له‌ كه‌ركووك هێزه‌ عێراقییه‌كان داوای چۆڵكردنی باره‌گاى یه‌كێتی مامۆستایان ده‌كه‌ن

له‌ دوای 16ی ئۆكتۆبه‌ر دووه‌م جاره‌

ئه‌مڕۆ بۆ جارێكى دیكه‌، هێزه‌ ئه‌منییه‌كانى عێراق له‌ كه‌ركووك هه‌ڵیانكوتایه‌ سه‌ر باره‌گاى لقى كه‌ركووكى یه‌كێتى مامۆستایانى كوردستان و داواى چۆڵكردنى باره‌گاكه‌یان كردووه‌.

له‌ دوای 16ی ئۆكتۆبه‌ر ئه‌مه‌ دووه‌م جاره‌ هێزه‌ ئه‌منیه‌كان له‌ شاری كه‌ركووك ده‌چنه‌ سه‌ر باڵه‌خانه‌ی یه‌كێتی مامۆستایانی كوردستان لقی كه‌ركووك داوایان لێكردوودن كه‌ ئه‌م باڵه‌خانه‌یه‌ چۆڵ بكه‌ن.

له‌م باره‌یه‌وه‌ حه‌سیبه‌ عه‌بدوڵڵا سه‌رۆكی یه‌كێتی مامۆستایانی كوردستان لقی كه‌ركووك گوتی: هه‌ر دوای 16ی ئۆكتۆبه‌ر دوو هه‌فته‌ به‌دواوه‌ هێزێكی زۆریان هێنایه‌ سه‌رمان داوای چۆڵكردنی باڵه‌خانه‌كه‌یان كرد، له‌ رێگای چه‌ند برایه‌كی به‌رێز له‌ نێو پۆلیسی كه‌ركووك توانیمان ئه‌م هه‌وڵه‌یان شكست پێبێینن.

ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا له‌م ماوه‌یه‌دا به‌ پاڵپشتی راكان سه‌عید جبووری پارێزگاری سه‌پێنراوی كه‌ركووك له‌گه‌ڵ عه‌ره‌ب و توركمان هه‌ڵبژاردنێكی تایفی و مه‌زهه‌بی كه‌ كوردیان تیا فه‌رامۆش كرد سه‌رۆكێكی نوێیان بۆ سه‌رۆكی یه‌كێتی مامۆستایان داناوه‌، خۆشبه‌خاته‌ كورد بایكۆتی كرد له‌گه‌ڵیان به‌شداری نه‌كرد.

مامۆستا حه‌سیبه‌ بۆ كوردستان 24  گوتی: ئه‌و كه‌سه‌ی كه‌ ئێستا كه‌سێكی دیكه‌یان داناوه‌ زۆر پاڵپشتی عه‌ره‌ب و توركمان ده‌كات، له‌ كاتێكدا ئێمه‌ هه‌موو هه‌وڵ ماندووبوونی خۆمان خستبووه‌ گه‌ر هیچ جیاوازییه‌كمان نه‌ده‌كرد له‌ نێوان مامۆستاكانی كه‌ركووك هه‌موومان به‌یه‌ك چاو سه‌یر ده‌كرد.

رۆژی 16ی ئۆكتۆبه‌ر، به‌ هاوكاری چه‌ند به‌رپرسێكی دیاری نێو یه‌كێتی، شاری كه‌ركووك و به‌شێكی زۆری ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێم، له‌لایه‌ن میلیشیاكانی حه‌شد و هێزه‌ عێراقییه‌كان داگیركرا و به‌ هۆیه‌وه‌ خه‌ڵكێكی زۆر ئاواره‌ و بێ ماڵ و حاڵ بوون، به‌ دیان كه‌سیش شه‌هید بوو، هه‌ر له‌م رۆژه‌وه‌ به‌دواوه‌ به‌دیان پۆست له‌ فه‌رمانگه‌كانی نێو پارێزگای كه‌ركووك له‌ كورد سێندرانه‌وه‌ دران به‌ عه‌ره‌ب و توركمان.