شه‌ڕی 7 ساڵه‌ی سوریا 388 ملیار دۆلار زیانی دارایی به‌ر ئه‌و وڵاته‌ گه‌یاندووه‌

رێكخراوێكی سه‌ر به‌ نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان زيانەكان ئاشكرا دەكات

رێكخراوێكی سه‌ر به‌ نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان ئاشكرای ده‌كات له‌ ماوه‌ی شه‌ڕی نێوخۆی سووریا كه‌ حه‌وت ساڵه‌ به‌رده‌وامه‌ ئه‌و وڵاته‌ نزیكه‌ی 388 ملیارد دۆلار زیانی به‌ركه‌وتووه‌. 

ئاژانسی ئاسۆشیتد پرێس به‌ پشت به‌ستن به‌ ئاماره‌كانی كۆمسیۆنی ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تی رێكخراوی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بۆ رۆژئاوای ئاسیا زیانه‌ ماددیه‌كانی جه‌نگی له‌وانه‌ش، وێرانبوونی خانوو و باڵاخانه‌كان و جاده‌وبان و پڕۆژه‌كانی گه‌وره‌ی وه‌ك ژێرخانی ئابووری، به‌ نزیكه‌ی 320 ملیار دۆلار خه‌مڵاندووه‌. 

به‌ پێی ئه‌و دامه‌زراوه‌ نێوده‌وڵه‌تیانه‌، ئه‌و تێچوویانه‌ی كه‌ به‌هۆی جه‌نگ به‌ كه‌رتی به‌رهه‌مهێنان كه‌وتووه‌ یاخود به‌ر به‌رهه‌مهێنانی گشتی ئه‌و وڵاته‌ كه‌وتووه‌ به‌ 268 ملیار دۆلار ده‌خه‌مڵێندرێت. 

كۆمسیۆنی ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تی رێكخراوی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بۆ رۆژئاوای ئاسیا ئه‌م بابه‌ته‌ی له‌ كۆنفرانسی تایبه‌ت به‌ پرسی ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی سووریا خسته‌ڕوو كه‌ له‌ به‌یروتی پایته‌ختی لوبنان و بۆ ماوه‌ی دوورۆژ به‌ڕێوه‌ده‌چێت و تێدا ژماره‌یه‌كی به‌رچاو له‌ شاره‌زایانی نێوده‌وڵه‌تی به‌شدارن. 

چاودێرانی ره‌وشی سووریا رایده‌گه‌ینن كه‌ له‌ میانی جه‌نگی نێوخۆی سووریا كه‌ حه‌وت ساڵه‌ به‌رده‌وامه‌ لانیكه‌م 400 هه‌زار كه‌س كوژران و زیاتر له‌ 11 ملیۆن كه‌سی دیكه‌ش ئاواره‌ و كۆچبه‌ر بوون كه‌ ئه‌مه‌ش نزیكه‌ له‌ نیوه‌ی ژماره‌ی دانیشتوانی سووریا.