ئه‌مریكا هه‌ڵوێستی خۆی له‌سه‌ر په‌سه‌ندكردنی ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق راگه‌یاند

‌بە پێی دەستوری عێراق حکومەتى نوێ پێکبهێنرێت

باڵیۆزخانەى ئەمریکا لە عێراق پێشوازی لە پەسەندکردنى دەرئەنجامەکانى هەڵبژاردنی عێراق لەلایەن دادگای فیدراڵیەوە دەکات و ڕایگەیاند پێکهێنانی حکومەتى نوێی عێراقیش بابەتێکى تەواو ناوخۆی ئەو وڵاتەیە.

باڵیۆزخانەى ئەمریکا لە بەغدا لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە، دڵخۆشن بە پابەندبوونى سەرکردە و کەسە هەڵبژێردراوکان بە دەرئەنجامەکانەوە و داواکاریشن بە پێی دەستوری عێراق حکومەتى نوێ پێکبهێنرێت.

ئاماژەی بۆ ئەوەشکردووە پێکهێنانی حکومەتى نوێی عێراق بابەتێکى تەواو عێراقییە و دەبێت بە شێوەیەک بێت بەرژەوەندی و سەروەری عێراق بپارێزێت.

باڵیۆزخانەى ئەمریکا ڕاشیگەیاندووە، ئەمریکا بە پێی ڕێککەوتنى ستراتیجی لەگەڵ عێراق پشتگیری عێراقێکى سەربەخۆی خاوەن سەروەری دەکات.

ئەوەشی تیادا هاتووە، هیوادارین پێکهێنانی حکومەتى نوێی عێراق لەسەر بنەمای نەهێشتنى گەندەڵی و بنەبڕکردنى داعش و پاراستنى گەلی عێراق پێکبهێنرێت.

ئەمەش لەکاتێکدایە  دوێنێ دادگای باڵای فیدراڵی عێراق ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەی خولی چوارەمی پەسەندکرد و ناوی پەرلەمانتارە هەڵبژێردراوەکانی بە فەرمی ئاشکراکرد.