به‌ڕێوه‌به‌ری ئاوی هه‌رێم: سێكته‌ری ئاو به‌شێوه‌یه‌كی باش به‌ڕێوه‌ده‌چێت

لەماوەیەکی نزیکدا کارکردن به‌ پێوه‌ری ئاو ده‌ست پێ ده‌كات


وه‌زاره‌تی شاره‌وانی پلانێكی هه‌رێمی داده‌ڕێژێت بۆ دابینكردنی ئاوی خواردنه‌وه‌ و ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ش ده‌كات 550 هه‌زار هاوبه‌شی ئاو پێوه‌ری زیره‌كیان به‌ستووه‌.

ئه‌مڕۆ 8-10-2018، له‌ وه‌زاره‌تی شاره‌وانی به‌ ئاماده‌بوونی پارێزگار و نوێنه‌ری پارێزگاكانی هه‌رێم كۆبوونه‌وه‌ی فراوانی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی ئاوی هه‌رێم به‌ڕێوه‌چوو.

دوای ته‌واو بوونی كۆبوونه‌وه‌كه‌ش بەڕێوەبەری گشتی ئاوی هەرێم ڕایگەیاند قۆناغی بەستنی پێوەرەکانی ئاو کۆتاییهاتووە و لەماوەیەکی نزیکدا کارکردن بەو پێوەرانە دەستپێدەکات.

مه‌سعود كاڕه‌ش به‌ڕێوه‌به‌ری ئاوی هه‌رێم له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا گوتی: به‌رده‌وام ژماره‌ی دانیشتوانی كوردستان زیاد ده‌كات و هاوبه‌شه‌كانی ئاو زیاد ده‌بن، به‌ڵام ژێرخانێكی باشی ئاومان هه‌یه‌، ئه‌مڕۆش كۆبووینه‌وه‌ و پلانی ساڵی داهاتوو داده‌نێین و پێداچوونه‌وه‌ به‌ پلانی ساڵانی رابردودا ده‌كه‌ینه‌وه‌.

مەسعود کاڕەش بەڕێوەبەری گشتیی ئاوی هەولێر ڕایگەیاند لە هەرێمی کوردستان بڕێکی ئێجگار زۆر ئاو بەفیڕۆ دەدرێت.

بەڕێوەبەری گشتیی ئاوی هەرێم ئاماژەی بەوەشکرد لە هەندێ شوێن ئاو زیاد لە پێویست دەدرێت بە ماڵان و لە هەندێک شوێن بەشی پێویستیەکانیان ناکات ئەوەش گرفتی دروستکردووە.

مەسعود کارەش جەختیشیکردەوە قۆناغی بەستنی پێوەری ئاو لە زۆربەی شوێنەکان کۆتاییهاتووە و لە نزیکترین کاتدا کارکردن بەو پێوەرانە دەستپێدەکات.

کارەش رایگه‌یاند: سێكته‌ری ئاو به‌شێوه‌یه‌كی باش به‌ڕێوه‌ده‌چێت، به‌ڵام كێشه‌مان ماوه‌ و میكانیزمی باشتریان بۆ داده‌نێین، چه‌نده‌ها پرۆژه‌ی گه‌وره‌ ئه‌نجام دراون وه‌ك ئیفراز و كه‌لار و زاخۆ و هه‌ڵه‌بجه‌ و شه‌قلاوه‌، جگه‌ له‌ پرۆژه‌كان بیری ئیرتیوازیش لێدراوه‌.