كۆمارییه‌كانى ئه‌مریكا داواى سه‌پاندنی سزاى تیرۆر ده‌كه‌ن بۆ سه‌ر میلیشیا چه‌كداره‌كانى عێراق

میلیشیا چه‌كداره‌كانى عێراق سه‌ر به‌ سوپاى پاسدارانى ئێرانن

به‌پێى هه‌واڵێكى ڕۆیته‌رز كۆمارییه‌كانى كۆنگرێسى ئه‌مریكا پڕۆژه‌ یاسایه‌كیان ئاماده‌كردووه‌ بۆ به‌ره‌نگاربووونه‌وه‌ى هه‌ژموونى ئێران له‌ عێراق و داوای سه‌پاندنى سزاى تیرۆر ده‌كه‌ن به‌سه‌ر گروپ و میلیشیا چه‌كداره‌كانى عێراق كه‌ سه‌ر به‌ سوپاى پاسدارانى ئێرانن.

كۆمارییه‌كانى ئه‌مریكا هه‌ر یه‌ك له‌ سیناتۆر ماركۆ ڕۆبیۆ و تێد كروز و ده‌یڤید پێدرۆ له‌ ژێر ناوى یاساى گه‌مارۆى بریكاره‌كانى ئێران له‌ عێراق پڕۆژه‌ یاسایه‌كیان پێشكه‌ش به‌ كۆنگرێس كردووه‌ تیایدا داوایان له‌ وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مریكا كردووه‌ لیستێك به‌ ناوى ئه‌و گروپه‌ چه‌كدارانه‌ پێشكه‌ش بكات كه‌ یارمه‌تى و پشتگیرى دارایى وه‌رده‌گرن له‌ سوپاى پاسدارانى ئێران تا سزابدرێن.

پڕۆژه‌ یاسایه‌كه‌ى كه‌ له‌لایه‌ن سیناتۆره‌ كومارییه‌كان ماركۆ ڕۆبیۆ و تێد كروز و ده‌یڤید پێدرۆ پێشكه‌ش كراوه‌ به‌ كۆنگرێسى ئه‌مریكا له‌لایه‌ن نوێنه‌رى كۆمارییه‌كان سیناتۆر تێد په‌و پشتگیرى كراوه‌. 

ئه‌ندامانى كۆنگرێس ده‌ستبه‌جێ هیچ په‌یمانێكیان نه‌داوه‌ له‌سه‌ر پڕۆژه‌كه‌ په‌سه‌ند بكرێت، به‌ڵام به‌شێوه‌یه‌كى ئاسایی وه‌ك هه‌نگاوێكى یه‌كه‌مه‌ به‌ره‌و بوون به‌ یاسا.

ئه‌مه‌ش دوابه‌دواى ئه‌وه‌ دێت كه‌ له‌ مانگى پێشوو ئێران مووشه‌كى بالیستى دابوو به‌ گروپه‌ چه‌كداره‌كان و میلیشیا عێراقییه‌كان و هه‌روه‌ها ئێران هه‌وڵى ئه‌وه‌ ده‌دات بنیاتنانى تواناكانى زیاتر بكات به‌ هاوكارى كردنى گرووپه‌ چه‌كداره‌كان ئه‌مه‌ش گرژى و تووڕه‌یی له‌ نێوان تاران و واشنتۆن زیاتر ده‌كات.

هاوكات له‌ میانه‌ى خۆپیشاندانه‌كانى شارى به‌سره‌ كونسوڵخانه‌ى ئه‌مریكا و بالیۆزخانه‌كه‌یان له‌ به‌غداد ڕووبه‌ڕووى توندتیژى بوونه‌وه‌ و ده‌سه‌ڵاتدارانى ئه‌مریكاش جه‌ختیان كرده‌وه‌ ئه‌و كاره‌ له‌لایه‌ن ئه‌و میلیشیا چه‌كدارانه‌ ئه‌نجامدراوه‌ كه‌ ئێران مه‌شق راهێنانیان پێكردوون. 

جێى ئاماژه‌یه‌ ئه‌مریكا هۆشدارى داوه‌ته‌ ئێران كه‌ " به‌خێرایى و به‌ زه‌برى" وه‌ڵام ده‌داته‌وه‌ بۆ هه‌ر هێرشێكی زیانبه‌خش كه‌ رووبدات بۆ سه‌ر به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانى له‌ عێراق له‌لایه‌ن هاوپه‌یمانه‌كانى ئێرانه‌وه‌ ببێت. 

 

ئاماده‌كردن و وه‌رگێڕان/ سیروان عه‌زیز