به‌ڤیدیۆ .. محه‌مه‌د خورشید : یه‌كێتى به‌وه‌رگرتنه‌وه‌ى پۆستى پارێزگار ناتوانێت ڕه‌وشی كه‌ركوك ئاسایی بكاته‌وه‌

كه‌ركوك داگیر كراوه‌ و ته‌عریبیش تێیدا به‌رده‌وامه‌


  محه‌مه‌د خورشید  به‌رپرسى لقى 3 ى پارتى دیموكراتى كوردستان له‌میانى به‌شداری كردنى له‌به‌رنامه‌ى دیڤچون باس له‌ڕووداوه‌كانى ساڵى پارى 16 ى ئۆكتۆبه‌ر و كۆبوونه‌وه‌كانى ئه‌م دواییه‌ى ئه‌نجومه‌نى پارێزگای كه‌ركوك و دانانى پارێزگاری كه‌ركوك  ده‌كات 


له‌باره‌ى كۆبوونه‌وه‌ى ئه‌نجومه‌نى پارێزگا و دانانى پارێزگاری كه‌ركوك محه‌مه‌د خورشید ڕایگه‌یاند ،  ئه‌وه‌ى ڕووده‌دات ئێستا له‌كه‌ركوك به‌داخه‌وه‌ ده‌ر ئه‌نجامی ئه‌و خیانه‌ته‌یه‌ كه‌له‌ 16 ى ئۆكتۆبه‌ری 2017 ڕوویدا ، له‌سه‌ره‌تای مانگی 9 لایه‌نه‌ كوردستانیه‌كان له‌قه‌ره‌هه‌نجیر بڕیار درا به‌یه‌كه‌وه‌ هه‌وڵ بده‌ین كه‌بارودۆخی كه‌ركوك به‌یه‌ك ڕیزی و یه‌ك ده‌ستى ئاسایی بكه‌ینه‌وه‌ ، به‌ڵام ده‌رئه‌نجامه‌كان له‌بانگه‌شه‌ى هه‌ڵبژاردن  دواتر له‌به‌غدا و له‌دانانى پۆستى سه‌رۆك كۆمار جۆرێك له‌ساری هاتووه‌ته‌ ئاراوه‌ له‌نێو لایه‌نه‌ سیاسیه‌كان ، ئێستاش ئه‌و گه‌ڕم و گوڕییه‌ نیه‌ كه‌كۆبوونه‌وه‌ى لایه‌نه‌ كوردستانیه‌كان به‌ڕێوه‌بچێت 

محه‌مه‌د خورشید ڕاشیگه‌یاند ، یه‌كێتى نیشتیمانى كوردستان یه‌ك لایه‌نه‌ بێ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ لایه‌نه‌ كوردستانیه‌كان كه‌وتووه‌ته‌ گفتوگۆ له‌گه‌ڵ به‌ره‌ی توركمانى و لایه‌نه‌ عه‌ره‌بیه‌كان بۆ ئه‌وه‌ى بتوانێ یه‌ك لایه‌نه‌ پۆستى پارێزگار بۆ خۆی یه‌كلا بكاته‌وه‌ 

یه‌كێتى پێى وایه‌ به‌وه‌رگرتنه‌وه‌ى پۆستى پارێزگار ده‌توانێ كێشه‌ى كه‌ركوك چاره‌سه‌ر بكات ، وه‌رگرتنى پۆستى پارێزگار ڕه‌وشى كه‌ركوك ئارام ناكاته‌وه‌ و بارودۆخ ئاسایی نابێته‌وه‌ به‌تاك لایه‌نى یه‌كێتى نیشتیمانى كوردستان 


له‌باره‌ى ڕه‌وشى ئێستاى كه‌ركوك دوای خیانه‌ته‌كه‌ى 16 ى ئۆكتۆبه‌ر محه‌مه‌د خورشید ڕایگه‌یاند ، ئێستا كه‌ركوك داگیر كراوه‌ ،   له‌ژێر داگیر كاری سه‌ربازی دایه‌  ، له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتى مه‌ده‌نى دا نیه‌ ، كه‌كه‌ركوك له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتى مه‌ده‌نى دانیه‌ ، كوردستانیانى كه‌ركوك ڕۆژ به‌ڕۆژ فشاری زیاتریان ده‌خرێته‌ سه‌ر وه‌ك دانانى خاڵی گومرگى له‌نێوان ناوچه‌ كوردستانیه‌كان له‌گه‌ڵ شاری كه‌ركوك نمونه‌ى شارۆچكه‌ى پردێ و قه‌ره‌هه‌نجیر كه‌به‌شێكن له‌كه‌ركوك كاتێك ده‌یانه‌وێت  به‌رهه‌می خۆیان ببه‌ن بۆ ناو شاری كه‌ركوك گومرگیان لێده‌ستێنن به‌ڵام خه‌ڵكه‌ك گه‌ر له‌حه‌ویجه‌وه‌ بێت ئاساییه‌ 


محه‌مه‌د خورشید ڕاشیگه‌یاند دوای داگیر كردنى كه‌ركوك له‌شازده‌ی ئۆكتۆبه‌ری 2017 ، ئێستا شاره‌كه‌ ته‌عریب ده‌كرێت و بارودۆخى كه‌ركوك شێوێندراوه‌ ، خه‌ڵكى كه‌ركوك ده‌یه‌وێت ڕزگاری بێت له‌و ڕه‌وشه‌ نائارامه‌ى ئێستا هه‌یه‌ وده‌یه‌وێت به‌ئازادی بژى و به‌ئازادی هاتووچۆی هه‌رێمى كوردستان بكات 

ده‌قى دیمانه‌كه‌ى محه‌مه‌د خورشید له‌به‌رنامه‌ی دیڤچون 

 

شوان عه‌زیز