به‌ره‌و ساڵیادێكی شیرین

به‌ ده‌یان چالاكیی ڕه‌زاوه‌ ده‌بێت

ن/ شاخه‌وان مسته‌فا

ھه‌موو ساڵێك یادێكی شیرین، كه‌ به‌ یادی ھونه‌ری نیشتمان ناو ده‌برێت، به‌ ده‌یان چالاكیی ڕه‌زاوه‌ ده‌بێت، ئه‌و یاده‌ش دامه‌زراندنی ھونه‌ری حه‌وته‌می سینه‌مایه‌، كه‌ ھه‌موو جیھان له‌سه‌رپێیه‌ بۆ نیشاندانی جوانی وڵات، له‌ چاوی كامێراكانی دا كه‌ ساڵانێكه‌ سه‌رگه‌رمی به‌ دیكۆمێنت كردنی ئه‌و به‌رھه‌مانه‌یه‌ كه‌ نیشتمانیان جوانتر كردووه‌، ھه‌روه‌ھا شارستانیه‌تی ئه‌و وڵاته‌ ته‌نیا له‌ سینه‌مادا وه‌ك خۆی ده‌بینرێت.

كاتێك كه‌ نزیك ده‌بینه‌وه‌ له‌ ٢٨/١٢ ھه‌موو ساڵێكدا، وڵات ڕۆحی له‌سه‌ر ده‌ست ده‌بێت بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێت له‌ به‌رزترین ئاستدا ئه‌و یاده‌ مه‌زنه‌ بكه‌ینه‌وه‌.

ئه‌گه‌ر پرسیار له‌وه‌ بكرێت بۆچی وڵات ھێنده‌ به‌ عه‌شقه‌وه‌ ده‌ڕوانێته‌ سینه‌ما، وه‌ڵامه‌كه‌ی سانایه‌، چونكه‌ ئه‌و ھونه‌ره‌یه‌ كه‌ ھه‌موو ده‌رگاكانی سه‌ركه‌وتنی له‌ باوه‌ش گرتووه‌، یان بڵێین ئه‌و ھونه‌ره‌یه‌ كه‌ شۆڕش و به‌خۆدان و كه‌لتوور و داب ونه‌ریتی پاراستووه‌، بۆیه‌ حه‌قێكی شه‌رعیه‌ كه‌ ڕێز سینه‌ماكاری وڵاتیش بگیرێت.

له‌ كوردستانی خۆماندا ساڵانێكه‌ له‌ژێر كاری ته‌قلیدی دا ئه‌و یاده‌ به‌رز ڕاده‌گیرێت، ته‌نانه‌ت به‌ پاساوی ھونه‌ریش ھیچ چالاكیه‌كی به‌رچاو نابینرێت، ته‌نیا ده‌سه‌ڵاتی ئێمه‌ ئه‌وه‌یه‌، كه‌ ڕێگه‌ نه‌ده‌ین ئه‌و یاده‌ به‌بێده‌نگی و به‌بێ نازی تێپه‌ڕێ.

له‌و چه‌ند ساڵه‌ی دوایشدا، قه‌یران باڵی به‌سه‌ر ئه‌و وڵاته‌ كێشاو به‌ ته‌واوه‌تی له‌ ھونه‌ری سینه‌ما دابڕاین، چونكه‌ پێشكه‌ش كردنی به‌رھه‌می نه‌مر پێویستی زۆری به‌ ئیمكانیاتی ماددی ھه‌یه‌، به‌تایبه‌ت ئه‌گه‌ر بمانه‌وێ كارێك بكه‌ین له‌ ڕووی كوالێتیه‌وه‌ به‌رز بێت، یان چیرۆكه‌كان جوانتر بكه‌ین و جوانتر له‌خۆی بیخه‌ینه‌ به‌ر چاوی بینه‌ر، ئه‌وه‌ ده‌بێت به‌ توانایه‌كی ماددی زۆره‌وه‌ كار بۆ به‌رھه‌م ھێنانی فیلم بكه‌ین، جێگه‌ی خۆشحاڵیه‌ كه‌ ئێستا ھه‌نگاوه‌كانی حكوومه‌ت بۆ سڕینه‌وه‌ی ناوی قه‌یران تا دێ خێراتر ده‌بن، ته‌نانه‌ت گه‌یشته‌ ئه‌و ئاسته‌ی ئێستا فیستیڤاڵ و كه‌رتی بیناكاری ده‌ستی كردووه‌ته‌ به‌ جووڵه‌، له‌و نێوه‌نده‌شدا ئێمه‌ سینه‌ماكار ده‌بێت ده‌ست له‌ ملی ھونه‌ره‌كه‌مان بكه‌ینه‌وه‌ و به‌رده‌وام بین له‌ داھێنانی خۆمان، له‌م قۆناغه‌شدا كه‌ ئێستا نزیكین له‌ ساڵیادێكی مه‌زن ده‌بێت ده‌ست بكه‌ین به‌ ئاماده‌سازیی، به‌ڵام ئه‌مساڵ به‌شێوه‌یه‌كی جیاواز و دووركه‌وتنه‌وه‌ له‌ ته‌قلید.

بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش په‌یره‌و و پڕۆگرامی نوێ له‌ نێو به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی سینه‌مای ھه‌ولێردا گوزه‌ر ده‌كات، له‌ چه‌ند ڕۆژی داھاتووشدا به‌شێوه‌یه‌كی فه‌رمی كاره‌كان ده‌ست پێده‌كرێن، ڕه‌نگه‌ ئه‌مجاره‌یان بۆ ھه‌موو ئاماده‌بووانی ھۆڵه‌ سینه‌ماییه‌كان بیسه‌لمێنین له‌مه‌ودوا كاری ئێمه‌ ته‌واو جیاواز ده‌بێت له‌ ته‌قلید و ھونه‌ری حه‌وته‌م له‌ ھه‌ولێر به‌ ڕاستگۆیی ھه‌موو ڕووه‌كانی خۆی نیشان ده‌دا.

كوردستان تیڤی/ كامران