سه‌عید ئه‌سعد: هونه‌رمه‌ند"زرار محمد مسته‌فا"یه‌كه‌م مامۆستا و رێنیشانده‌ری من بووه‌

ئومێد ده‌كه‌م له‌ هه‌رێمی كوردستان ناوه‌ندێكی باڵا هه‌بێ له‌ بواری فۆتۆگرافه‌ری


زۆرن ئه‌و هونه‌رمه‌ندانه‌ی له‌ بواری  جیا جیا توانیویانه‌ ئه‌سپی خۆیان تاو بده‌ن هونه‌رمه‌ند سه‌عید ئه‌سعد علی ناسراو به‌ ( سه‌عید فه‌تحی تۆپچی) یه‌كێكه‌ له‌و هونه‌رمه‌ندانه‌ كه‌ ده‌توانین ناوی لێبینین هونه‌رمه‌ندی گشتگیر چونكه‌ ده‌ستێكی باڵای هه‌یه‌ له‌ بواره‌كانی (موزیك،شانۆ ،فۆتۆگراف،ده‌رهێنان ،راگه‌یاندن،نووسین.. ) ساڵانێكه‌ خزمه‌تێكی به‌رچاوی هونه‌رو شاره‌كه‌ی خۆی كردوه‌  بۆ زیاتر ئاشنا بوون به‌كارو چالاكییه‌كانی ئه‌م هونه‌رمه‌ند به‌ چه‌ند پرسیارێكی هونه‌ری به‌سه‌رمان كرده‌وه‌.  

ktv


پ/  ئه‌گه‌ر بكرێت باس له‌كورته‌یه‌ك له‌ ژیانی هونه‌ری خۆت بكه‌یت؟
ده‌ستپێكی كاری هونه‌ری من ، ساڵی 1985 ده‌ستی پێكرد كه‌ ئه‌و كات له‌ پۆلی پێنجه‌می بنه‌ڕه‌تی بووم  له‌ قوتابخانه‌ی پاشای گه‌وره‌، ئه‌ویش به‌شداری كردنم بوو له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵێك هاوپۆله‌كانم له‌ خولێكی مۆسیقا به‌ سه‌رپه‌رشتی مامۆستای هونه‌رمه‌ند ( زرار محمد مسته‌فا)  .
یه‌كه‌م چالاكیش كه‌ به‌شداریمان كرد فێستیڤالێكی هونه‌ری بوو له‌ شاری هه‌ولێر له‌ ساڵی 1987 كه‌ تیپی منداڵانی رواندز و تیپی مۆسیقای پاشای گه‌وره‌ له‌ شاری رواندز به‌شداری ئه‌و فێستیڤاڵه‌یان كرد و وه‌ك تیپی منداڵان بووینه‌ جێگای سه‌رسامی وخۆشحاڵی ئاماده‌بوان چونكه‌ له‌ ماوه‌ی ته‌نها دوو ساڵ توانیمان به‌ دوو پارچه‌ مۆسیقا بۆ یه‌كه‌م جار بێینه‌ سه‌ر شانۆ و له‌ به‌رامبه‌ر سه‌دان كه‌س به‌شداری فێستیڤالێكی هونه‌ری بكه‌ین.
ئیدی له‌و ساڵه‌وه‌ تا ساڵی 1994 تیپه‌كه‌مان له‌ كار و چالاكی به‌رده‌وام بوو ، به‌شداری چه‌ندین چالاكی هونه‌ریمان كرد له‌ فێستیڤاڵ و بۆنه‌ نه‌ته‌وه‌یی و نیشتیمانیه‌كان له‌‌ شاره‌كانی ( رواندز ، سۆران ، هه‌ڵه‌بجه‌ ، هه‌ولێر ، قه‌ڵادزه‌ ، پێنجوین ، چۆمان ) .
بۆیه‌ ده‌توانم بڵێم چونم بۆ نێو دنیای هونه‌ری مۆسیقا كۆمه‌لێك ده‌رگای دیكه‌ی بۆ كردمه‌وه‌ تا تواناكانی خۆمی تێدا وه‌گه‌ر بخه‌م ، خۆشبه‌ختانه‌ ئه‌و كار و چالاكیانه‌یش كه‌ له‌ بواری هونه‌ری و راگه‌یاندن له‌ رابردو و ئێستا و داهاتوو ده‌یانكه‌م به‌ دڵنیایه‌وه‌ بڕوا بونه‌ به‌ حه‌ز و خولیایێكی له‌ مێژینه‌ و به‌رده‌وامیشم له‌گه‌ڵی .

ktv


پ/ كێن ئه‌وانه‌ی هاوكاری تۆیان كردوه‌ ؟
جگه‌ له‌ مامۆستای هونه‌رمه‌ند زرار محمد مسته‌فا كه‌ یه‌كه‌م مامۆستا و رێنیشانده‌ری من بوه‌ كه‌سێكی تر شك نابه‌م وه‌ك ئه‌و زاته‌ پاك و گه‌وره‌یه‌ به‌ مانای هاوكاری و رێنوێنی هاوكاری كردبم . به‌ڵام هه‌میشه‌ پشتیوانی و هاندانی خه‌ڵك ، ده‌ستخۆشی و ستایشی ئه‌وان بۆ من هه‌موو شتێك بوه‌ و به‌ پشتیوانی ئه‌و خه‌لكه‌ دڵسۆزه‌ش به‌رده‌وام ئه‌بم .

ktv


پ/  به‌رێزتان سه‌ره‌تای كاری هونه‌ریتان به‌ موزیك ده‌ست پێكرد دوایی كاری راگه‌یاندن پاشان كاری فۆتۆگرافی ئنجا كاری ده‌رهێنان و نوسین ده‌توانین بڵێین تۆ هونه‌رمه‌ندێكی گشتگیری؟
كاتێك له‌ ته‌مه‌نی 11 ساڵی چوومه‌ خولی مۆسیقا و ئاشنا بووم له‌گه‌ڵ ئامێره‌كانی مۆسیقا و تێكه‌ڵ بون له‌گه‌ڵ هاورێیانم له‌ كاری نواندن و ئه‌رشیف كردنی چالاكیه‌ هونه‌رییه‌كان ، هاوكات چالاكییه‌ رۆشنبیرییه‌كان كه‌ له‌ كۆمه‌ڵه‌ی هونه‌ر جوانه‌كانی به‌شی رواندز به‌رێوه‌ ده‌چوون ، بۆ هه‌موو ئه‌م كار و چالاكیانه‌ به‌ وردی ده‌مڕوانی و بیرم بۆ زۆر شت ده‌چوو به‌ڵام ئه‌و كات منداڵ بوم و ده‌رفه‌ت و توانای كارم نه‌بوو ، به‌ڵام هه‌میشه‌ حه‌ز و خوولیای كاره‌كانم له‌ مێشك ده‌خولایه‌‌وه‌ ، تا ئه‌و كاته‌ی ده‌رفه‌تم بۆ ره‌خسا و خۆم خزانده‌ نێو بواری راگه‌یاندن و كاری هونه‌ری فۆتۆگرافی .
له‌ ساڵی 1994 بۆ یه‌كه‌مجار چومه‌ نێو كاری راگه‌یاندن ، ئیدی له‌و ساڵه‌وه‌ تا ساڵی 2005 كه‌ به‌رێوه‌به‌ری رادیۆی ئازادی – سۆران ( حزبی شیوعی كوردستان ) بووم له‌ چه‌ندین وێستگه‌ی تری راگه‌یاندن ( رادیۆ – ته‌له‌فزیۆن – رۆژنامه‌ - گۆڤار ) كارم كردوه‌ و له‌م روه‌وه‌ ئه‌رشیفێكی ده‌وڵه‌مه‌ندم بۆ خۆم تۆمار كردوه‌ چ له‌ بواری نوسین یاخود ئاماده‌كردنی راپۆرت له‌ بواره‌ جیاوازه‌كانی ژیانی خه‌ڵك .
له‌ ساڵی ( 2004 ) یش بیرۆكه‌ و ده‌ركردنی بڵاوكراوه‌ی ( رواندزی نوێ ) م گرته‌ ئه‌ستۆ به‌ هاوكاری كۆمه‌ڵێك هاورێی به‌رێز كه‌ خۆشبه‌ختانه‌ دوای چه‌ند ژماره‌یه‌ك بووه‌ رۆژنامه‌ به‌ڵام به‌ داخه‌وه‌ دوای ده‌رچونی ( 34 ) ژماره‌ له‌ ده‌رچوون وه‌ستا .
به‌ خۆشحاڵیشه‌وه‌ ساڵانه‌ ئه‌ركی به‌رێوه‌بردنی كاری راگه‌یاندن و پێشكه‌شكردنی زۆربه‌ی فێستیڤاڵ و بۆنه‌ نه‌ته‌وه‌یی و نیشمانییه‌كان به‌ هاوكاری هاورێیانی دیكه‌ له‌ ئه‌ستۆ ده‌گرم كه‌ ئه‌وه‌ش بۆ من مایه‌ی شانازییه‌ كه‌ بتوانم خزمه‌تی شاره‌كه‌م و خه‌ڵكه‌ دڵسۆزه‌كه‌ی بكه‌م .
هه‌ر له‌ ساڵانی 2003 تا 2005 له‌ شاری رواندز به‌ هاوكاری كۆمه‌لێك هاورێی به‌رێز و هونه‌ر دۆست و به‌هره‌مه‌ند ( تیپی شانۆی ئازادی ) مان دامه‌زراند و توانیم له‌و بواره‌ ( 3 ) شانۆ له‌ نوسین و ده‌رهێنانی خۆم له‌ سه‌ر شانۆی هۆڵی قوتابخانه‌ی پاشای گه‌وره‌ پێشكه‌ش به‌ جه‌ماوه‌ری شاری رواندز كرد .

ktv


له‌ كۆی هه‌موو ئه‌و كار و چالاكیانه‌ بۆ ئه‌رشیفكردن و هێشتنه‌وه‌ی كاره‌كان بۆ مێژوو تێبینی ئه‌وه‌م لا دروست ببوو كه‌ كامیرا چه‌نده‌ گرنگه‌ بۆیه‌ گرنگی زۆرم به‌ بواری هونه‌ری فۆتۆ و ڤیدیۆ ئه‌دا ، دوای روخانی رژێمی به‌عسیش له‌ 2003 بۆ یه‌كه‌مجار به‌ هاوكاری كۆمه‌لێك هاورێ و خۆشه‌ویست وه‌ك ئیشێكی ئه‌زمونگه‌ری له‌و سه‌رده‌م بۆ یه‌كه‌مجار له‌ شاری رواندز فلیمی ( خۆری ئازادی ) مان له‌ كوچه‌ و كۆڵانه‌كانی شاری رواندز وێنه‌ گرت  كه‌ ئه‌مه‌ش به‌ لای ئێمه‌ی گه‌نجه‌وه‌ شتێكی تازه‌ بوو به‌ڵام چونكه‌ حه‌ز و خولیامان زۆر بوو توانیمان فلیمه‌كه‌ كه‌ ماوه‌ی نزیكه‌ی 45 ده‌قیقه‌ ده‌بوو وێنه‌ بگرین و بڵاوی بكه‌ینه‌وه‌ به‌ هاوكاری وێنه‌گر ( به‌ختیار ئاكۆیی ) ، فلیمه‌كه‌ش له‌ نوسین و ده‌رهێنانی خۆم بوو
 پ/ به‌ڵام ئێستا به‌رێزتان زیاتر گرنكی به‌كار فۆتۆگرافی ده‌ده‌ن؟
وه‌/ خولیا و حه‌ز و خۆشه‌ویستیشم بۆ سروشت له‌ راده‌ به‌ده‌ر بوو ، بۆیه‌ رۆژانه‌ ده‌چومه‌  نێو سروشتی شار و گونده‌كانی ده‌ور و به‌ر و وێنه‌ی سروشتم ئه‌رشیف ده‌كرد تا په‌یدا بونی تۆره‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان كه‌ ده‌رفه‌تێكی باش بوو تا جوانیه‌كان بخه‌مه‌ ڕوو .
خۆشبه‌ختانه‌ له‌ رووی بڵاوكردنه‌وه‌ی وێنه‌ی سروشتی شار و ناوچه‌كانی دیكه‌ ده‌توانم بلێم زیاتر له‌ ( 10 ) هه‌زار وێنه‌م له‌ تۆره‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان و وێب سایتی تایبه‌ت به‌ خۆم بڵاوكردۆته‌وه‌ ئه‌مه‌ جگه‌ له‌ گرته‌ی ڤیدیۆیی ناوچه‌ گه‌شتیارییه‌كان و ئه‌رشیفكردنی ژیانی رۆژانه‌ی خه‌ڵكی شاری رواندز كه‌ ئه‌مه‌یان به‌ لای منه‌وه‌ زۆر گرنگی پێده‌ده‌م .
بۆیه‌ ده‌كرێ بلێم هه‌موو كاره‌ هونه‌رییه‌كانم پێكه‌وه‌ گرێداوه‌ و له‌ یه‌كتریم نزیك كردونه‌ته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی هه‌میشه‌ له‌گه‌ڵیان برۆم و لێیان دانه‌برێم  هه‌ر بۆیه‌ .
زیاتر له‌ سه‌ر كاری فۆتۆگرافی كارم كرد... 
تا ئێستا به‌شداریم له‌  7 پیشانگای هاوبه‌ش كردۆته‌وه‌ له‌ ( رواندز ، سۆران ، رانیه‌ ، هه‌ولێر ، دهۆك ) وه‌ ( 4 ) پیشانگای تایبه‌تیشم كردۆته‌وه‌ .
له‌ به‌شێكی زۆری گۆڤار و رۆژنامه‌كان وێنه‌ی سروشتم بڵاوكردۆته‌وه‌ .
ساڵانه‌ ده‌یان وێنه‌ ئه‌به‌خشمه‌ ئه‌و قوتابی و خوێندكارانه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌ ئه‌نجام ئه‌ده‌ن له‌ زانكۆ و په‌یمانگاكان .
تا ئێستا ( 19 ) بروانامه‌ی رێزلێنان و خه‌ڵاتم له‌ لایه‌ن كۆمه‌ڵه‌ و ناوه‌ند و ریكخراو و گروپ و كه‌سایه‌تییه‌كانه‌وه‌ پێبه‌خشراوه‌ .

ktv

پ/ كاری فۆتۆگرافی له‌ كوردستان چۆن ده‌بینی؟
 وه‌/ ئه‌كرێ بڵێم به‌هره‌مه‌ند و كه‌سانی به‌ توانا هه‌ن له‌ بواری فۆتۆگرافی به‌ڵام نه‌بونی ناوه‌ند و كۆمه‌ڵه‌ و گروپی چالاك بۆ گرنگیدان به‌ خاوه‌ن به‌هره‌كانی ئه‌و بواره‌ وایكردوه‌ كه‌سانێكی زۆر كه‌ توانای باشیان هه‌یه‌ واز بێنن !
به‌ كورتی په‌رته‌وازه‌ییه‌كی زۆر له‌ بواری فۆتۆگرافه‌ریدا  هه‌یه‌ و نه‌توانراوه‌ فۆتۆگرافه‌ران له‌ ژێر یه‌ك چه‌تر كۆبكرێنه‌وه‌ .
ئومێد ده‌كه‌م له‌ هه‌رێمی كوردستان ناوه‌ندێكی باڵا هه‌بێ له‌ بواری فۆتۆگرافه‌ری ، بۆ ئه‌وه‌ی فۆتۆگرافه‌ران و به‌هره‌مه‌ندانی ئه‌و بواره‌ لێك كۆببنه‌وه‌ ، چونكه‌ ناكرێ هه‌ر كه‌س بۆ خۆی ببێته‌ شاره‌زاییه‌كی ئه‌و بواره‌ و ببێته‌ رێنیشانده‌ری كۆمه‌لێك كه‌س بۆ كاتێكی دیاریكراو!
هه‌روه‌ها ده‌كرێت به‌ هه‌موومان ئه‌م بواره‌ گرنگی پێبده‌ین و به‌ هه‌موومان جوانیه‌كانی نیشتیمان ئاشنای بینه‌رانی ده‌ره‌وه‌ بكه‌ین نه‌ك چه‌ند كه‌سانێكی دیاریكراو ببنه‌ خاوه‌نی هه‌موو شتێك!

پ/ پرۆژه‌ی هونه‌ریت نوێت هه‌یه‌ ؟
له‌ ئێستادا وه‌ك ئه‌ندامێك له‌ به‌شی چالاكی هونه‌ری قوتابخانه‌كانی به‌رێوه‌به‌رایه‌تی په‌روه‌رده‌ی رواندز خه‌ریكی به‌رێوه‌بردنی خولێكی هونه‌ری ( مۆسیقا و خۆشنوسی ) ن كه‌ بۆ قوتابی و خوێندكارانی شاری رواندز كراوه‌ته‌وه‌ .

ktv

هاوكات به‌ نیازم له‌ ئاینده‌یه‌كی نزیك ( 5 ) مین پیشانگای تایبه‌ت بكه‌مه‌وه‌ له‌ كردنه‌وه‌ی زانیاری زیاتر بۆ هاورێ و خۆشه‌ویستان ده‌خه‌مه‌روو .

هه‌روه‌ها پرۆژه‌یه‌كی تایبه‌ت به‌و كه‌سانه‌شم له‌ به‌رده‌سته‌ كه‌ توانیویانه‌ جێ په‌نجه‌یان له‌ خزمه‌تكردنی خه‌ڵكی شار و ده‌ور و به‌ری له‌ بواره‌ جیاجیاكان هه‌بێ به‌ڵام له‌ به‌ر ئه‌وه‌ی قه‌یرانی دارایی بونی هه‌یه‌ نه‌متوانیوه‌ پرۆژه‌كه‌ بخه‌مه‌ بواری جێبه‌جێكردن ، هیچ كه‌س و لایه‌نێكیش ئاماده‌ییان ده‌رنه‌بریوه‌ بۆ جیبه‌جێكردنی پرۆژه‌كه‌م !‌ بۆیه‌ چاوه‌رێی ئه‌وه‌ ده‌كه‌م قه‌یرانی‌ دارایی به‌ كۆتا بێ ئه‌و كات به‌ دڵنیاییه‌وه‌ پرۆژه‌كه‌ به‌ ئه‌نجام ده‌گه‌یه‌نم چونكه‌ پرۆژه‌كه‌ ئاماده‌یه‌ ته‌نها جیبه‌جێكردنی ماوه‌.
كوردستان تیڤی/ كامران حاجی