كالیفۆرنیا.. له‌ ڕووداوێكی ته‌قه‌كردندا 6 كه‌س كوژران

تەقەكەرەكە دواتر خۆی كوشتووه‌

به‌ پێى هه‌واڵێكى سى ئێن ئێنى ئه‌مریكى، له‌ ڕووداوێكى ته‌قه‌كردندا له‌ ویلایه‌تى كالیفۆرنیای سه‌ر به‌ ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانى ئه‌مریكا شه‌ش كه‌س كوژران.

دونى یه‌نگبلود به‌رپرسى پۆلیسى ناوچه‌ى كیرن سه‌ر به‌ ویلایه‌تى كالیفۆرنیا له‌ كۆنگره‌یه‌كى ڕۆژنامه‌وانى رایگه‌یاند: پیاوێكى نه‌ناسراو له‌ كۆمپانیایه‌كى گواستنه‌وه‌ له‌ به‌یكه‌رسفیلد سه‌ر به‌ ویلایه‌تى كالیفۆرنیا ته‌قه‌ى له‌ ئافره‌تێك و پیاوێك كرد .

دواى ئه‌وه‌ى ته‌قه‌ى له‌و دوو كه‌سه‌ كردووه‌ و كوژراون دواتر كه‌سێكی تر ده‌گاته‌ شوێنى ڕووداوه‌كه‌ و چه‌كداره‌كه‌ ئه‌ویش ده‌كوژێت و دواجار هه‌ڵدێت بۆ شوێنێكى دیكه‌ و نزیكى شوێنى ڕووداوه‌كه‌ له‌وێش ته‌قه‌ له‌ دوو كه‌س ده‌كات و هه‌ردووكیان ده‌ست به‌جێ ده‌مرن. 

چه‌كداره‌كه‌ دواى كوشتنى ئه‌و پێنج كه‌سه‌ ئۆتۆمبێلێك ده‌ڕفێنێت كه‌ ئافره‌تێك و منداڵێكى تیدا ده‌بێت به‌ره‌و هێلێكى خیرا ده‌ڕوات به‌ڵام خۆشبه‌ختانه‌ ئافره‌ته‌كه‌ و منداڵه‌كه‌ ده‌توانن به‌ سه‌لامه‌تى خۆیان ده‌رباز بكه‌ن، هاوكات پۆلیسێك ڕووبه‌رووى ده‌بێته‌وه‌ و چه‌كداره‌كه‌ رووى تفه‌نگه‌كه‌ ده‌كاته‌ خۆى و كۆتایى به‌ ژیانى دێنێت، به‌ڵام تا ئێستا نه‌زانراوه‌ هۆكاری رووداوه‌كه‌ چی بووه‌.

پۆلیسى كالیفۆرنیا له‌ ئێستادا له‌گه‌ڵ 30 شاهید حالى ڕووداوه‌كه‌ لێكۆڵینه‌وه‌ ده‌كه‌ن تا بزانن چه‌كداره‌كه‌ په‌یوه‌ندى به‌ كوژراوه‌كانه‌وه‌ چییه‌ و هۆكارى ڕووداوه‌كه‌ بۆ چى ده‌گه‌ڕێته‌وه‌.


ئاماده‌كردن و وه‌رگێڕان/ سیروان عه‌زیز