له‌ كرماشان یارسانه‌كان جه‌ژنێكی تایبه‌ت ئه‌نجامده‌ده‌ن

یه‌كێكه‌ لە جەژنە دێرین و کۆمەڵایەتییەکانی پێڕەوانی ئایینی یارسان

له‌ چه‌ند رۆژی رابردوودا و له‌ رێوره‌سمێكی پڕ شكۆدا ، له‌ یه‌كێك له‌ گونده‌كانی شاری كرماشان له‌ رۆژهه‌ڵاتی كوردستان ، جه‌ژنی چله‌ی هاوین ، واته‌ دابه‌زینی پله‌ی گه‌رما به‌رێوه‌چوو .

ساڵانه‌ بۆ ماوه‌ی 3 رۆژ له‌ چله‌ی هاویندا كاتێك پله‌كانی گه‌رما داده‌به‌زێت له‌ وه‌رزی پێگه‌یشتنی به‌رهه‌مه‌ كشتووكاڵیه‌كاندا  ئه‌و رێوره‌سمه‌ ئه‌نجامده‌درێت ، ئه‌م جه‌ژنه‌ یه‌كێكه‌   لە جەژنە دێرین و کۆمەڵایەتییەکانی پێڕەوانی ئایینی یارسان ، بۆ ئه‌مساڵ جه‌ژنه‌كه‌ لە گوندی زەردوویی سەر بە پاوە لە پارێزگای کرماشان بەڕێوە چوو .

بەریوەبەری ڕێوڕەسمی چلەی هاوینەی یارسانەکان لە گوندی زەردوویی " فەریبورز عەزیزی "  ئاشكرایده‌كات ، خەڵکی گوندی زەردوویی هەر ساڵە ڕێکەوتی 2 هەتا 2018/8/4 ڕێوڕەسمی دێرین و کەونارای "چلەی هاوین" لەناو باخەکانی دەرەوەی گوند بەڕێوە دەبەن و بەرهەمە کشتوکاڵییەکانی خۆیان لەناو چەندین سەلە و تەبەق کۆ دەکەنەوە و پاشان یەکێک لە گەورەکانی گوند بەنێو خەڵدا دابەشی دەکا .

عه‌زیزی وتیشی  ڕێوڕەسمی دروستکردنی داهۆڵ و بردنی بۆ ناو مەزرا و ڕەز و باخەکان باوەڕێکی دێرینە و ئەگەر ئەو ساڵە بەرهەم باش بێت، داهۆڵەکان لەناو ئاو دەخەن و ئەگەریش ئەو ساڵە بەرهەمی ڕەز و باخیان کەم بووبێت، داهۆڵەکە دەسووتێن .

جێی باسه‌ ، گوندی زه‌ردوویی سەر بە شاری پاوەیە کە ساڵانە تێیدا چەند جەژنێکی کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی وەک جەژنی هەنار بەڕێوە چووە .