له‌ شارێكی هه‌رێمی كوردستان گه‌نجێكی 23 ساڵان به‌ بێ مه‌مكه‌ مژه‌ خه‌وی لێناكه‌وێت

هه‌ر نیگه‌رانی و خه‌مێكى هه‌بێت به‌ مژینی مه‌مكه‌ مژه‌كه‌ ده‌ڕه‌وێته‌وه‌

(ئ، س، ك) ناوی ئه‌و كوره‌ گه‌نجه‌یه‌ كه‌ له‌ دایكبووی ساڵی 1995 و ده‌رچووی به‌شی زانستی كیمیایه‌ له‌ زانكۆی سلێمانی و له‌ یه‌كێك

له‌ شاره‌كانی سه‌ر سنووری هه‌رێمی كوردستان ده‌ژیت، ناوبراو له‌ منداڵییه‌وه‌ خوی به‌ مژینی مه‌مكه‌مژه‌ی منداڵانه‌وه‌ گرتووه‌ و بێ بوونی مه‌مكه‌مژه‌ خه‌وی لێنه‌كه‌وتووه‌ و تا ئێستاش ئه‌و خووه‌ له‌گه‌ڵی ماوه‌ته‌وه‌.

ئه‌و گه‌نجه‌ له‌ لێدوانێكیدا بۆ ماڵپه‌ڕی ده‌زگای سه‌ته‌لایتی كوردستان ڕایگه‌یاند: نیگه‌رانم له‌وه‌ی مژینی مه‌مكه‌مژه‌ی منداڵان بۆم بووه‌ به‌خوو و ناتوانم وازی لێبێنم و ناشتوانم بێ ئه‌و بخه‌وم.

ڕاشیگه‌یاند: هاوڕێ نزیكه‌كانم و ئه‌وانه‌ی كه‌ له‌ به‌شه‌ ناوخۆیی بوون له‌گه‌ڵم له‌و خووه‌ی من ئاگادارن و جار جار بۆ ئه‌وه‌ی من توڕه‌ بكه‌ن مه‌مكه‌مژه‌كه‌یان لێده‌شاردمه‌وه‌ و داوایان ده‌كرد وازی لێبێنم، به‌ڵام بێسوود بووه‌ چونكه‌ شه‌و هه‌بووه‌ تا به‌یانی نه‌متوانیوه‌ بخه‌وم به‌ هۆی ئه‌وه‌ی مه‌مكه‌مژه‌كه‌م لا نه‌بووه‌، یاوه‌خود لێم بزر بووه‌.

گوتیشی: خانه‌واده‌كه‌م پێمده‌ڵێن مادام تۆ ئاوا ئاسووده‌ی كه‌وایه‌ به‌كاری بهێنه‌، هه‌رچه‌نده‌ تا پۆلی 12ی ئاماده‌یی دایكم و باوكم به‌ به‌رده‌وامی سه‌ركۆنه‌یان ده‌كردم و پێیان ده‌وتم تۆ پیاوێكی گه‌وره‌و ته‌واوی كه‌وایه‌ واز له‌ مژینی مه‌مكه‌مژه‌ی منداڵان بهێنه‌، دواتر كه‌ زانیان من ناتوانی بێ ئه‌و بم پێیان وتم هه‌رچۆنێك ئاسووده‌یت ئاوا بكه‌.

هه‌روه‌ها گوتیشی: هه‌ر نیگه‌رانی و خه‌مێكم هه‌بێت به‌ مژینی مه‌مكه‌ مژه‌كه‌ ده‌ڕه‌وێته‌وه‌.

تێبینی: ناوی ته‌واو و وێنه‌ و ناونیشانی ناوبراو لای ماڵپه‌ڕی ده‌زگای سه‌ته‌لایتی كوردستان پارێزراون.