کارنامەی دانیشتنی سبەینێی پەرلەمانی عێراق راگەیەندرا

په‌رله‌مانتاران لیژنه‌ هه‌میشه‌ییه‌كان پێكده‌هێنن

فەرمانگەی ڕاگەیاندنی پەرلەمانی عێراق خشتەی کارنامەی دانیشتنی سبەینێی بڵاوکردەوە، کە هیچ ئاماژەیەکی تێدا نییە بە دەنگدان لەسەر کاندیدانی ئەو وەزارەتانەی کە ماوە پڕبکرێنەوە.

له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا كه‌ ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌  بڵاوكراوه‌ته‌وه‌، فه‌رمانگه‌ی راگه‌یاندنی ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌رانی‌ عیراق رایگه‌یاند كه‌ سبه‌ینێ له‌ 11هه‌مین دانیشتنی خۆیدا ئه‌نجومه‌ن ده‌نگ له‌سه‌ر پێكهێنانی‌ لیژنه‌یه‌كی لێكۆڵینه‌وه‌ سه‌باره‌ت به‌ هه‌ڵبژاردنی پارێزگاری بابل ده‌دات.

به‌گوێره‌ی‌ كارنامه‌كه‌ له‌ بڕگه‌یه‌كی‌ تری‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا به‌ ئاماده‌بوونی‌ هه‌ریه‌ك له‌ وه‌زیرانی كشتوكاڵ‌ و ته‌ندروستی و ژینگه‌ گفتوگۆ له‌سه‌ر بابه‌تی مرداربوونه‌وه‌ی ماسی له‌ رووباری فورات له‌ پارێزگای بابل ده‌كرێت.

له‌ بڕگه‌ی سێیه‌می‌ كارنامه‌كه‌دا په‌رله‌مانتاران لیژنه‌ هه‌میشه‌ییه‌كانی په‌رله‌مانی عیراق پێكده‌هێنن.

ئەوە لەکاتێکدایە، دوێنێ لە دانیشتنی پەرلەماندا گفتوگۆ کرا لەسەر ڕەشنووسی یاسای بودجەی ساڵی 2019، هەرچەندە پرۆژە یاساکە لەلایەن په‌رله‌مانتارانه‌وه‌ ڕەتکرایەوە، بەڵام دواتر بە فشاری چەند لایەنێکی شیعی ناو پەرلەمان دەنگدانەکە هەڵوەشایەوە و بڕیارە ڕۆژی دووشەممەی داهاتوو گفتوگۆ لەسەر پرۆژە یاساکە بکرێت.

هه‌رچه‌نده‌ بڕیاربوو له‌ كۆبوونه‌وه‌ی‌ دوێنێدا متمانه‌ به‌و كاندیدانه‌ی‌ تری‌ حكومه‌ته‌كه‌ی‌ عادل عه‌بدولمه‌هدی‌ بدرێت بۆ پڕكردنه‌وه‌ی‌ وه‌زارته‌كان، به‌ڵام له‌ كارنامه‌ی‌ كۆبوونه‌وه‌ی‌ سبه‌ینێدا نییه‌ و دیار نییه‌ ئه‌و بابه‌ته‌ كه‌ی یه‌كلایی ده‌كرێته‌وه‌.