سه‌در: ئه‌گه‌ر مه‌رجه‌كانمان جێبه‌جێ نه‌كرێن ده‌بینه‌ ئۆپۆزیسیۆنی سیاسیی و نه‌ته‌وه‌یی بنیاتنه‌ر

داوای له‌ فڕاكسیۆنه‌كانی ‌دیكه ‌كرد بچنه‌ڕیزی ئه‌و فڕاكسیۆنه ‌ئۆپۆزسیۆنه‌وه‌ كه ‌پێكی ده‌هێنێت

موقته‌دا سه‌در سه‌رۆكی ڕه‌وتی سه‌در له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا فڕاكسیۆنه‌ سیاسییه‌كانی له‌ پابه‌ندبوون به‌ 40 مه‌رجه‌كه‌یه‌وه‌ ئاگادار كرده‌وه‌ كه‌ بۆ پێكهێنانی حكوومه‌تی نوێ دایناون. 

سه‌در له‌ به‌یاننامه‌كه‌دا ئاماژه‌ی به‌وه ‌كردووه‌ ئه‌گه‌ر مه‌رجه‌كانی جێبه‌جێ نه‌كرێن ئه‌و كات له‌پشك پشكانی و به‌شكردنی تاڵانییه‌كانیاندا به‌شداری ناكات، ڕوونیشی كردووه‌ته‌وه‌ كه ‌ئه‌و كات ڕێگه‌ی ئۆپۆزسیۆنی سیاسی و میللی بنیاتنه‌رانه‌ ده‌گرێته‌به‌ر. 

هاوكات داوای له‌ فڕاكسیۆنه‌كانی ‌دیكه ‌كرد كه‌ به‌نیشتمانپه‌روه‌ر ناوی هێناون بچنه‌ڕیزی ئه‌و فڕاكسیۆنه ‌ئۆپۆزسیۆنه‌وه‌ كه ‌به‌ناوی فڕاكسیۆنی ڕزگاركردنی نیشتمان پێكی ده‌هێنێت. 

سه‌در ماوه‌یه‌كیشی بۆ ئه‌و هه‌نگاوه‌ داناوه‌ له‌گه‌ڵ ته‌واوبوونی به‌ده‌ست ژماردنه‌وه‌ی ده‌نگه‌كاندا كۆتایی دێت تا مه‌رجه‌كانی به‌دی بهێنرێن، ئه‌گه‌ر نا لیستی سائیروون بڕیاری خۆی ده‌دات و ده‌بێته ‌ئۆپۆزسیۆن.