ئه‌نجامده‌ری هێرشه‌ چه‌كدارییه‌كه‌ی شاری ئه‌هوازی ئێران ئاشكرا كرا

له‌ هێرشه‌كه‌ 10 سه‌رباز كوژران و 21 كه‌سی دیكه‌ش برینداربوون

نوێكراوه‌ته‌وه‌ ..

گوته‌بێژی سوپای پاسدارانی ئێران، رایده‌گه‌ێنێت، ئه‌نجامده‌ری هێرشه‌كه‌ی سه‌ر رێوڕه‌سمه‌ سه‌ربازییه‌كه‌ی شاری ئه‌هواز، رێكخراوی ئه‌لئه‌حوازییه‌ بووه‌،به‌ پێی دوایین ئاماریش له‌ هێرشه‌كه‌ 10 سه‌رباز كوژران و 21 كه‌سی دیكه‌ش برینداربوون.

ره‌مه‌زان شه‌ریف، گوته‌بێژی سوپای پاسدارانی ئێران، به‌ ئاژانسی هه‌واڵی ISNAی رایگه‌یاندووه‌: ئه‌نجامده‌ری هێرشی سه‌ر رێوڕه‌سمه‌ سه‌ربازییه‌كه‌ی شاری ئه‌هواز كه‌ به‌بۆنه‌ی ساڵوه‌گه‌ڕی جه‌نگی ئێران-عێراقه‌وه‌ به‌ڕێوه‌ده‌چوو، رێكخراوی ئه‌لئه‌حوازییه‌ بووه‌.

ناوبراو بانگه‌شه‌ی ئه‌وه‌ی كرد كه‌ ئه‌و رێكخراوه‌ له‌لایه‌ن سعوودیه‌وه‌ پشتگیری ده‌كرێت.

به‌ره‌ی دیموكراتی گه‌لی ئه‌حواز كه‌ به‌ ئه‌لئه‌حوازییه‌ به‌ناوبانگه‌، به‌وه‌ ناسراوه‌ رێكخراوێكی جوداخوازه‌ و ده‌یه‌وێت ئیداره‌یه‌كی عه‌ره‌بی له‌ ناوچه‌ عه‌ره‌بنشینه‌كانی باشووری رۆژئاوای ئێران دابمه‌زرێنێت.‌

به‌ پێی دوایین ئاماریش له‌ هێرشه‌كه‌ 10 سه‌رباز كوژران و 21 كه‌سی دیكه‌ش برینداربوون.