پارتی ئاهەنگێکی گەورە له‌ سلێمانی ساز ده‌كات

بۆ ناساندنی کاندیدەکانی پارتی ژماره‌ی لیست 183

پارتی دیموکراتی کوردستان ئاهەنگێکی گەورە بۆ ناساندنی هەموو کاندیدەکانی لیستی 183 لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، ساز دەکات.

ئاهەنگەکە کاتژمێر 2ـی دوای نیوەڕۆی رۆژی یەکشەممە 23/9/2018 لە گۆڕەپانی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی پارتی لە پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە، ساز دەکرێت.

عەتا شێخ حەسەن، وتەبێژی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی پارتی لە سلێمانی - هەڵەبجە، رایگەیاند: کەرنەڤاڵێکی جەماوەری فراوان بە ئامادەبوونی سەرجەم هەڤاڵ و هەوادارانی سەر بڵندی پارتی لە سنووری لقەکانی 4، 11، 12 و 21 لە سنووری ئەنجوومەنی سەرکردایەتی پارتی لە سلێمانی رێکدەخرێت.

لەبارەی ئامادەبوونی بەرپرسانی پارتی لەو کەرنەڤاڵە، گوتیشی: شاندی باڵای مەکتەبی سیاسی ئامادە دەبن و ئامادەکارییەکانیش بۆ ئەو مەبەستە تەواوکراوە.

بڕیارە رۆژی 30ـی ئەیلوولی 2018، هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوە بچێت و پارتی دیموكراتی كوردستان، لە سەرەتاوە جەختی لە ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە وادەی خۆی کردەوە، بە لیستی ژمارە 183 بەشداریی ئەو هەڵبژاردنە دەکات.