لە 23%ی دانیشتوانی هەرێم سەرچاوەی داراییان لە بواری كشتوكاڵییەوە دەستدەكەوێت

رووپێوی دانیشتووانی هەرێم راگەیەندرا

بەپێی ئامارێكی ناو راپۆرتی رووپێوی لە هەرێمی كوردستان، لەئێستادا رێژەی بێكاری 10.2%ە، هەروەها 87%ی خێزانەكان داهاتی مانگانەیان كەمترە لە یەك ملیۆن دینار و لە 23%ی دانیشتوانی هەرێمیش سەرچاوەی داراییان لە بواری كشتوكاڵییەوە دەستدەكەوێت.

ئەمڕۆ پێنجشەممە كۆنفرانسی روپێویكردنی دانیشتوانی هەرێمی كوردستان لە شاری هەولێر بەڕێوەچوو، عەلی سندی، وەزیری پلاندانانی هەرێم رایگەیاند، بەپێی رووپێوییەك كە لەماوەی رابردوودا ئەنجامدراوە دەركەوتووە لەسەدا 35ی هاوڵاتیانی هەرێم تەمەنیان لە 15 ساڵ كەمترە، و لەسەدا 61ی هاووڵاتیانیش تەمەنیان لە نێوان 15 بۆ 64 ساڵدایە.

كۆنفرانسی روپێویكردنی دانیشتوان كه‌ دەستەی ئاماری هەرێم و سندوقی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ كاروباری دانیشتوان و رێكخراوی نێودەوڵەتی كۆچ كۆنفرانسێكیان بۆ راگەیاندنی راپۆرتی رووپێوی دیمۆگرافی لە هەرێمی كوردستان ئەنجامدا، كە تێچوی كارەكان لەلایەن نەتەوە یەكگرتوەكانەوە دابینكراوە.

رووپێوی دیمۆگرافی لە هەرێمی کوردستان زانیاری گشتگیر لە بارەی دۆخی ئێستای دانیشتووان، داهات، خاوەنداریەتی خانوو، دەستی کار، کەرستەی ناوماڵ، خوێندەواری و ئاستی خوێندن دەخاتەڕوو. ئەم رووپێوە دیمۆگرافییە یەکێکە لە گەورەترین کارەکانی ئامارە کە لە ساڵی 1987 بەدواوە ئەنجام دراوە، زانیاری لەبارەی 12 هەزارو 699 خێزان کۆکردووەتەوە کە خێزانە نیشتەجێبووە هەمیشەییەکان و ئاوارەکان لە پارێزگاکانی هەولێر، دهۆک و سلێمانی گرتووەتەخۆ.

لە کۆنفرانسێکدا، وەزیری پلاندانان لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان، عەلی سندی گوتی: زانیارییەکانی ئەم رووپێوە بناغەیەکیان بۆ کارەکانی ئامار لە داهاتوودا داناوە و هاوکاری حکوومەت دەکەن بۆ پلاندانانی باشتر و دابەشکردنی سەرچاوەکان بە شێوەیەکی رێکتر.

عەلی سندی گوتی: بەپێی راپۆرتی رووپێوەکە، ژمارەی دانیشتووانی ھەرێمی کوردستان بریتییە لە پێنج ملیۆن و 755 ھەزار و 43 کەس، داتاکان بەگشتی ئەوە نیشان دەدەن کە قەبارەی هەر خێزانێک بە گشتی بریتییە لە 5.1 ئەندام.

عەلی سندی ئاماژەی بەوەشكرد، بەپێی ئامارەكان، لەئێستادا رێژەی بێكاری 10.2% وە و لە 87%ی خێزانەكانیش داهاتی مانگانەیان لە ملیۆنێك دینار كەمترە، هەروەك لە 23%ی دانیشتوانی هەرێمیش سەرچاوەی داراییان لە بواری كشتوكاڵییەوە دەستدەكەوێت.

لە راپۆڕتەکەدا هاتووە کە دانیشتووان بە شێوەیەکی گشتی لە رووی رەگەزەوە هاوسەنگ دەردەکەون و لە بەرامبەر هەر 100 پیاودا، 100 ئافرەت هەیە، لەگەڵ ئەمەشدا زۆرتربوونی مردنی پیاوان و کۆچکردن بۆ دەرەوەی وڵات لە گرووپی هەندێک تەمەندا دەرکەوتوون.

وەزیری پلاندانان ئاماژەی بەوەشکرد کە لە کۆتایی ئەمساڵ دوو رووپێوی دیکە لە بوارەکانی تەندروستی و خوێندن بڵاودەکرێنەوە و کۆی تێچووی پرۆسەکە لە لایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە دابینکراوە.