چۆن بزانین كاسكێت‌و كه‌وه‌ری بزوێنه‌ر خراپ بووه‌؟

پێویسته‌ ئه‌م خاڵانه‌ بگیرێته‌به‌ر


سه‌رقاپی بزوێنه‌ر كه‌ ناوه‌ زانستیه‌كه‌ی كه‌ڤه‌ر یان كه‌وه‌ر پارێزگاری له‌چونه‌ ناوه‌وه‌ی هه‌وای ده‌ره‌وه‌ ده‌كات بۆ ناو بزوێنه‌ر، له‌كاتی تێكچونیدا هه‌وای ده‌ره‌وه‌‌و پیسی ده‌چێته‌ناو بزوێنه‌ره‌كه‌وه‌، به‌و هۆیه‌شه‌وه‌ فشار ده‌خاته‌ سه‌ر ئاوی ناو بۆریه‌كانی ڕادێته‌ر‌و ده‌بێته‌ هۆی به‌هه‌ڵم بونی ئاوی ناو ڕادێته‌ر.

له‌هه‌مان كاتدا به‌خراپ بوونی كاسكێتی ژێر كه‌وه‌ر، ئاوی ناو رادێته‌ر ده‌بێته‌ هه‌ڵم، بۆدڵنیابون له‌سه‌لامه‌تی یاخود زانینی خراپ بوونی كاسكێت‌و كه‌وه‌ری بزوێنه‌ر، پێویسته‌ ئه‌م خاڵانه‌ بگیرێته‌به‌ر:

1- ماوه‌ی دوو خوله‌ك كار به‌بزوێنه‌ره‌كه‌ بكرێت.
2- دوای ئه‌و دوو خوله‌كه‌ سه‌ری ڕادێته‌ره‌كه‌ بكرێته‌وه‌
3- به‌ده‌ست فشار بخرێته‌ سه‌ر ڕادێته‌ره‌كه‌ كه‌ به‌هیچ شێوه‌یه‌ك هه‌وا نه‌چێته‌ ناو ڕادێته‌ره‌كه‌وه‌، كه‌سێكی دیكه‌ به‌توندی پێ‌ بخاته‌ سه‌ر پایده‌ری به‌نزین كه‌ پێوه‌ری فشاری بزوێنه‌ر بگاته‌ پله‌ی (5)و دوای دوو خوله‌ك كارپێكردنی بزوێنه‌ر ئاسایی بكرێته‌وه‌.
4- به‌شێوه‌یه‌كی كتوپڕ ده‌ست له‌سه‌ر ڕادێته‌ره‌كه‌ لاببرێت.
5- ئه‌گه‌ر له‌دوای ده‌ست لابردنه‌كه‌ ئاو له‌ڕادێته‌ره‌كه‌ هاته‌ ده‌ره‌وه‌، نیشانه‌ی ئه‌وه‌یه‌ سه‌رقاپی بزوێنه‌ره‌ (كه‌ڤه‌ر) تێك چوه‌ یان توشی داخوران بوه‌‌و پێویسته‌ به‌زویی چاره‌سه‌ری بۆ بكرێت، له‌وكاته‌دا ئاماژه‌یه‌ بۆ خراپ بوونی كاسكێتی نێوان به‌شی خواره‌وه‌ی بزوێنه‌ر‌و كه‌وه‌ر، به‌رده‌وام ئیشپێكردنی بزوێنه‌ر، ده‌بێته‌هۆی ئه‌وه‌ی دوای ماوه‌یه‌ك ئاو ‌و ڕۆنی بزوێنه‌ر تێكه‌ڵاو ببێت، به‌وه‌ش له‌ناو خه‌ڵكدا بڵاوه‌ كه‌ ده‌ڵێن كاسكێتی بزوێنه‌ره‌كه‌ سوتاوه‌.


سه‌رچاوه‌ - Traffic Fm Sulaimaniyah

شوان عه‌زیز