مەسروور بارزانی: پارتی بۆ ئه‌وه‌ هاتۆته‌ دامەزراندن بۆ بەرگری لە خاكی كوردستان

له‌ رێوره‌سمی ناساندنی كاندیدانی پارتی ژماره‌ 183 له‌ زاخۆ

مه‌سروور بارزانی ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ رێوڕه‌سمی بانگه‌شه‌كردنی لیستی 183 پارتی له‌ شارۆچكه‌ی زاخۆ، وتارێكی پێشكه‌شكرد و رایگه‌یاند: خیانەتكاران دەیانویست قەوارەی هەرێمی كوردستان نەمێنێت، بەڵام پارتی پیلانی خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەری شكست پێ هێنا.

ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممه‌ مەسروور بارزانی لە گوتارێكیدا لە زخۆ ڕای گەیاند، خەڵكی زاخۆ ڕۆڵی هەبووە لە بەرگری كردن لە كوردستان و دووپاتتان كردەوە كە پارتی ناكەوێ‌، بۆیە پێویستە جارێكی تر لە هەڵبژاردنی 30ی ئەیلوول پارتی سەربخەن و سەركەوتنێكی تر تۆمار بكەن.

ڕوونیشی كردەوە كە پیلانی زۆر هەبوو پارتی و ئیرادەی كورد بشكێنن، بەڵام خەڵكی كوردستان ڕێی نەدا ئەوە ڕووبدات و تا پارتی خاوەنی ئەو جەماوەرە بێت هەرگیز ناكەوێ‌، بۆیە داوا دەكەم لە هەڵبژاردنی داهاتوو كارێكی وا بكەن ئاڵای كوردستان و ئاڵای پارتی بەرز و بڵند بێت و كارێكی وا بكەن پارتی وەك حزبی سەركردە بمێنێتەوە.

مەسروور بارزانی هێمای بۆ ئەوە كرد ئەو ڕۆژەی پارتی هاتە دامەزراندن بۆ ئەوەبوو خزمەت بە خەڵكی كوردستان و بەرگری لە خاكی كوردستان بكات ئەوەیشمان بە كردار سەلماندووە كە بەوەفابووین بەرانبەر قوربانی و ئەوانەی بۆ پارتی خۆیان كردووەتە قوربانی.

هه‌ر له‌ رێوره‌سمه‌كه‌دا مەسروور بارزانی گوتی: ئامانجی پارتی ئەوە نییە باسی كەموكوری كەسی تر باس بكەین و ئێمە مێژووی خۆمان باس دەكەین، هەڵبژاردنی داهاتوو بۆ پارتی چارەنووسسازە و دەنگی ئێوە ئەو بڕیارە چارەنووسسازە دەدات و دەنگ بدەن بەو كەسانەی كە پارێزەری خوێنی شەهیدانن و بەرگری لەمافی خەڵك دەكەن.

راوێژکاری ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان و ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە ئاهەنگی بانگەشەی کاندیدانی پارتی دیموکراتی کوردستان لە زاخۆ، رای گەیاند: پارتی رکابەرایەتی هیچ حزبێک ناکات.

راوێژکاری ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان و ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، رای گەیاند: ”سوپاسی ئێوە دەکەم، لە هەڵبژاردنی پێشوو، واتان کرد پیلانی ناحەزان سەر نەگرێت، تا پارتی خاوەنی ئێوە بێت، هیچ کات ناکەوێ.

لەبەشێكی تری گوتارەكەیدا لەبەردەم خەڵكی زاخۆ گوتی، ئێوە سەلماندتان خاوەنی وەفا و بڕیاری خۆتانن و ئیرادەی ئێوە بەهیچ ناشكێت، بۆیە جارێكی تر ڕۆژی دەنگدان ڕوو لە سندووقەكان بكەن و دەنگی خۆتان بدەن و پێویستمان بەوەیە ڕێژەی بەشداری زۆر بێت، چونكە هێزی پارتی زیاتر دەبێ.

گوتیشی: حكوومەتێكی بەهێز و خزمەتگوزار بۆ داهاتوو بە دەنگی ئێوە دروست دەبێت و بە زۆربوونی ئەندامانی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان دروست دەبێت، پێویستە كەموكورتییەكانمان چاك بكەینەوە و دەنگی ئێوە چارەنووسی وڵات دیاری دەكات.

مەسروور بارزانی دووپاتی لەوە كردەوە كە خیانەتكاران دەیانویست قەوارەی هەرێمی كوردستان نەمێنێت، بەڵام پارتی پیلانی خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەری شكست پێ هێنا.

لیستی 183 پارتی له‌ شاری هه‌ولێر به‌ وتارێكی سه‌رۆك مه‌سعوود بارزانی ده‌ستی به‌ هه‌ڵمه‌تی بانگه‌شه‌كردن بۆ لیستی پارتی دیموكراتی كوردستان و بڕیاره‌ رۆژانی داهاتوو به‌ چالاكی و ئاهه‌نگی جۆراوجۆر بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژارن به‌رده‌وامی هه‌بێت.