سالیادى ئەنفالكردنی بارزانییەكان بەرز ڕادەگیرێت

7/31 رۆژی ئەنفالكردنی بارزانییەكانە

بەڕێوەبەری شەهیدان و ئەنفالكراوانی بارزان رایگەیاند، 31/7 كە رۆژی ئەنفالكردنی بارزانییەكانە، لەسەر گۆڕی ئەنفالەكان ئەو رۆژە بەرز رادەگیرێت.

بەر لە 35 ساڵ، لە كۆمەڵگەكانی هەریر و قوشتەپە و دیانا 8000 هەزار بارزانی دەستگیر كران و ڕاگواستران بۆ خوارووی عێراق و لە چەند گۆڕێكی بە كۆمەڵدا زیندەبەچاڵ كران، تا ئێستایش رووفاتی 600 كەس دۆزراونەتەوە و گەڕێنراونەتەوە بۆ زێدی باب و باپیران لە بارزان، هەروەها بەشێكی زۆر لە كەسوكاری ئەنفالكراوەكان هێشتا چاوەڕوانی گەڕاندنەوەی رووفاتی كەسوكاریانن بۆ باوەشی نیشتمان و هەموویشیان هیواخوازن حكوومەتی عێراق مافەكانیان دەستەبەر بكات.

ئەنفالی خەڵكی كوردستان لەلایەن رژێمی رووخاوی سەددام حوسێنەوە، لە ساڵی 1983 دەست پێدەكات، كە ئەو كات 8 هەزار پیاوی بارزانی بێسەروشوێن كران، كە ئەمە دەستپێكی شاڵاوێكی گەورەتری حزبی بەعس بوو كە بۆ لەناو بردن و قڕكردنی نەتەوەیەك دەستی پێكرد، كە لە ئەنجامی ئەو شاڵاوەدا زیاتر لە 182 هەزار كورد بوونە قوربانی.

ڕێبوار ڕەمەزان، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی شەهید و ئەنفالكراوانی بارزان، بۆ ماڵپەڕی فەرمی پارتیی دیموكراتی كوردستان، گوتی: "وەكو هەر ساڵ لە 31/7 بەڕێوەبەرایەتیی شەهید و ئەنفالكراوانی بارزان بە هاوكاریی دامودەزگاكانی دیكە لە سنووری قەزای مێرگەسۆر و وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالكراوان لە گۆڕستانی ئەنفالی بارزانییەكان لەسەر ئاستێكی بەرز ئەو یادە بەرز رادەگرێت، خەڵكی هەموو ناوچەكانی كوردستان و بەرپرسانی حزبی و حكووومی و بەرپرسی كونسووڵخانەكان ئامادە دەبن و تاجەگوڵینە دادەنێن بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاكی شەهیدان و ئەنفالكراوان".

ڕەمەزان گوتیشی: "لەو رۆژەدا كە 31/7ـە، كۆمەڵێك چالاكیی جۆراوجۆر ئەنجام دەدرێن، لەگەڵ گەیاندنی پەیامی كەسوكاری ئەنفالكراوان، كە یەكڕیزی و سەربەخۆیی كوردستانە".