پرۆفیسۆر كۆچه‌ر بیركار په‌یامێك ئاڕاسته‌ی گه‌لی كورد و بنه‌ماڵه‌كه‌ی ده‌كات

کۆچەر بیرکار توانی خەڵاتی فێلدز به‌ده‌ست بێنێت كه‌ به‌ خه‌ڵاتی نۆبڵی بیرکاری ناسراوه‌

پرۆفیسۆر كۆچه‌ر بیركار له‌ هه‌ژماری تایبه‌تی خۆی له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبووك په‌یامێك ئاڕاسته‌ی گه‌لی كورد كرد و رایگه‌یاند: سوپاسی هه‌موو ئه‌و كه‌سانه‌ ده‌كه‌م كه‌ له‌ ماوه‌ی رۆژانی رابردوودا خۆشحاڵی خۆیان ده‌ربڕیوه‌ له‌به‌رامبه‌ر وه‌رگرتنی خه‌ڵاته‌كه‌م‌‌. 

هه‌روه‌ها سوپاس و رێز و خۆشه‌ویستی خۆی بۆ خه‌ڵكی كوردستان و كه‌سایه‌تییه‌كان ده‌نێرێت و ئاشكرای ده‌كات كه‌ زۆر كه‌سایه‌تی زانستی و رۆشنبیری و سیاسی و هونه‌ری و كۆمه‌ڵایه‌تی هه‌بوون خۆشحاڵی خۆیان بۆ وه‌رگرتنی ئه‌و خه‌ڵاته‌ جیهانییه‌ ده‌ربڕیووه‌. 

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی په‌یامه‌كه‌یدا كۆچه‌ر بیركار، سوپاسی بنه‌ماڵه‌كه‌ی و دایك بو باوك و مامۆستا و هاورێ و هاوكارانی ده‌كات، كه‌ پاڵپشت و هاوكاری بوون و به‌جۆرێك یارمه‌تیان داوه‌. 

جێی ئاماژه‌یه‌ لە سەرەتای ئەم مانگە، کۆچەر بیرکار توانی خەڵاتی فێلدز به‌ده‌ست بێنێت كه‌ به‌ خه‌ڵاتی نۆبڵی بیرکاری ناسراوه‌ و له‌ میانی وه‌رگرتنی خه‌ڵاته‌كه‌ له‌ گوته‌یه‌كدا‌‌ رایگه‌یاند: هیوادارم وه‌رگرتنی ئه‌م خەڵاتەکە بزەیەک بخاتە نێو دڵی 40 ملیۆن کورد. 

دوای ئه‌و لێدوانه‌ش سه‌رۆك بارزانی له‌ په‌یامێكدا كه‌ ئاڕاسته‌ی پرۆفیسۆر بیركاری كرد، رایگه‌یاند: من یەکێکم لەو 40 ملیۆن کوردەی كه‌ زۆر بەو سەرکەوتنەتان خۆشحاڵم و شانازییتان پێوە دەکەم.