تۆوى كه‌تان مرۆڤ له‌ نه‌خۆشييه‌كى كوشنده‌ ده‌پارێزێ

چه‌ند تایبه‌تمه‌ندییه‌كى جیاوازى تۆوى كه‌تان له‌لایه‌ن زانایانه‌وه‌ ئاشكرا ده‌كرێت


گۆڤارى "Journal of Clinical Oncology"، زانيارى له‌باره‌ى دۆزينه‌وه‌ى چه‌ند تايبه‌تمه‌ندييه‌كى جياوازى تۆوى كه‌تان له‌لايه‌ن زانايانه‌وه‌ ئاشكرا كرد.
گۆڤاره‌كه‌ ده‌ڵێت، زانايان بۆيان ده‌ركه‌وتووه‌ ئه‌و پێكهاتانه‌ى له‌ تۆوى كه‌تان و تۆوى هه‌ندێ دانه‌وێڵه‌ و سه‌وزه‌دا هه‌ن، ده‌توانن به‌سه‌ر خانه‌ شێرپه‌نجه‌ييه‌كاندا زاڵ بن و رێگه‌ له‌ گه‌شه‌سه‌ندنى خانه‌ى نوێ و دووباره‌ سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ى لوه‌كان بگرن.
زانايان باس له‌ بوونى ڤيتۆستراجينه‌كان (ستراجيينه‌ رووه‌كييه‌كان) ده‌كه‌ن له‌ تۆوى كه‌تاندا كه‌ گرنگترينيشيان ئاوێته‌كانى "ليگنان"ن.
زانايان بۆيان ده‌ركه‌وت كه‌ تۆوى كه‌تان گه‌وره‌ترين رێژه له‌ ئاوێته‌‌ى "ليگنان"ى تێدايه‌، هه‌ربۆيه‌ به ‌باشى ده‌زانن پابه‌ند بين به‌ سيسته‌مێكى خۆراكى ده‌وڵه‌مه‌ند به ئاردى گه‌نمى ته‌واو و تۆوى كه‌تان و سه‌وزه‌كان‌، چونكه‌ ئه‌و ماددانه‌ يارمه‌تى جه‌سته‌ ده‌ده‌ن بۆ به‌ده‌ستهێنانى بڕێكى ته‌واو له‌ ئاوێته‌كانى "ليگنان".
خاتوو جينى چان – كڵود، شاره‌زا له‌ سه‌نته‌رى ئه‌ڵمانيى بۆ تۆژينه‌وه‌كانى شێرپه‌نجه‌ وتى: "يه‌كه‌م به‌ڵگه‌مان له‌به‌رده‌سته‌ كه‌ ليگنان هه‌ر ته‌نها مه‌ترسى تووشبوون به‌ شێرپه‌نجه‌ى مه‌مك دواى وه‌ستانى سووڕى مانگانه‌ كه‌م‌ ناكاته‌وه‌، به‌ڵكو مه‌ترسى مردنيش به‌و نه‌خۆشييه‌ كه‌م ده‌كاته‌وه‌".
تۆوى كه‌تان، سه‌ربارى ئاوێته‌ى ليگنان زۆر توخم و ڤيتامينى به‌سووديشى تێدايه‌ وه‌ك ڤيتامينه‌كانى (A ،B1 ،B2 ،B3 ،B6 ،B9 ،C) و ريشاڵه‌كان و ئۆمێگا - 3 و ئۆمێگا – 6 و ئۆمێگا – 9.