نوێنەری سیستانی: پێویستە دەسەڵاتداران هەست بە بەرپرسیاریه‌تی بکەن

شێخ مه‌هدى كه‌ربه‌لایی، نوێنەری عەلی سیستانی

ئەمڕۆ هه‌ینى ١٠ی ئابی ٢٠١٨ شێخ مه‌هدى كه‌ربه‌لایی، نوێنەری عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای دینی لە عێراق له‌ ووتارى هه‌ینیدا رایگەیاند" پێویستە دەسەڵاتداران هەست بە بەرپرسیارێتی بکەن و داواشیکرد کۆمەڵگە رۆڵی خۆی بگێڕێت لە چاودێریکردن و لێپرسینەوە.
 
نوێنەرەکەی سیستانی لە وتاری نوێژی هەینیدا لە کەربەلا وتی" دەبێت دەسەڵاتدار بەرپرسی جێبەجێکردنی ئەرکەکانی بێت و هەست بە بەرپرسیارێتییەکی بەرز بکات و کەمتەرخەم نەبێت لە ئەرکەکانیدا و چاوەڕێی کەسانی دیکە نەکات ئەرکەکانی ئەم بەجێبێنن".

وتیشی" دەبێت دەسەڵاتداران پابەندی ئەو بەڵێنانە بن کە بە گەلەکەیانی دەدەن و رێز لە کەرامەتی گەلەکەیان بگرن و نەهێڵن ئازاریان پێبگات".

ئەوەشی وت" هەموو کەسێک لە هەر پێگەیەکدا بێت بەرپرسیارە بەرامبەر ئەرکەکەی بەڵام ئەرکی دەسەڵاتدار زیاترە و دەبێت هەستی بەرپرسیارێتی لە هەمووان زیاتر بێت".