رۆژی یەكشەممەى داهاتوو یەكەم رۆژی وەرزی پاییزە لە هەرێمی كوردستاندا

دیاردەی (هاوسەنگبوونی پاییزی – Autumnal Equinox) لە نیوەگۆی باكووردا دەبێت

پێوانە فەلەكییە هەرە وردەكانی تایبەت بە خولانەوەی زەوی بە دەوری تەوەری خۆی و خۆردا دەریدەخات كەوا رۆژی یەكشەممەی داهاتوو 2018.9.23 دیاردەی (هاوسەنگبوونی پاییزی – Autumnal Equinox) لە نیوەگۆی باكووردا دەبێت و لەو رۆژەدا تیشكی خۆر بەتەواوی ستوونی دەبێت لەسەر (هێڵی كەمەری زەوی)، هەر بۆیە ماوەی شەوو رۆژ لە هەردوو نیوەگۆی باكوورو باشووردا یەكسان دەبێت و ماوەی نێوان زەوی و خۆر نزیكەی 152 ملیۆن كیلۆمەتر دەبێ.
سەبارەت بە نیوەگۆی باكوور، بێگومان بە هەرێمی كوردستانەوە، ئەوا رۆژی یەكشەممە 9.23 كاتژمێر 04:54 ی ئێوارە، یەكەم رۆژی (وەرزی پاییز) لە رووی فەلەكییەوە دەست پێدەكات، بەڵام لە هەمان كاتدا، واتە لە 23 ی ئەم مانگە، یەكەم رۆژی (وەرزی بەهار)، واتە (یەكسانبوونی بەهاریی – Vernal Equinox) دەبێت بۆ دانیشتوانی نیوەگۆی باشووری زەوی، وە بە پێچەوانەوە، لە 21 ی ئاداری 2019 بۆ ئێمەی دانیشتوانی نیوەگۆی باكوور، یەكەم رۆژی (وەرزی بەهار) ە، واتە (یەكسانبوونی بەهاریی – Vernal Equinox) دەبێت و لە هەمان رۆژیشدا بۆ دانیشتوانی نیوەگۆی باشوور، یەكەم رۆژی (وەرزی پاییز) ە، واتە (هاوسەنگبوونی پاییزی – Autumnal Equinox) دەبێت.


سه‌رچاوه‌ - بەرێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی و بومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان
شوان عه‌زیز