ڕۆژنامه‌ی قودسی عه‌ره‌بی: داعش له‌ چه‌ند ناوچه‌یه‌كی عێراق‌ سه‌ری هه‌ڵداوه‌ته‌وه‌

ده‌ستی كردۆته‌وه‌ به‌ كرده‌ی تیرۆریستی و ڕفاندن و كوشتن

ڕۆژنامه‌ی قودسی عه‌ره‌بی له‌ ڕاپۆرتێكی ئه‌مڕۆیدا بڵاویكردۆته‌وه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی ماوه‌ی چه‌ند مانگێكه‌ ده‌سه‌ڵاتدارانی عێراق ڕایانگه‌یاندبوو ڕێكخراوی ده‌وڵه‌تی ئیسلامی ناسراو به‌ داعش له‌ عێراق كۆتایی پێهاتووه‌ به‌ڵام له‌ئێستادا له‌ چه‌ند ناوچه‌یه‌كی پارێزگای دیاله‌ و كه‌ركووك و سه‌ڵاحه‌دین سه‌ریهه‌ڵداوه‌ته‌وه‌ و ده‌ستی كردۆته‌وه‌ به‌ كرده‌ی تیرۆریستی و ڕفاندن و كوشتن. 

هه‌ر له‌ ڕاپۆرته‌كه‌ی قودسی عه‌ره‌بیدا هاتووه‌ كه‌ له‌ سه‌رچاوه‌ ئه‌منییه‌كانی عێراق به‌ ده‌ستیان گه‌یشتووه‌ له‌گه‌ڵ ئۆپه‌راسیۆنه‌ به‌رده‌وامه‌كانی هێزه‌ هاوبه‌شه‌كانی عێراق بۆ سه‌ر شانه‌ نووستووه‌كانی داعش له‌ چه‌ند ناوچه‌یه‌كی پارێزگای دیاله‌ كار و چالاكی ئه‌و ڕێكخراوه‌ تیرۆریستییه‌ به‌ره‌و هه‌ڵكشان چووه‌ و هێرشه‌كانیان بۆ سه‌ر بنكه‌ سه‌ربازییه‌كان زیاتر كردووه‌ له‌ عێراق. 

هه‌ر به‌پێی ڕاپۆرتی ئه‌و ڕۆژنامه‌یه‌ چه‌كدارانی داعش له‌ ناوچه‌ كشتوكاڵییه‌كان و چیای حه‌مرین و هه‌ندێك شاری سه‌ر به‌ پارێزگای دیاله‌ درێژه‌ به‌ كاروچالاكییه‌كانیان ده‌ده‌ن، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی كه‌ ئۆپه‌ڕاسیۆنی سه‌ربازی به‌رده‌وامه‌ له‌ دژی تیرۆریستانی داعش به‌ڵام تاوه‌كو ئێستا مه‌ترسین بۆ سه‌ر ناوچه‌ سنوورییه‌كان و پارێزگای كه‌ركوك و سه‌ڵاحه‌ین و دیاله‌.