دوو خانمه‌ موسڵمانه‌ ده‌رچووه‌كه‌ى ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی ئه‌مریكا

توانیان سه‌ركه‌وتن به‌ده‌ستبهێنن


له‌ ویلایه‌ته‌كانی میشیگان و مینیسۆتا هه‌ریه‌ك له‌ راشیدە تڵێب بەڕەگەز فەڵەستینی و ئیلھان عومەر بەڕەگەز سۆماڵی كه‌ به‌شداری هه‌ڵبژاردنه‌كانیان كردبوو، توانیان سه‌ركه‌وتن به‌ده‌ستبهێنن و ببنه‌ یه‌كه‌م خانمه‌ موسڵمانی ئه‌ندام له‌ ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی ئه‌مریكا.

به‌ مه‌به‌ستی هه‌ڵبژاردنی ته‌واوی ئه‌ندامانی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران كه‌ 435 كورسییه‌، له‌گه‌ڵ هه‌ڵبژاردنی 35 ئه‌ندام بۆ ئه‌نجوومه‌نی پیران ده‌نگده‌ران له‌ ئه‌مریكا چوونه‌ سه‌ر سندوقه‌كان. له‌و هه‌ڵبژاردنه‌دا راشیدە تڵێب و ئیلھان عومەر له‌سه‌ر لیستی دیموكراته‌كان سه‌ركه‌وتنیان به‌ده‌ست هێنا.

راشیدە تڵێب كه‌ كاندیدی 13ـه‌مین ناوچه‌ی ویلایه‌تی میشیگان بوو به‌ چاوی سه‌ركه‌وتن له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ی ده‌ڕوانی، ئه‌ویش دوای بڵاوبوونه‌وه‌ی ده‌نگۆی ده‌ستدرێژی سێكسی ئه‌ندامی پێشووی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی ئه‌مریكا له‌سه‌ر لیستی دیموكراته‌كان، جۆن كۆنێرس كه‌ ئه‌و ناوچه‌یه‌ی به‌ده‌سته‌وه‌ بوو و به‌ هۆی ده‌نگۆكه‌وه‌ ده‌ستی له‌كاركێشابوویه‌وه‌ و له‌به‌رامبه‌ریدا كاندیدێكی كۆمارییه‌كان خۆی پاڵاوت بوو.

پێش هه‌ڵبژاردنه‌كه‌، راشیدە تڵێب له‌ دیمانه‌یه‌كیدا له‌گه‌ڵ میدیای ئه‌مریكا رایگه‌یاندبوو "وه‌ك ئه‌وه‌ی به‌ هه‌مووانم گوتووه‌ ئامانجم ئه‌وه‌یه‌ وه‌ك خزمه‌تی گشتیی به‌ڕێگایه‌كی كاریگه‌ریش نوێنه‌رایه‌تی ئیسلام بكه‌م".

له‌ لایه‌كی دیكه‌وه‌، ئیلھان عومەر بەڕەگەز سۆماڵی كه‌ له‌ پێنجه‌مین ناوچه‌ی ویلایه‌تی مینیسۆتا چووه‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانه‌وه‌، توانی سه‌ركه‌وتن به‌رامبه‌ر ركابه‌ره‌كه‌ی له‌سه‌ر لیستی كۆمارییه‌كان، جنێفه‌ر زیلینسكی به‌ده‌ستبهێنێت و به‌ئه‌ندامی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی ئه‌مریكا هه‌ڵبژێردرێت.

ئیلھان عومەر كه‌ یه‌كه‌م خانمه‌ باڵاپۆشی ئه‌ندامه‌ له‌ ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی ئه‌مریكا، چووه‌ شوێنی كیس ئه‌لیسۆن كه‌ ئه‌ویش موسڵمان بوو و نوێنه‌رایه‌تی هه‌مان ناوچه‌ی ده‌كرد.


سه‌رچاوه‌ -  AA
دانانى هه‌وال - شوان عه‌زیز