ناسنامه‌ی سێ دیله‌ پێشمه‌رگه‌كه‌ ئاشكرا ده‌بێت

له‌ گۆڕێكی به‌كۆمه‌ڵدا دوای چوار ساڵ

دوای ئه‌وه‌ی ئێواره‌ی دوێنێ له‌ ناوچه‌ی پیشه‌سازی قه‌زای حه‌وێجه‌ گۆڕێكی به‌ كۆمه‌ڵ له‌ لایه‌ن حه‌شدی شه‌عبییه‌وه‌ دۆزرایه‌وه‌، له‌ گیرفانی ئه‌و جل و به‌رگانه‌ی كه‌ له‌ ناو گۆڕه‌كه‌دا بوون 3 پێناسی پێشمه‌رگایه‌تی دۆزرانه‌وه‌، كه‌ ئه‌وه‌ش ده‌رخه‌ری ئه‌وه‌یه‌ گۆڕه‌ به‌ كۆمه‌ڵه‌كه‌ هی پۆلێك پێشمه‌رگه‌یه‌ كه‌ له‌ ده‌ستپێكی شه‌ڕی داعش به‌ دیل گیرابوون و دیار نه‌مابوون.

ناسنامه‌ی 3 پێشمه‌رگه‌ شه‌هیده‌كه‌ش  بریتین له‌:

1- نه‌قیب زیاد حه‌وێز ڕه‌شید كه‌ دانیشتووی ناحیه‌ی كه‌سنه‌زانی سه‌ر به‌ شاری هه‌ولێره‌ و ئه‌فسه‌ری فه‌وجی 4ـی لیوای 9ـی پیاده‌ له‌ساڵی 30/9/2014 له‌ گوندی (وه‌حده‌)ـی سه‌ر به‌قه‌زای داقوق ته‌رمه‌كه‌ی به‌شه‌هید كراوی كه‌وته‌ ده‌ست چه‌كدارانی داعش.

2-  ڕه‌جه‌ب حه‌سه‌ن شاهین هه‌ركی كه‌ ئه‌ویش به‌ هه‌مان شێوه‌ پێشمه‌رگه‌ی فه‌وجی 4ـی لیوای 9 ـی پیاده‌ ساڵی 30/9/2014 له‌گوندی (وه‌حده‌)ـی سه‌ر به‌ شاروچكه‌ی داقوق ته‌رمه‌كه‌ی به‌شه‌هید كراوی كه‌وته‌ ده‌ست چه‌كدارانی داعش.

3- هۆشه‌نگ عه‌بدولره‌حیم شاهین له‌دایكبووی ساڵی 1988 كه‌ پله‌ی نائیب عه‌ریفه‌ له‌ فه‌وجی 4ـی لیوای 9 ـی پیاده‌ ساڵی 30/9/2014 له‌گوندی (وه‌حده‌)ـی سه‌ر به‌ شاروچكه‌ی داقوق ته‌رمه‌كه‌ی به‌شه‌هید كراوی كه‌وته‌ ده‌ست چه‌كدارانی داعش.

شایه‌نی باسه‌ پێش نیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ ته‌رمی هه‌رسێك پێشمه‌رگه‌كه‌ گه‌ێندرایه‌وه‌ شاری كه‌ركوك و دوای پشكنینی پزیشكی ڕاده‌ستی كه‌س و كاره‌كانیان كرانه‌وه‌.