Erbil 15°C پێنجشەممە 28 ئازار 12:45

سەرۆک بارزانی: هیچ کەس و لایەنێک ناتوانێت ئەو تاوانانەی دەرهەق بەگەلەکەمان کران دووبارە بکاتەوە

سەرۆک بارزانی لەگەڵ کادیرانی دەزگەی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندن و ئۆرگانەکانی ڕاگەیاندنی پارتی کۆبۆوە
کوردستان TV
#6 #7
100%

سەرۆک بارزانی ڕایگەیاند لەگەڵ بەغدا لە لە گفتوگۆیەکی چڕداین بۆ ڕاستکردنەوەی پڕۆسەی سیاسی و بۆ ئەوەی عێراق بەتەواوی لە تاکڕەوی دوور بکەوێتەوە پێ لەسەر ئەوە دادەگرین تا ئەو کاتەی ئەنجوومەنی ئیتیحادی دروست دەبێت، پێویستە ئەنجوومەنێکی باڵای سیاسات و پلانی ستراتیژی دابمەزرێت تا بڕیارە گرینگەکان پێكەوە لە لایەن پێكهاتەكانی عێراقەوە لەو ئەنجوومەنەوە دەربچن و کوردیش تێیدا بەشدار بێت و چیتر تاكڕۆیی لە حوكمڕانی و پێشێلکاری دەستوور ڕوو نەدات و هیچ کەس و لایەنێک نەتوانێت ئەو تاوانانەی دەرهەق بەگەلەکەمان کران دووبارە بکاتەوە.

ئەو وتانەی سەرۆک بارزانی لە دیدارێکدا هات کە ڕۆژی شەممە 9ـی10ـی2018 لە سەلاحەدین لەگەڵ کادیرانی سەرجەم ئۆرگانەکانی سەربە دەزگای ڕۆشنبیریی و راگەیاندنی پارتی دیموکراتی کوردستان، بەڕێوەچوو.

لە دیدارەکەدا سەرۆک بارزانی ڕۆشنایی خستەسەر بڕیاری گەلی كوردستان لە ڕیفراندۆم و هەروەها ڕووداوەكانی دوای ڕیفراندۆم و پێشێلكارییە دەستوورییەكانی حكوومەتی عێراقی لەدژی گەلی كوردستان شی كردەوە.

هەروەها لەسەر دۆخی سیاسیی کوردستان و عێراق بەرچاوڕوونیی پێویستی دا و ئاماژەی بەوە کرد کە پارتی دیموكراتی كوردستان سەرباری بوونی گوشاری جۆراوجۆری ئابووری و سیاسی توانی دەنگی یەكەم لەسەر ئاستی كوردستان و عێراقدا مسۆگەر بكات.
 
سەرۆك بارزانی ئەوەشی خستەڕوو كە هاووڵاتیانی عێراق ئەو دەموچاو و كەسایەتییانەی سزا دا كە كرداری نادەستوورییان لەدژی خەڵكی كوردستان ئەنجامدا بوو.

سەرۆک بارزانی ئاماژەی بە دانوستانەکانی ئێستای نێوان لایەنەکان بۆ پێکهێنانی حکوومەتی عێراقی کرد و ڕایگەیاند ئێمە سێ بنەمامان داناوە و پێداگری دەکەین کە نابێ حوکمی تاکڕەوی هەبێت و بۆ ڕێگەرتن لەوەش پێویستە حکوومەت لەسەر سێ بنەمای شەراکەتی ڕاستەقینە، تەوافق و هاوسەنگی لەنێوان پێکهاتەکاندا دروست بکرێت و لەگەڵ لایەنە عێراقییەكاندا لەگفتوگۆیەکی جیدیشداین کە پێویستە ئەنجوومەنێکی باڵای سیاسات و پلانی ستراتیژی دابمەزرێت تا بڕیارە گرینگەکان لە لایەن پێكهاتەكانی عێراقەوە پێكەوە لەو ئەنجوومەنەوە دەربچن و کورد تێیدا بەشدار بێت بۆ ئەوەی  چیتر تاكڕۆیی لە حوكمڕانی و پێشێلکاری دەستوور ڕوو نەدات و هیچ کەس و لایەنێک نەتوانێت ئەو تاوانانەی دەرهەق بەگەلەکەمان کران دووبارە بکاتەوە.

لەبارەی هەڵبژاردنی کوردستانیشەوە سەرۆک بارزانی ڕایگەیاند کە پارتی دیموکراتی کوردستان بە شانازییەوە دەچێتە ناو ئەو هەڵبژاردنە و داوای لە کادیرانی پارتی کرد کە بەجۆش و خرۆشەوە خۆیان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئامادە بکەن، پێویستە بە زمانێکی بەرز بانگەشەی خۆیان بکەن و خۆیان لە تەشهیر و بەڵێنی گەورەی بێ کردەوە دوور بگرن.

باسی دەستکەوتەکانی پارتی بکەن و دەست بخەنە سەر کەموکوڕییەکانیش و جەختیشی كردەوە پشتیوان بە گەلەکەمان پارتی سەرکەوتنی گەورە وەدەست دەهێنێت و حکوومەتێکی بەهێز و تۆکمە دێتەکایەوە کە بتوانێ چاکسازیی ڕیشەیی بکات.

لە کۆتایی دیدارەکەشدا سەرۆک بارزانی وەڵامی سەرنج و تێبینییەکانی ئامادەبوانی دایەوە و بەرچاوڕوونی وئامۆژگاریی پێویستی خستەڕوو.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.