نرخی یه‌ك به‌رمیل خاوی برێنت له‌ سه‌رووی 79 دۆلاره‌وه‌ مامه‌ڵه‌ی پێوه‌كرا

ئۆپێك نیازی نییه‌ به‌رھه‌مھێنان بۆ قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی نه‌وتی ئێران له‌ بازاڕه‌كاندا زیاد بكات

به‌ ھۆی لێدوانه‌كانی وڵاتانی به‌رھه‌مھێن كه‌ رایگه‌یاندبوو له‌وه‌ زیاتر نه‌وت ناخه‌نه‌ڕوو، نرخی یه‌ك به‌رمیل خاوی برێنت له‌ بازاڕه‌كاندا له‌ سه‌رووی ٧٩ دۆلار جێگیر بوو و مامه‌ڵه‌ی پێوه‌كرا.

دوێنێ سێشه‌ممه‌ ئاژانسی ھه‌واڵیی Bloomberg News ی ئه‌مریكی بڵاویكردبوویه‌وه‌ كه‌ سعوودیه‌ به‌ نرخی ئێستای نه‌وت رازییه‌، ھه‌روه‌ھا ئۆپێك نیازی نییه‌ به‌رھه‌مھێنان بۆ قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی نه‌وتی ئێران له‌ بازاڕه‌كاندا زیاد بكات.

له‌ كاتژمێر ٠٥:٤٨ خاوی برێنت له‌ بازاڕه‌كاندا به‌رزبوونه‌وه‌ی تۆماركرد و به‌ ٧٩ دۆلار و ١١ سه‌نت مامه‌ڵه‌ی پێوه‌كراوه‌.

ھه‌ر به‌ھه‌مان شێوه‌ نرخی خاوی ئه‌مریكی له‌ بازاڕه‌كاندا به‌رزبوویه‌وه‌ و به‌ ٦٩ دۆلار و ٧٠ سه‌نت مامه‌ڵه‌ی پێوه‌كراوه‌.