لاپه‌ڕه‌دا چاپ و بڵاوكراوه‌ته‌وه‌

تا هه‌نووكه‌ش به‌شێكی زۆری مێژووی ئێمه‌ له‌ تاریكی و شاراوه‌ییدا ماوه‌ته‌وه‌ و به‌تایبه‌تیش مێژووی میرنشینه‌كان و میره‌ كورده‌كان، به‌شی هه‌ره‌ زۆری ئه‌م تاریكی و شاراوه‌ییه‌ش په‌یوه‌ندی به‌و ململانێیه‌وه‌ هه‌بووه‌ و هه‌یه‌ كه‌ له‌نێو ئه‌و میرانه‌دا هه‌بووه‌.

 ئه‌مه‌ش دیسان به‌شێكی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی كورد له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كیانێكی سه‌ربه‌خۆی نه‌بووه‌ و به‌رده‌وام له‌ژێر هه‌ڕه‌شه‌دا بووه‌ بۆیه‌ زۆرجار خۆی له‌ نووسینه‌وه‌ی ڕاستییه‌كان شاردووه‌ته‌وه‌ و ته‌نها لایه‌نه‌ ئه‌رێنی و گه‌شاوه‌كانی میرنشین و میره‌كانی نووسیوه‌ته‌وه‌ و باس كردووه‌. بێگومان ئه‌مه‌ش هۆكاری ناڕاستی به‌شێكی زۆری مێژووی ئێمه‌ و ناڕوونی به‌شێكی دیكه‌یه‌تی كه‌ ئه‌و ململانێ و دۆخه‌ سه‌خت و شكستانه‌ نه‌بوونه‌ته‌ هۆی هه‌ستانه‌وه‌ و په‌ند وه‌رگرتن له‌ هه‌ڵه‌كان.

ئێستا و دوای ئه‌و هه‌موو شكست و ململانێیه‌ كاتی ئه‌وه‌یه‌ هه‌م ڕاستییه‌كان بنووسینه‌وه‌ و هه‌م وانه‌یه‌ك له‌و هه‌ڵانه‌ش وه‌ربگرین كه‌ له‌ پێشووتردا كراوه‌. گرنگی و بایه‌خی مێژوو ئه‌وكاته‌ ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ سوود له‌ هه‌ڵه‌كانی وه‌ربگیرێت و دووباره‌ نه‌كرێنه‌وه‌، نه‌ك ڕاستییه‌كان بشێوێنرێت و سوود له‌ هه‌ڵه‌ و كه‌موكوڕییه‌كانیش وه‌رنه‌گیرێت. 

له‌ ساڵیادی شاری سلێمانیدا مامۆستا عومه‌ر ئیسماعیل مارف كتێبێكی نوێی پێشه‌كه‌شی كتێبخانه‌ی كوردی كرد، كتێبێك كه‌ ده‌چێته‌ پاڵ پێنج كتێبی دیكه‌ی ئه‌م مێژوونووسه‌، كه‌ سه‌باره‌ت به‌ بابانه‌كان و میره‌كانی نووسیویه‌تی و من سه‌رجه‌میانم خوێندۆته‌وه‌ و گرنگی و بایه‌خی زۆری هه‌یه‌. یه‌كێك له‌ بایه‌خه‌كانی كتێبه‌كانی ئه‌م مێژوونووسه‌ ئه‌وه‌یه‌ مێژوو وه‌كو ئه‌وه‌ی هه‌بووه‌ ده‌نووسێته‌وه‌ و لێی ده‌كۆڵێته‌وه‌ نه‌ك وه‌كو ئه‌وه‌ی خۆی ده‌یخوازێت، یان ئه‌و مێژووه‌ی شێوێنراوه‌. له‌م كتێبه‌ نوێیه‌شدا له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی لایه‌نه‌ دره‌وشاوه‌كانی 12 میری میرنشینی بابان باس ده‌كات هاوكات و خه‌وش و كه‌موكوڕیی و ململانێكانیش ده‌خاته‌ڕوو. ئه‌م كتێبه‌ نوێیه‌ له‌ ژێر ناونیشانی "میرنشینی بابان له‌ ماوه‌ی ده‌سه‌ڵاتی 12 میردا" باس له‌ ژیانی 12 میر ده‌كات كه‌ ئه‌وانیش ئه‌مانه‌ن: "فه‌قێ ئه‌حمه‌دی داره‌شمانه‌، خان بوداخ به‌گ، ته‌یموور خان به‌گ، میر به‌كر به‌گ، خانه‌ محه‌مه‌د پاشا، خالد پاشای یه‌كه‌م، سه‌لیم پاشا، سلێمان پاشای كوژراو، خالید به‌گ، محه‌مه‌د پاشا، ئه‌حمه‌د پاشای یه‌كه‌م، مه‌حمود پاشای یه‌كه‌م". له‌م كتێبه‌دا به‌ وردی له‌سه‌ر ژیان و كاری ئه‌م میرانه‌ و هاوكات ئه‌و ئه‌و ململانێیانه‌ كۆلراوه‌ته‌وه‌ كه‌ ئه‌م میرانه‌ تووشی هاتوون.

بێگومان سه‌رده‌می ده‌سه‌ڵاتی هه‌موو میرنشینه‌ كورده‌كان سه‌رده‌مێكی سه‌خت و پڕ ململانێ بووه‌ و ئه‌مه‌ش زۆرجار مانه‌وه‌ و به‌رده‌وامی ده‌سه‌ڵاتی میرنشینه‌كانی خستۆته‌ مه‌ترسییه‌وه‌، هه‌ر وه‌كو چۆن تا هه‌نووكه‌ش هه‌رێمی كوردستان به‌رده‌وام له‌ژێر هه‌ڕه‌شه‌ی ده‌سه‌لاته‌كانی ده‌وڵه‌تانی دراوسێدایه‌، بێگومان له‌ كۆنیشدا و له‌ سه‌رده‌می ده‌سه‌ڵاتی میرنشینی بابان و ئه‌رده‌ڵان و سۆران و میرنشینه‌كانی دیكه‌شدا ئه‌و مه‌ترسیانه‌ ئه‌گه‌ر له‌ ئێستا زیاتر نه‌بووبێت كه‌متر نه‌بووه‌. نووسه‌ر له‌م كتێبه‌دا به‌ وردی و هاوكات به‌ چڕیش هه‌ولی داوه‌ كه‌ ئه‌و ململانێیانه‌ بخاته‌ڕوو و به‌شێك له‌و ئاسته‌نگ و سه‌ختیانه‌ش بنووسێته‌وه‌. بێگومان نووسینه‌وه‌ی مێژوو به‌بێ باسكردن له‌و سه‌ختیانه‌ نووسینه‌وه‌یه‌كی كه‌موكورته‌. چونكه‌ مێژوو به‌ پێنووسی سۆزدارانه‌ و چاوی پڕ فرمێسكه‌وه‌ نانووسرێته‌وه‌، وه‌ك ئه‌وه‌ی هه‌ندێك مێژوونووس ده‌یكه‌ن، به‌ڵكو مێژوو به‌ پێنووسێكی بوێر و راستگۆ و چاوێكی تیژبینه‌وه‌ ده‌نووسرێته‌وه‌، كه‌ خۆشبه‌ختانه‌ م. عومه‌ر خاوه‌نی ئه‌و چاو و پێنووسه‌یه‌ و له‌م كتێبه‌ و پێنج كتێبه‌كه‌ی پێشووتریشیدا ئه‌و بوێر و چاوتیژیه‌ی ڕه‌نگدانه‌وه‌ی هه‌یه‌ و به‌ ڕوونی هه‌ستی پێده‌كرێت و ئه‌مه‌ش جێگه‌ی ده‌ستخۆشییه‌.

ئه‌م كتێبه‌ یه‌كێكه‌ له‌ چاپكراوه‌كانی چاپخانه‌ی كارۆ له‌ شاری سلێمانی و له‌ دوتوێی 180 لاپه‌ڕه‌دا چاپ و بڵاوكراوه‌ته‌وه‌.

سه‌رچاوه‌/ هه‌ولێر

كوردستان تیڤی/ كامران