په‌رله‌مانتارێكی ئێران: بۆ به‌رهه‌مهێنانی ئۆتۆمبێلی ئاست نزم 60 ساڵه‌ باج ده‌ده‌ین

ئه‌و ئۆتۆمبێلانه‌ به‌ خه‌ڵك ده‌فرۆشن كه‌ ستانده‌ره‌ پێویسته‌كانیان تیادا نییه‌

په‌رله‌مانتاری ئێران، سه‌یید عه‌لی ئه‌دیانی رایگه‌یاند كه‌ وڵاته‌كه‌ی ٦٠ ساڵه‌ ئۆتۆمبێلی ئاست نزم به‌رهه‌م ده‌هێنێت و به‌ مه‌به‌ستی پشتیوانی بۆ به‌رهه‌می خۆماڵی بێسوود باج له‌ خه‌ڵك وه‌رده‌گیرێت.

په‌رله‌مانتار سه‌یید عه‌لی ئه‌دیانی له‌ باره‌ی قه‌ده‌غه‌كردنی هاورده‌كردنی ئۆتۆمبێل بۆ ئێران گوتی: "بۆ به‌رهه‌مهێنانی ئۆتۆمبێلی ئاست نزم ٦٠ ساڵه‌ باج ده‌ده‌ین. ده‌بێت قه‌ده‌غه‌كردنی هاورده‌كردنی ئۆتۆمبێل ببێته‌ هۆی به‌رهه‌مهێنانی ئۆتۆمبێلی خۆماڵی.

 سه‌یید عه‌لی ئه‌دیانی به‌ ئاژانسی هه‌واڵی په‌رله‌مانی ئێرانی راگه‌یاندووه‌ كه‌ پێویسته‌ له‌ ئابووریدا له‌ بری هاورده‌كردن، سیاسه‌تێك له‌سه‌ر بنه‌مای هه‌نارده‌كردن بگیرێته‌ به‌ر و به‌مجۆره‌ خه‌ڵكی ئێران سوودمه‌ند ده‌بێت و پاره‌ی خۆیان له‌ باخه‌ڵیاندا ده‌مێنێته‌وه‌.

ناوبراو ره‌خنه‌ی له‌ كۆمپانیاكانی به‌رهه‌مهێنانی ئۆتۆمبێل له‌ وڵاته‌كه‌ی گرت و جه‌ختی له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ ئه‌و ئۆتۆمبێلانه‌ به‌ خه‌ڵك ده‌فرۆشن كه‌ ستانده‌ره‌ پێویسته‌كانیان تیادا نییه‌ و ئه‌مه‌ش زه‌ره‌ری گیانی و ماڵی لێده‌كه‌وێته‌وه‌.