مەحموود عوسمان: پێویستە عادل عەبدولمەهدی هەوڵى جدى بدات بۆ چارەسەركردنى کێشەکان لەگەڵ هەرێمى کوردستان

مەحموود عوسمان: پێویستە عادل عەبدولمەهدی دەرس لە ڕابردوو وەربگرێ


مەحموود عوسمان سیاسەتمەداری كورد و پەرلەمانتاری پێشووی عێراق لەبارەی حكوومەتەكەی دكتۆر عادل عەبدولمەهدیەوە رایگەیاند، كە دەبێ ئەركی سەرەكی سنوورداركردن و نەهێشتنی گەندەڵی بێت لە عێراق، كە زۆر فرەوان بووە.

ئەمڕۆ چوارشەممە مەحموود عوسمان لە هەژماری خۆیدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی "فەیسبووك" نووسیویەتی: پێویستە دكتۆر عادل لە پێکهێنانى حكوومەتەكەیدا دەرس لە ڕابردوو وەربگرێ و تیمێکى هاوکار لەگەڵ یەکتری و خاوەن ئەزموون دروست بکات، لەمەش گرنگتر ئەوەیە کەچى ئەنجام دەدەن لە کارە لەپێشینەكاندا.

ناوبراو ئاماژەی بەچوار خاڵ كردووە بۆ حكوومەتی نوێی عێراق و لە یەكەمدا نووسیویەتی "لەناوبردنى گەندەڵى کە زۆر فراوان بووە و کارى خراپى لە هەموو ڕوویەکەوە کردووەتە سەر دەوڵەت و هاووڵاتیان".

هەروەها نووسیویەتی" پێویست بەدابینکردنى خزمەتگوزارى پێویست دەكات بۆ هاووڵاتیان، کە زۆر کەمە، وەکو لە بەسرە و شوێنى تر بینیمان و بووەتە کێشەیەکى هەرە گەورەى هاووڵاتیان و ساڵ بەساڵ خراپتر بووە".

مەحموود عوسمان لە سێیەم خاڵدا نووسیویەتی كە پێویست بەچاکسازى هەیە لە ڕووەكانى ئیدارى و دارایى و ئاسایش و کۆمەڵایەتى، هەروەها ئەنجامدانى چاکسازى لە دەزگاى دادوەری. لە خاڵی كۆتاییشدا ئاماژەی بەپێویستی هەوڵدان بۆ پتەوکردن و فراوانکردنى پەیوەندییە نێودەوڵەتیەکانى عێراق و ڕاگرتنى باڵانس لە نێوان ئەمریکا و ئێران بەشێوەیەکى بابەتیانە كردووە.

عوسمان وتیشى" پێویستە دكتۆر عادل عەبدولمەهدی هەوڵى جدى بدات بۆ چارەسەرى کێشەکان لەگەڵ هەرێمى کوردستان، هێزە کوردستانییەکانیش دەبێت هاوڕا بن و پێداگیرى لەم ڕووەوە بكەن.