ئه‌مرۆ هه‌ینى جارێكى تر خۆپیشاندان له‌ به‌غدا و چه‌ند پارێزگایه‌كی‌ تر به‌رێوه‌چوو

داوایانكرد په‌له‌ بكرێت له‌پێكهێنانی‌ حكومه‌تی‌ عێراق

ئه‌مرۆ هه‌ینى جارێكى تر خۆپیشاندانه‌كانی‌ ناڕه‌زایی له‌ به‌غدای‌ پایته‌خت و چه‌ند پارێزگایه‌كی‌ ناوه‌ڕاست و خوارووی‌ عێراق سه‌ریهه‌ڵدایه‌وه‌و  داوای باشكردنی‌ خزمه‌تگوزارییه‌كان و دابینكردنی‌ هه‌لی‌ كاریان كرد. 

سه‌ره‌ڕای‌ كۆتاییهاتنی‌ جیاكردنه‌وه‌ی‌ ده‌ستی‌ ده‌نگه‌كانی‌ هه‌ڵبژاردنه‌ په‌رله‌مانیه‌كه‌ی‌ ئایاری‌ ڕابردوو، خۆپیشاندانی‌ ناڕه‌زایی له‌ به‌غدای‌ پایته‌خت و چه‌ند پارێزگایه‌كی‌ ناوه‌ڕاست و خوارووی‌ عێراق ده‌ستیپێكرده‌وه‌.

خۆپیشانده‌ران وێڕای‌ داواكاری‌ بۆ باشكردنی‌ خزمه‌تگوزارییه‌كان و دابینكردنی‌ هه‌لی‌ كار داواشیانكرد په‌له‌ بكرێت له‌پێكهێنانی‌ حكومه‌تی‌ داهاتووی‌ عێراق، ئه‌مه‌ش دوای‌ چه‌ند كاتژمێرێك له‌ڕاگه‌یاندنی‌ ئه‌نجامی‌ جیاكردنه‌وه‌ی‌ ده‌ستی‌ ده‌نگه‌كان له‌لایه‌ن كۆمسیۆنه‌وه‌.

پێشتر خۆپیشانده‌رانی‌ پارێزگاكانی‌ به‌سره‌ و زیقارو نه‌جه‌ف و دیوانیه‌و كه‌ربه‌لاو بابل" بڕیاری ئه‌نجامدانی‌ خۆپیشاندانیان دابوو له‌به‌رده‌م ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگاكانی‌ ئه‌و شارانه‌، به‌ڵام هێزه‌ ئه‌منیه‌كان ڕێوشوێنی‌ ئه‌منی‌ توندیان گرتۆته‌به‌رو سه‌رجه‌م ڕێگاكانی‌ ناوچه‌كانی‌ خۆپیشاندانیان داخستووه‌.