مه‌سرور بارزانی: سه‌ركه‌وتنی پارتی سه‌ركه‌وتنی كوردستانه‌

به‌ ده‌نگی ئێوه‌ پارتی بوو به‌ حیزبی یه‌كه‌م له‌سه‌ر ئاستی عێراق

نیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ 13 ئه‌یلول، پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ پارێزگای دهۆك ده‌ستی به‌ بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژراردن بۆ لیستی 183ی حیزبه‌كه‌ی كرد.

له‌ژێر دروشمی "بونیادنانی كوردستانێكی به‌هێز"  له‌ كه‌رنه‌ڤاڵێكی جه‌ماوه‌ریدا له‌ شاری دهۆكی ڕه‌نگین پارتی دیموكراتی كوردستان ده‌ستی به‌ بانگه‌شه‌ بۆ لیستی 183 و كاندیده‌كانی له‌ سنووری پارێزگای دهۆك كرد.

له‌ كه‌رنه‌ڤاڵه‌كه‌دا مه‌سرور بارزانی وتارێكی پێشكه‌شی ئه‌ندام و لایه‌نگرانی دهۆك كرد و ڕایگه‌یاند: ئێمه‌ سوپاسی خوڵكی دهۆكی خۆشه‌ویست ده‌كه‌ین كه‌ وه‌ك چیایه‌كی سه‌ركێش له‌ پشتی سه‌ركه‌وتنه‌كانی پارتی بوون و پشتیوانی  هه‌میشه‌یی پارتی بوون.

ڕاشیگه‌یاند: ئیراده‌ی گه‌لی كوردستان كاتێ سه‌ركه‌وت كه‌ له‌ %93ی خه‌ڵكی كوردستان ده‌نگی به‌ سه‌ربه‌خۆبوونی كوردستان دا.

هه‌روه‌ها ڕاشیگه‌یاند: سه‌ركه‌وتنی پارتی سه‌ركه‌وتنی كوردستانه‌ چونكه‌ به‌ ده‌نگی ئێوه‌ پارتی سه‌ركه‌وتنی گه‌وره‌ی به‌ده‌ست هێنا و بوو به‌ حیزبی یه‌كه‌م له‌سه‌ر ئاستی عێراق.

ڕاشیگه‌یاند: په‌رله‌مانی داهاتوو ڕۆڵێكی گرینگ ده‌گێڕیًت له‌ پێشكه‌وتنی هه‌رێمی كوردستان و بیرو باوه‌ڕی ئێوه‌ش په‌رله‌مانی داهاتوو پێش ده‌خات.

له‌ درێژه‌ی وتاره‌كه‌یدا مه‌سرور بارزانی ڕایگه‌یاند: به‌ سه‌رۆكایه‌تی سه‌رۆك مه‌سعود بارزانی قۆناغه‌ سه‌خته‌كات تێده‌په‌ڕن .

گوتیشی:  له‌ ڕۆژی دامه‌زراندنییه‌وه‌ پارتی هه‌وڵی داوه‌ پارێزگاری له‌ مافه‌كانی گه‌لی كورد بكات و ئه‌ركی ئێمه‌شه‌ به‌رگری له‌ وڵات و نیشتیمان بكه‌ین.

هه‌روه‌ها گوتی: ئێمه‌ قه‌رزاری خوێنی شه‌هیدان و پێشمه‌رگه‌ قاره‌مانه‌كانی كوردستانین.