ناوه‌ڕۆكی كۆبوونه‌وه‌كه‌ی نێوان برێت مه‌كگۆرك و نوری مالیكی ئاشكرا بوو

به‌ پێی راگه‌یه‌نراوێكی نووسینگه‌كه‌ی

به‌ پێی راگه‌یه‌نراوێكی نووسینگه‌كه‌ی كه‌ وێنه‌یه‌كی ده‌ست میدیا عێراقییه‌كان كه‌وتووه‌، نوری مالیكی ، جێگری سه‌رۆككۆماری عێراق، پێشوازی له‌ برێت مه‌كگۆرك، نوێنه‌ری تایبه‌تی دۆناڵد تره‌مپ، سه‌رۆكی ئه‌مریكا كردووه‌.

له‌دیداره‌كه‌دا كه‌ دۆگلاس سیلیمان، باڵیۆزی ئه‌مریكا له‌ عێراق ئاماده‌ی بووه‌ ، باس له‌ پێشهاته‌ سیاسی و ئه‌منییه‌كانی عێراق و ناوچه‌كه‌ كراوه‌و جه‌خت له‌پته‌وكردنی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌ردوو وڵات كراوه‌ته‌وه‌.

هه‌ربه‌پێی راگه‌ینراوه‌كه‌، نوری مالكی به‌شانده‌ ئه‌مریكییه‌كه‌ی راگه‌یاندووه‌ كه‌ پڕۆژه‌ی زۆرینه‌ی سیاسی چاره‌سه‌رێكی گونجاوه‌ بۆ ده‌ربازبوون له‌ قه‌یرانه‌كانی سیاسی و ئه‌منی و ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تی.

هه‌روه‌ها راشیگه‌یاندووه‌ كه‌ پێكهێنانی حكومه‌تێكی به‌هێز له‌ توانایدایه‌ ئارامی و ئاسایش بپارێزێت و شكۆ بۆ ده‌وڵه‌ت بگه‌ڕێنێته‌وه‌.

هه‌روه‌ها مالكی ئاماژی بۆ ئه‌مه‌ش كردووه‌ كه‌ له‌گه‌ڵ نزیك بوونه‌وه‌ی په‌سندكردنی ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌كان له‌لایه‌ن دادگای فیدراڵه‌وه‌، هێزه‌ نیشتمانییه‌كان نزیك بوونه‌ته‌وه‌ له‌ پێكهێنانی هاوپه‌یمانه‌تییه‌كی گه‌وره‌.

ئاماده‌كردنی / رزگار