ئه‌مریكا هێرشه‌ چه‌كدارییه‌كه‌ی سه‌ر نمایشه‌ سه‌ربازییه‌كه‌ی ئێران ئیدانه‌ ده‌كات

ئه‌مریكا هه‌رجۆره‌ كرده‌وه‌یه‌كی تیرۆریستیی ئیدانه‌ ده‌كات

وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا رۆژی رابردوو وێڕای ده‌ربڕینی هاوخه‌میی وڵاته‌كه‌ی بۆ هاوڵاتییانی ئێران، رایگه‌یاند ئه‌مریكا ئه‌و هێرشه‌ چه‌كدارییه‌ شه‌رمه‌زار ده‌كات كه‌ كرایه‌ سه‌ر نمایشه‌ سه‌ربازییه‌كه‌ی شاری ئه‌هوازی باشووری ئێران و واشنتن هه‌موو جۆره‌ كرده‌وه‌یه‌كی تیرۆریستییش ئیدانه‌ ده‌كات.

هێزه‌ر ناوێرت سه‌باره‌ت به‌م هێرشه‌ و هه‌ڵوێستی وڵاته‌كه‌ی وتی: دیپلۆماته‌كانی ئه‌مریكا ئه‌م هێرشه‌ چه‌كدارییه‌ ئیدانه‌ ده‌كه‌ن و حكومه‌تی ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكاش هه‌رجۆره‌ كرده‌وه‌یه‌كی تیرۆریستیی ئیدانه‌ ده‌كات كه‌ ببێته‌ هۆی مه‌رگی مرۆڤه‌ بێتاوانه‌كان.

ناوێرت له‌ درێژه‌دا وتی ئه‌وان له‌گه‌ڵ هاوڵاتییانی ئێران به‌رامبه‌ر به‌ په‌تای تیرۆریسمی ئیسلامییه‌ توندڕه‌وه‌كان راوه‌ستاون و ئه‌وپه‌ڕی هاوخه‌می خۆیان بۆ ئه‌وان ده‌رده‌بڕن.

شایه‌نی باسه‌ كه‌ سه‌رله‌به‌یانیی رۆژی رابردوو له‌كاتی نمایشی سه‌ربازیی هێزه‌ چه‌كداره‌كانی ئێران له‌ شاری ئه‌هواز چه‌ند كه‌سێكی چه‌كدار هێرشیان كرده‌ سه‌ر رێوڕه‌سمه‌كه‌ و به‌م هۆیه‌وه‌ ژماره‌یه‌كی زۆر له‌ سه‌رباز و هاوڵاتیی سڤیل كوژران و برینداربوون.

هه‌رچه‌نده‌ كه‌ چه‌ند كاتژمێرێك دوای رووداوه‌كه‌ گروپی داعش به‌رپرسیارێتیی هێرشه‌كه‌ی گرته‌ ئه‌ستۆ، به‌ڵام دواتر " حوڕ توسترا " وته‌بێژی " بزوتنه‌وه‌ی عه‌ره‌بیی ئازادیی به‌خشی ئه‌لئه‌حواز " له‌ وتووێژێكدا له‌گه‌ڵ رادیۆی " به‌رگریی نه‌ته‌وه‌یی ئه‌هواز "ـدا به‌رپرسیارێتیی ئه‌م كرده‌وه‌ی چه‌كدارییه‌ی گرته‌ ئه‌ستۆ.

سه‌رچاوه‌ / رادیۆ فه‌ردا
مه‌سعود / كوردستان تیڤی