ماوەی دوو رۆژە فڕۆکە جەنگیەکانی تورکیا بە چڕی بۆردوومانی بناری قەندیل دەکه‌ن

دانیشتوانی گوندەکان لە ژەھراویبوونی ناوچەکەیان دەترسن

فڕۆکە جەنگیەکانی تورکیا بناری قه‌ندیلیان بۆردومان كرد. 

ژمارەیەک له‌ ھاووڵاتی دانیشتووی گوندەکانی بەستە و ماردوو سورەگڵە له‌ بناری قه‌ندیل بە پەیامنێری کوردستان تیڤیان راگەیاند: فرۆکە جەنگیەکانی تورکیا بەچری دەورووبەری گوندەکانیان بۆردومان کردووە و به‌م ھۆیەوە پڕۆژەی ئاوی خواردنەوەی گوندی بەستە تێکشکاندووە و هاوكات گوندەکەی بێ ئاو کردوە. 

ھەروەھا به‌هۆی بۆردومانه‌كه‌ پوش و پاوانی دەڤەرەکەش سوتاوە، ئەو گوندنیشینانە ئەوەشیان راگەیاند: ئەو بۆمبانەی فرۆکەکان بناری قەندیلیان پێ بۆردومان کردوون دەنگیان کەم بووە و هاوكات بۆنێكی تایبه‌تیان هه‌بووە، بەمەش دانیشتوانی گوندەکان وێڕای ترس و دڵه‌ڕاوكێ له‌ بۆردومانەکە، لە ژەھراویبوونی ناوچەکەشیان دەترسن و ئاماژەشیان بەوە کرد كه‌ دانیشتوانی گوندەکان چاوەرێی ئارام بوونه‌وه‌ی ناوچەکە دەکەن تاكوو بەشێک لە ماڵ و منداڵه‌كانیان رەوانەی شارۆچكه‌ی ژاراوە و قەڵادزێ بکەن و جه‌ختیان كرده‌وه‌ كه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌وا بڕوات پێده‌چێت ئاواییه‌كانی ناوچەکە بەتەواوی بەره‌و چۆڵبوون بچێت. 

جێی ئاماژەیە ماوەی چەندین ساڵە بە بیانووی ھەبوونی بنکەو بارەگای پەکەکە، فرۆکە جه‌نگییه‌كانی تورکیا سنووری بناری قەندیل بۆردومان دەکه‌ن. 

هه‌ر به‌ هۆی ئه‌و بۆردومانانه‌ش لەو ماوەیەدا، ژمارەیەک ھاووڵاتی شەھیدو بریندار بوون و به‌شێكیش له‌و گوندو ئاوایەکانه‌ی ئه‌و ناوچه‌یه‌ بەره‌و چۆڵبوون چوون .