ئەنجوومەنی وەزیران: لە هەر کوێ میلاکات کەم بێت دەرچووان  دادەمەزرێنین

سەرۆكی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران: دامەزراندن بەپێی پلانی حکومەت دەبێت

نێچیرڤان ئەحمەد، سەرۆكی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران رایدەگەیێنێت، پرۆسەی دامەزراندنی دەرچووانی زانکۆ و پەیمانگەکان بەپێی پلانی حکومەت دەبێت، ئێستاش چاوەڕوانی پەسندکردنی پڕۆژەیاسای بودجە دەکەن.

لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا لە کاتی بەسەرکردنەوەی بازاڕی لەنگە، سەرۆكی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران رایگەیاند، دامەزراندن بەپێی پێویستی و کەمی میلاکات دەبێ، لە هەر کوێ میلاکات کەم بێت دەرچووان دادەمەزرێندرێن، بەڵام ئەوەش پێویستی پەسندکردنی پڕۆژەیاسای بودجە هەیە.

لەبارەی دامەزراندنی یەکەمی زانکۆ و پەیمانگەکان، نێچیرڤان ئەحمەد رایگەیاند، نەک تەنیا یەکەمەکان بەڵکو دامەزراندن بۆ هەموو دەرچوویەک دەبێ بەڵام بەپێی پێویستی و داواکردنی وەزارەتەکان.

سەبارەت بە گرێبەستەکانیش، سەرۆكی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران ئاماژەی بەوەکرد، 31 هەزار گرێبەست لە سەرجەم وەزارەتەکان هەن، ئەوانەش بەپێی پێویست و بەپێی یاسا دەبنە هەمیشەیی.

نێچیرڤان ئەحمەد، سەرۆكی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران لەبارەی دابینکردنی پارە لەلایەن حکومەت بۆ نۆژەنکردنەوە و دابینکردنی خزمەتگوزاری پێشکەوتوو بۆ بازاڕی لەنگەی هەولێر، رایگەیاند تاوەکو ئێستا تەنیا بەرگری شارستانی دەرخستەی کردووە کە 338 ملیۆن دیناریان پێویستە، بەڵام تەنیا ئەوە نییە چونکە کارەبا، ئاو و ئاوەڕۆ و رێگەوبانیش هەیە و پێویستە لیژنەکان دەرخستەی ئەوانەش بداتە حکومەت.

سەرۆكی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران جەختیکردەوە، هەر دەرخستەیەک بگاتە حکومەت رەزامەندی لەسەر دەدرێت و پارە بۆ نۆژەنکردنەوەی تەرخاندەکرێت.