سوید: به‌رده‌وام ده‌بین له‌ هه‌ماهه‌نگی و هاوكاریكردنی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌

وه‌زیری پێشمه‌رگه‌ به‌ وه‌كاله‌ت له‌گه‌ڵ شاندێكی سوپای سوید كۆبووه‌وه‌

بەمەبەستی هه‌ماهه‌نگى و هاوكاریى نێوان سوپاى سوید و وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ چوارشەممە کەریم سنجاری وەزیری پێشمەرگە بە وەکالەت، پێشوازیی لە سەرۆکی سوپای سوید کرد و سوپای سوید جه‌ختیان له‌سه‌ر به‌رده‌وامی هه‌ماهه‌نگی و هاوكاری وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه كرده‌وه‌.

كه‌ریم شه‌نگالی وه‌زیری ناوخۆ و پێشمه‌رگه‌ به‌ وه‌كاله‌ت به ئاماده‌بوونی سه‌ربه‌ست له‌زگین بریكاری وه‌زاه‌رتی پێشمه‌رگه‌ و فه‌ریق جه‌بار یاوه‌ر ئه‌مینداری وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ و فه‌ریق جه‌مال محه‌مه‌د سه‌رۆكی ئه‌ركان پێشوازی له‌ ژه‌نڕال مایكل بایدن سه‌رۆكی ئه‌ركانی سوپای سوید و پۆنۆس میلانده‌ر بالیۆزی سوید له‌ عێراق و شاندی یاوه‌ری كرد.

له‌ دیدارێكدا تیشك خرایه‌ سه‌ر هه‌ماهه‌نگی و هاوكاری نێوان سوپای سوید و هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان‌، هه‌روه‌ها ئه‌و كۆمه‌ك و هاوكارییانه‌ كه‌ له‌لایه‌ن تیمی راوێژكارانی سوپای سویده‌وه‌ پێشكه‌ش دوه‌كرێن.

كه‌ریم شه‌نگالی وه‌زیری پێشمه‌رگه‌ رایگه‌یاند، راوێژكارانی سه‌ربازی سوید له‌ سه‌نته‌ری مه‌شقی كوردستان رۆڵی چالاكیان هه‌یه.

له‌لا‌یه‌ن خۆیه‌وه‌ سه‌رۆكی ئه‌ركانی سوپای سوید به‌ڵینیدا رۆڵیكی كارایان هه‌بێت له‌ به‌شداری پێكردنی راوێژكارانی سه‌ربازی بۆ چاكسازی له‌ وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌.

له‌ كۆتاییدا شاندی سه‌ربازی سویدی جه‌ختیان له‌سه‌ر به‌رده‌وامی هه‌ماهه‌نگی و هاوكاری وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه كرده‌وه‌.