ئۆپۆزیسۆنی سووریا به‌ یارمه‌تیی توركیا سوپایه‌كی نه‌ته‌وه‌یی له‌ دژی ئه‌سه‌د پێكدێنن

به‌مدواییه‌ فه‌رمانێكی بۆ چوارچێوه‌دار كردنی ئه‌و سوپایه‌ راگه‌یاندووه‌

لایه‌نه‌ چه‌كداره‌كانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا له‌ هه‌وڵدان تا به‌ یارمه‌تیی حكومه‌تی توركیا سوپایه‌كی نه‌ته‌وه‌یی له‌ دژی به‌شار ئه‌سه‌د پێكبێنن تا ئه‌و سوپایه‌ رێگه‌ له‌ زاڵبوونه‌وه‌ی دووباره‌ی به‌شار ئه‌سه‌د به‌سه‌ر ناوچه‌كانی باكووری رۆژئاوای ئه‌م وڵاته‌دا بگرێت. ئه‌م پلانه‌ له‌كاتێكدایه‌ كه‌ حكومه‌تی به‌شار ئه‌سه‌د رایگه‌یاندووه‌ هه‌نگاوی دواتریان هێرشه‌ بۆسه‌ر ئیدلب به‌ مه‌به‌ستی وه‌رگرتنه‌وه‌ی ئه‌م ناوچه‌یه‌ له‌ده‌ست هێزه‌كانی ئۆپۆزیسیۆن.

هه‌ڵبه‌ت ئه‌و سوپایه‌ به‌ مه‌رجێك درووست ده‌بێت كه‌ لایه‌نه‌كانی ئۆپۆزیسۆن ناكۆكییه‌كانی ناوخۆیان وه‌لانێن. له‌مباره‌یه‌شه‌وه‌ هه‌یسه‌م عه‌فیسی كه‌ یه‌كێك له‌ فه‌رمانده‌كانی لایه‌نه‌ ئۆپۆزیسۆنه‌كانی سووریایه‌، پێیوایه‌ جیاوازیی ئه‌و سوپا نه‌ته‌وه‌ییه‌ له‌وه‌دایه‌ كه‌ توركیا تیایدا به‌شداره‌ و هه‌ڵبه‌ت پێكهێنانی سوپایه‌كی له‌مچه‌شنه‌ كه‌ 35 هه‌زار سه‌رباز له‌خۆ ده‌گرێت كارێكی ئاسان نییه‌.

ئه‌و فه‌رمانده‌یه‌ به‌مدواییه‌ فه‌رمانێكی بۆ چوارچێوه‌دار كردنی ئه‌و سوپایه‌ راگه‌یاندووه‌ كه‌ سوپاكه‌ والێده‌كات خۆیان له‌ ته‌قه‌كردنی بێ ئامانج بپارێزن، جلی یه‌كده‌ست و یه‌كگرتوو بپۆشن و ناكۆكیی له‌گه‌ڵ پۆلیسی بێلایه‌نی سه‌ربازیی درووست نه‌كه‌ن و زیندان و دادگای تایبه‌تیی و ده‌ستگیركردنی هه‌ڕه‌مه‌كیی ئه‌نجام نه‌ده‌ن.

گرنگی ناوچه‌كانی ئیدلب و عه‌فرین و به‌شداریی له‌ پێكهێنانی ئه‌و سوپایه‌دا بۆ توركیا ئه‌وه‌یه‌ كه‌ بوونی شه‌ڕڤانانی هێزه‌كانی پاراستنی گه‌ل له‌م ناوچانه‌ به‌ مه‌ترسییه‌ك بۆسه‌ر ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی خۆی ده‌زانێت و به‌ پێكهاتنی ئه‌و سوپایه‌ پێیوایه‌ ئه‌گه‌ری هه‌یه‌ بتوانێ كۆنتڕۆڵی زیاتری به‌سه‌ر ئه‌واندا هه‌بێت.

سه‌رچاوه‌ / رادیۆ فه‌ڕه‌نسا
مه‌سعود / كوردستان تیڤی