سه‌رچاوه‌یه‌ك هۆشداری ده‌دات له‌ جارێكی دیكه‌ی كه‌وتنه‌وه‌ی مووسڵ

كۆنترۆڵی شه‌وانه‌ی شاره‌كه‌ له‌ ده‌ست هێزه‌ ئه‌منییه‌كاندا نییه‌


سه‌رچاوه‌یه‌ك هۆشداری ده‌دات له‌ جارێكی دیكه‌ كه‌وتنه‌وه‌ی مووسڵ و ده‌ڵێت، كۆنترۆڵی شه‌وانه‌ی شاره‌كه‌ له‌ ده‌ست هێزه‌ ئه‌منییه‌كاندا نییه‌ و وابڕوات، داعش سه‌رهه‌ڵده‌داته‌وه‌.

پاش ئازادكردنیشی، دۆخی موسڵ لە رووی ئەمنییەوە هێشتا جێگیر نییە  و وەک شارەزایانی سەربازی ئاماژە ده‌ده‌ن، كه‌ شار له‌ ده‌ست شانە نووستووەکانی نێو شارەکەیه‌ نه‌ك هێزه‌ ئه‌منییه‌كان، زانیارییه‌كان ئاماژه‌ ده‌ده‌ن، كه‌ لە هەندێک گەڕەك و تایبه‌ت شەوان، شار به‌ ده‌ست داعشه‌وه‌یه‌.

شێروان دووبەردانی، كه‌ نوێنه‌ری ئه‌و پارێزگایه‌ له‌ ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای نه‌ینه‌وا، ئه‌وه‌ پشڕاست ده‌كاته‌وه‌، كه‌ ڕەوشی ئەمنیی مووسڵ بەرەو ئاقارێکی خراپ دەڕوات و، حکوومەتی عێراقیش به‌ کەمتەرخەم ناو ده‌بات.

ئه‌و به‌ ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوت: ''جیا له‌وه‌ی خەڵکی شارەکە پشتگوێ خراوان، ئه‌و هێزی جیا و زۆرانه‌ش كه‌ لە شارەکەدا هه‌ن، خەڵكێکی شارەکە بۆ نیازی خراپ بە کار دەهێننن.''

شێروان دووبەردانی جه‌خت ده‌كاته‌وه‌ له‌وه‌ی، كه‌ مووسڵ بە هۆی کێشەی زۆرەوە دەناڵێت و حکوومەتی عێراقیش هیچ بایه‌خ بە شارەکە نادات، ئه‌و دامودەزگا حكوومی و ئه‌منییه‌کانی مووسڵیش به‌ هۆکاری دروستبوونی ئەم ڕەوشە خراپە ناو ده‌بات.

ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدایه‌ كه‌ مێدیا عێراقییەکانیش دەڵێن، داعش لەو ناوچانە سەرهەڵدەدات کە حەشدی شەعبی لێی جێگیر بووە. له‌به‌ر ڕۆشنایی ئه‌و باره‌ مه‌ترسیداره‌ش ئه‌و نوێنه‌ره‌ی شار هۆشداری ده‌دات له‌وه‌ی، كه‌ حکوومەتی عێراق هەڵەی ڕابردوو دووباره‌ نه‌كاته‌وه‌ كه‌ كه‌وتنی مووسڵ بوو به‌ ده‌ست ڕێكخراوی داعشه‌وه‌ و، بە دەم داواکاریی خەڵکی مووسڵەوە بچێت و چی دیكه‌ چاوپۆشی له‌ نەبوونی خزمەتگوزارییەکان و سه‌قامگیریی ئه‌منی نه‌كات.