ده‌قی وتاری نێچیرڤان بارزانی له‌ رێوره‌سمی كردنه‌وه‌ی سه‌نته‌ری مه‌شق و په‌ره‌پێدانی وه‌زاره‌تی كاره‌بای حكوومه‌تی هه‌رێم

ئاسۆیەکی ڕوونتر و داهاتوویەکی گه‌شتر چاوەڕوانی هەرێمی کوردستان دەکات


سه‌رله‌به‌یانیی ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 18/7/2018 به‌ ئاماده‌بوونی به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان، ڕێوڕه‌سمی كردنه‌وه‌ی سه‌نته‌ری مه‌شق و په‌ره‌پێدانی وه‌زاره‌تی كاره‌بای حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ هه‌ولێر به‌ڕێوه‌چوو.

لە ڕێوڕه‌سمه‌كه‌دا کە بەڕێزان نوێنەری باڵیۆزخانەی ژاپۆن لە عێراق و کونسوڵی ئەو وڵاتە لە هەرێمی کوردستان و بەرپرسانی پەیوەندیداری هەرێمی کوردستان ئامادە بوون، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان وتارێکی پیشکەش کرد و تیایدا وێڕای بەخێرهێنانی شاندی باڵیۆزخانە و کونسوڵخانەی ژاپۆن و نوێنه‌رانى ئاژانسى ژاپۆنى بۆ هاریكاریى نێوده‌وڵه‌تى "جایكا" و كۆمپانیاى (لووت هارد)ى ئه‌ڵمانی و (UNDP)، هه‌روه‌ها سوپاسی کردن کە لەگەڵ به‌ڕێزان وەزیر و بەرپرسانی وەزارەتی کارەبا ڕۆڵیان هەبوو لە سەرخستنی پڕۆژەی بنیاتنان و کردنەوەی خولەکانی ڕاهێنان و دابینکردنی کەلوپەلی پێویست بۆ تاقیگەکانی ئەم سەنتەرە و پێداویستییه‌كانى دیكه‌ى كه‌رتى كاره‌با له‌ هه‌رێمى كوردستان، بەتایبەتیش وڵاتی ژاپۆن کە لە چوارچێوەی به‌رنامه‌ى قه‌رزه‌كانیدا بۆ عێراق، له‌ به‌شى هه‌رێمى كوردستان، پرۆژه‌ى دامه‌زراندنى سه‌نته‌رى مه‌شق و په‌ره‌پێدانى بۆ وه‌زاره‌تى كاره‌با و پڕۆژه‌ى بنیاتنانه‌وه‌ى كه‌رتى كاره‌باى له‌ هه‌رێمى كوردستان خستە واری جێبەجێکردنەوە.

بەڕێز سەرۆک وەزیران وێڕای وەبیرهێنانەوەی چەندین پڕۆژەی دیکەی حکوومەتی ژاپۆن و ئاژانسى جایكا لە هەرێمی کوردستان، ڕێز و پێزانینی حکوومەت و خەڵکی هەرێمی کوردستانی دەربڕی بۆ دۆستایه‌تى و كار و به‌رنامه‌كانى ژاپۆن له‌ هه‌رێمى كوردستان و عێراق و هیوای خواست هاوكارى و پشتگیریى ئەوان بۆ هه‌رێمى كوردستان و عێراق به‌رده‌وام بێت.

بەڕێزیان ئیرادەی حکوومەتی هەرێمی بۆ بەردەوامبوونی چاکسازی لە سەرجەم بوارەکاندا دووپات کردەوە و کردنەوەی سه‌نته‌ری مه‌شق و په‌ره‌پێدانى تواناى مرۆیى و پیشه‌یى و زانستى بۆ كادیران و كارمه‌ندانى وه‌زاره‌تى كاره‌بای بە به‌شێك‌ له‌و چاكسازییانه‌ دانا لەپێناو پێشکەوتن و پەرەپێدانی كه‌رته‌كانى ژیان و خزمه‌تگوزارى.

به‌ڕێزیان بارودۆخی چوار ساڵی ڕابردووی هەرێمی کوردستانی کە جگە لە كێشه‌ سیاسییه‌كان له‌ عێراق و هه‌رێمى كوردستان، خۆی لە بڕینى بودجه‌ له‌لایه‌ن حكوومه‌تى ئه‌وساى عێراقه‌وه‌‌، دابه‌زینى نرخى نه‌وت، شه‌ڕى داعش و هاتنی نزیكه‌ى دوو ملیۆن ئاواره‌ و په‌نابه‌ر بۆ هه‌رێمى كوردستاندا دەبینییەوە، بە ڕێگری سەرەکیی بەردەم به‌شێكى زۆر لە پلان و به‌رنامە‌ى حکوومەت دانا کە بۆ پێشخستن و په‌ره‌پێدانى ژیان و هه‌موو بواره‌كانى خزمه‌تگوزارى دانرابوون، لەگەڵ ئەوەشدا ڕایگەیاند کە خواستی حكوومه‌ت و خه‌ڵكى كوردستان بۆ پێشكه‌وتن و ژیانێكى باشتر وه‌ك خۆى ماوەتەوە.

بەڕێز سەرۆک وەزیران، بەردەوامبوون لە جێبه‌جێكرنى به‌رنامه‌كانى چاكسازی بە ئەرکی حکوومەتی هەرێم زانی و لەو ڕووەوە ئاماژەی بە ناكۆكییه‌ سیاسییه‌كان کرد کە بوونەتە لەمپەر لە بەردەم هه‌وڵه‌ به‌رده‌وامەکانی حكوومه‌ت بۆ چاكسازى و باسی لەوە کرد کە سەرەڕای هه‌وڵە سیاسییەکان بۆ شێواندنى به‌رنامه‌ى چاكسازی، حكوومه‌ت بەبێ گوێدانە شه‌ڕی سیاسى و میدیایی، له‌ پرۆسه‌ و به‌رنامه‌كانى به‌رده‌وام بووە و لەو بارەیەوە چاكسازى له‌ بواره‌كانى وزه‌ و نه‌وت، كارگێڕیى دارایی، پێداچوونه‌وه‌ به‌ لیسته‌كانى كارمه‌ندان و مووچه‌خۆران و تۆمارى بایۆمه‌ترى، كه‌مكردنه‌وه‌ى تێچووى به‌رهه‌مێهێنانى كاره‌با و كه‌مكردنه‌وه‌ى خه‌رجیى به‌كاربردن به‌پێى ستاندارده‌ جیهانییه‌كانی بە نموونەی هەنگاوەکانی حکوومەتی هەرێم بۆ ئەنجامدانی چاکسازی هێنایه‌وه‌.
 
بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، کێشە و قەیرانە یەک لەدوای یەکەکانى لە سەرەتای ساڵی 2014ەوە هەرێمی کوردستانی گرتەوە، بە بیر ئامادەبووان هێنایەوە کە حكوومه‌تی هه‌رێم توانی به‌ پشتگیرى و خۆڕاگریى خه‌ڵكى كوردستان و گیانفیداییى پێشمه‌رگه‌ قاره‌مانه‌كانى، مانەوەی خۆی بسەلمێنی و دوای بەرگەگرتنی سەختی و نەهامەتییەکان، توانی وێڕای تێپەڕاندنی ڕۆژه‌ سه‌خته‌كان و درێژەدان بە چاکسازییەکان، شوێن و پێگه‌ى خۆى له‌سه‌ر ئاستى عێراق، ناوچه‌كه‌ و جیهانیش وه‌ربگرێته‌وه‌.

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی وته‌كه‌یدا بەڕێز سەرۆک وەزیران هیوای خواست جگە لە كادیران و كارمه‌ندانى وه‌زاره‌تى كاره‌با، سەرجەم وه‌زاره‌ت و ده‌زگا و دامه‌زراوه‌كانى دیكه‌ى حكوومه‌ت و لایه‌ن و ڕێكخراو و ئاژانسه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كانیش سوود لەو پڕۆژەیە وەربگرن لەپێناو په‌ره‌پێدانى تواناى مرۆیى و زانستى و پسپۆڕیى كادیران و كارمه‌ندانى حكوومه‌تی هەرێمی کوردستان، هەروەها ئۆمێدی ئەوەی خواست ئه‌نجامى ڕاهێنان و تاقیكردنه‌وه‌كانى ئه‌م سه‌نته‌ره‌، کاریگەری له‌سه‌ر چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانى كاره‌با هه‌بێت، بە شێوەیەک کە هاوشانى جێبه‌جێکردنی سیستمی نوێی ئه‌لكترۆنی بۆ دابه‌شكردنى كاره‌با، ببێته‌ یارمه‌تیده‌ر و ڕێخۆشكه‌ر بۆ چاره‌سه‌ركردنى یه‌كجاریى كێشه‌ى كاره‌با له‌ هه‌رێمى كوردستان.

بەڕێزیان گه‌شبین بوو بەوەی کە ڕۆژه‌ سه‌خته‌كان تێده‌په‌ڕن و ئاسۆیەکی ڕوونتر و داهاتوویەکی گه‌شتر چاوەڕوانی هەرێمی کوردستان دەکات و بە هەوڵی بەردەوامی حکوومەت بۆ چاکسازی، هه‌رێمی كوردستان به‌ره‌و ژیانێكى باشتر هه‌نگاو ده‌نێت، بۆیە داوای لە لایەنە سیاسییەکانی کوردستان کرد بە به‌رنامه‌یه‌كى هاوبه‌شى كوردستانییانه‌وە به‌شداریى گفتوگۆكانى پێكهێنانى حكوومه‌تى داهاتووى عێراق بكه‌ن كه‌ ئامانجى سه‌ره‌كییان بەدیهێنانی شه‌راكه‌تێكى ڕاسته‌قینه‌ له‌ عێراق و ده‌سته‌به‌ركردنى مافه‌ ده‌ستوورییه‌كانى هه‌رێمى كوردستان بێت.

لە کۆتاییی وتارەکەیدا به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان سڵاوی بۆ گیانى پیرۆزى ئەو پێشمەرگە شەهیدانە نارد كه‌ له‌م ڕۆژانه‌ى دوایی له‌ هه‌ڵمه‌تى پاككردنه‌وه‌ى چه‌ند مۆڵگه‌یه‌كى تیرۆرستاندا شەهید بوون و هیواى زووچاكبوونه‌وەی بۆ پێشمه‌رگه‌ برینداره‌كان خواست، هەروەها سەری ڕێز و نەوازشی بۆ سەرجەم شەهیدانى کوردستان دانه‌واند، ئامادەیی هەرێمی کوردستانیشی دووپات کردەوە بۆ هه‌ر هه‌ماهه‌نگییه‌ك له‌گه‌ڵ عێراق بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و هیوای خواست هاوپه‌یمانیى نێوده‌وڵه‌تیش له‌ هاوكارییه‌كانى بۆ هه‌رێمى كوردستان و عێراق به‌رده‌وام بێت.

ده‌قی وتاری به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان:

ئاماده‌بووانى به‌ڕێز،
به‌یانیتان باش، هه‌موو لایه‌كتان به‌خێر بێن بۆ ڕێوڕه‌سمى كردنه‌وه‌ى فه‌رمیى سه‌نته‌ر‌ى مه‌شق و په‌ره‌پێدانى وه‌زاره‌تى كاره‌باى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان. به‌خێرهاتنێكى تایبه‌تى به‌ڕێزان نوێنه‌رى باڵیۆزخانه‌ی ژاپۆن له‌ عێراق و كونسولى ژاپۆن له‌ هه‌رێمى كوردستان، به‌رپرسان و نوێنه‌رانى ئاژانسى ژاپۆنى بۆ هاریكاریى نێوده‌وڵه‌تى "جایكا" و سه‌رۆكى كۆمپانیاى (لووت هارد)ى ئه‌ڵمانی و (UNDP) ده‌كه‌م كه‌ هه‌موویان پێكه‌وه‌ وێڕاى بنیاتنان، خوله‌كانى ڕاهێنان و كه‌لوپه‌لى پێویستیان بۆ تاقیگه‌كانى ئه‌م سه‌نته‌ره‌ و پێداویستییه‌كانى دیكه‌ى كه‌رتى كاره‌بایان له‌ هه‌رێمى كوردستان دابین كردووه‌.

زۆر سوپاسى حكوومه‌تى ژاپۆنى ده‌كه‌م كه‌ له‌ چوارچێوه‌ى به‌رنامه‌ى قه‌رزه‌كانیدا بۆ عێراق، له‌ به‌شى هه‌رێمى كوردستان ئه‌م پرۆژه‌یه‌ى بۆ دامه‌زراندنى سه‌نته‌رى مه‌شق و په‌ره‌پێدان بۆ وه‌زاره‌تى كاره‌با و پڕۆژه‌ى بنیاتنانه‌وه‌ى كه‌رتى كاره‌باى له‌ هه‌رێمى كوردستان جێبه‌جێ  كردووه‌.

جارى یه‌كه‌م نییه‌ كه‌ حكوومه‌تى ژاپۆن و ئاژانسى جایكا، هاوكاریى هه‌رێمى كوردستان ده‌كه‌ن، ئه‌وان پێشتیرش چه‌ندین پڕۆژه‌ى دیكه‌یان له‌ بواره‌ جیاكاندا له‌ هه‌رێمى كوردستان ئه‌نجام داوه‌. ئێمه‌ له‌ حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان و خه‌ڵكى كوردستانیش به‌گشتى خۆشه‌ویستى و ڕێز و پێزانینمان بۆ دۆستایه‌تى و كار و به‌رنامه‌كانى ژاپۆن له‌ هه‌رێمى كوردستان و عێراق هه‌یه‌. دووباره‌ سوپاسیان ده‌كه‌ین، ده‌ستخۆشییان لێده‌كه‌ین و هیوادارین له‌ هاوكارى و پشتگیریى هه‌رێمى كوردستان و عێراق به‌رده‌وام بن.

ئاماده‌بووانى به‌ڕێز،
حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان كه‌ وێڕاى هه‌موو سه‌ختییه‌كان، هه‌میشه‌ ئیراده‌یه‌كى جددى بۆ چاكسازى نیشان داوه‌‌، له‌ جێبه‌جێكردنى پرۆسه‌ى چاكسازى له‌ هه‌موو بواره‌كاندا به‌رده‌وامه و به‌رده‌وام ده‌بێت‌. كردنه‌وه‌ى ئه‌م سه‌نته‌ره‌ش بۆ مه‌شق و په‌ره‌پێدانى تواناى مرۆیى و پیشه‌یى و زانستى بۆ كادیران و كارمه‌ندانى وه‌زاره‌تى كاره‌با، به‌شێكه‌ له‌و چاكسازییانه‌ و له‌سه‌ر بنه‌ماى ئه‌و بڕوایه‌ى حكوومه‌ت دێت كه‌ بۆ ئه‌وه‌ى بتوانین له‌ هه‌موو بواره‌كاندا پێشبكه‌وین و په‌ره‌ به‌ هه‌موو كه‌رته‌كانى ژیان و خزمه‌تگوزارى بده‌ین، ده‌بێ سه‌ره‌تا بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ گرنگى به‌ تواناى مرۆیى و پێشخستن و په‌ره‌پێدانى ئه‌و توانایه‌ له‌ هه‌موو ڕوویه‌كه‌وه‌ بده‌ین، چونكه‌ په‌ره‌پێدانى تواناكان گرنگترین به‌شى پێشكه‌وتنن له‌ هه‌ر كۆمه‌ڵگایه‌كدا‌.

ئه‌و دۆخه‌ى زیاتر له‌ چوار ساڵى ڕابردوو به‌سه‌ر هه‌رێمى كوردستاندا سه‌پێنرا، هه‌ر له‌ بڕینى بودجه‌ى هه‌رێمى كوردستان‌ له‌لایه‌ن حكوومه‌تى ئه‌وساى عێراقه‌وه‌، تا شه‌ڕى داعش و هاتنى نزیكه‌ى دوو ملیۆن ئاواره‌ و په‌نابه‌ر بۆ هه‌رێمى كوردستان و دابه‌زینى نرخى نه‌وت، وێڕاى كێشه‌ سیاسییه‌كان له‌ عێراق و هه‌رێمى كوردستان، ئه‌مانه‌ هه‌موویان بوونه‌ ڕێگر له‌به‌رده‌م به‌شێكى زۆرى ئه‌و پلان و به‌رنامانه‌ى كه‌ بۆ پێشخستن و په‌ره‌پێدانى ژیان و هه‌موو بواره‌كانى خزمه‌تگوزارى، له‌لایه‌ن حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستانه‌وه‌ دانرا بوون، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا خواستى حكوومه‌ت و خه‌ڵكى كوردستان بۆ پێشكه‌وتن و ژیانێكى باشتر وه‌ك خۆى مایه‌وه‌.

حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان له‌ سه‌ختترین ڕۆژه‌كانیشدا تا ئه‌و شوێنه‌ى كراوه‌ و ڕێى تێچووه‌، له‌ جێبه‌جێكرنى به‌رنامه‌كانى چاكسازى به‌رده‌وام بووه‌. ئێمه‌ ئه‌وه باش ده‌زانین كه‌ ناكۆكییه‌ سیاسییه‌كان هه‌میشه‌ بوونه‌ته‌ هۆى ئه‌وه‌ى پرۆسه‌ى چاكسازى و ئه‌و هه‌وڵه‌ به‌رده‌وامانه‌ى حكوومه‌ت بۆ چاكسازى، ڕووبه‌ڕووى تانه‌ و لێدوان و قسه‌ى سیاسییانه‌ى دوور له‌ ڕاستى ببنه‌وه‌ و ڕكابه‌رى و ناكۆكییه‌ سیاسییه‌كان هه‌میشه‌ هه‌وڵى شێواندنى به‌رنامه‌ى چاكسازیى حكوومه‌تیان داوه‌، به‌ڵام حكوومه‌ت هه‌رگیز گوێى نه‌داوه‌ته‌ ئه‌و شه‌ڕه‌ سیاسى و میدیاییه‌ى به‌رامبه‌رى ده‌كرێت و هه‌میشه‌ له‌ پرۆسه‌ و به‌رنامه‌كانى به‌رده‌وام ده‌بێت‌.

هه‌نگاوه‌كانى چاكسازیى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان له‌ بواره‌كانى وزه‌ و نه‌وتدا، له‌ بواره‌كانى كارگێڕى و به‌تایبه‌تیش كارگێڕیى داراییدا، له‌ پێداچوونه‌وه‌ به‌ لیسته‌كانى كارمه‌ندان و مووچه‌خۆران و تۆمارى بایۆمه‌ترى و له‌ كه‌مكردنه‌وه‌ى تێچووى به‌رهه‌مێهێنانى كاره‌با و كه‌مكردنه‌وه‌ى خه‌رجیى به‌كاربردن و زۆر بواری دیكه‌دا به‌پێى ستاندارده‌ جیهانییه‌كان، هه‌نگاوى دیارن.

به‌ڵێ، ئه‌و هه‌موو به‌ڵا و كێشانه‌ى له‌ سه‌ره‌تاى ساڵى 2014ـه‌وه‌ به‌سه‌ر هه‌رێمى كوردستاندا هاتن و به‌رۆكى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستانیان گرت، به‌ڵا و كێشه‌ى ئه‌وه‌نده‌ زل و گه‌وره‌ بوون كه‌ بڕواى زۆربه‌ى زۆرى چاودێران و ته‌نانه‌ت دۆست و ناحه‌زانیش ئه‌وه بوو‌، حكوومه‌ت ناتوانێ به‌رگه‌ بگرێت و ده‌ڕووخێت، به‌ڵام ئه‌وه‌ى ڕوویدا ئه‌وه‌ بوو كه‌ به‌ پشتگیرى و خۆڕاگریى جوامێرانه‌ى خه‌ڵكى كوردستان و به‌ گیانفیداییى پێشمه‌رگه‌ قاره‌مانه‌كانى كوردستان، هه‌رێمى كوردستان مایه‌وه‌، حكوومه‌ت به‌رگه‌ى هه‌موو نه‌هامه‌تى و سه‌ختییه‌كانى گرت و هه‌نگاو به‌ هه‌نگاو به‌ چاكسازى و به‌ وه‌رگرتنى په‌ند له‌ ئه‌زموونه‌كان، ڕۆژه‌ سه‌خته‌كان تێده‌په‌ڕن.

دواى ئاڵۆزى و ڕووداوه‌كانى كۆتاییى ساڵى ڕابردوو، هه‌وڵێكى زۆر درا هه‌رێمى كوردستان گۆشه‌گیر بكرێت و ته‌نانه‌ت هه‌وڵى سڕینه‌وه‌یشى درا، به‌ڵام هه‌رێمى كوردستان، به‌ خۆڕاگریى خه‌ڵك و به‌ هه‌وڵى به‌رده‌وامى حكوومه‌ت، ڕووبه‌ڕووى هه‌موو سه‌ختى و مه‌ترسییه‌كان بووه‌ و شوێن و پێگه‌ى خۆى له‌سه‌ر ئاستى عێراق، ناوچه‌كه‌ و جیهانیش وه‌رگرته‌وه‌.

به‌ڕێزان،
ئه‌مڕۆش كه‌ هه‌موومان پێكه‌وه‌ لێره‌ین بۆ كردنه‌وه‌ى سه‌نته‌رێكى مۆدێرنى پێشكه‌وتووى ده‌وڵه‌مه‌ند به‌ ئامێر و پێداویستیى زانستى و تاقیگه‌ییى تازه‌ و به‌ هۆڵ و ساڵۆنى تایبه‌ت، له‌پێناو په‌ره‌پێدانى تواناى مرۆیى و پیشه‌یى و زانستیى كارمه‌ندانى وه‌زاره‌ت، ئه‌مه‌ش به‌رهه‌مى ئه‌و جدییه‌ت و ئه‌و بڕیارانه‌یه‌ كه‌ بۆ چاكسازی له‌لایه‌ن حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان له‌ ڕۆژه‌ سه‌خته‌كاندا داویه‌تى و بڕواى پێ هه‌یه‌ و له‌ هه‌موو كات و دۆخێكدا له‌سه‌ر ئه‌م چاكسازییانه‌ به‌رده‌وام ده‌بێت.

وه‌ك به‌ڕێز هۆگر شاڵى، بریكارى وه‌زاره‌تى كاره‌با ئاماژه‌ى پێدا، هیوادارم ئه‌م سه‌نته‌ره‌ نه‌ك هه‌ر بۆ كادیران و كارمه‌ندانى وه‌زاره‌تى كاره‌با، به‌ڵكوو بۆ هه‌موو وه‌زاره‌ت و ده‌زگا و دامه‌زراوه‌كانى دیكه‌ى حكوومه‌ت و بۆ لایه‌ن و ڕێكخراو و ئاژانسه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كانیش سوودى هه‌بێت و هه‌مووان بتوانن بۆ خولى فێربوون و ڕاهێنان و وۆركشۆپ و تاقیكردنه‌وه‌، بۆ هه‌ر چالاكییه‌ك كه‌ بۆ په‌ره‌پێدانى تواناى مرۆیى و زانستى و پسپۆڕیى كادیران و كارمه‌ندانى حكوومه‌ت بێت، سوودى لێ ببینن.

هیوادارم ئه‌نجامى خول و ڕاهێنان و تاقیكردنه‌وه‌كانى ئه‌م سه‌نته‌ره‌، ڕۆڵێكى باشییان له‌ به‌ڕێوه‌بردنێكى باشتر و چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانى كاره‌با و كۆنترۆڵكردن و كه‌مكردنه‌وه‌ى زێده‌ڕۆیى له‌ به‌ركارهێنانى ناپێویستى كاره‌بادا هه‌بێت و هاوشانى ئه‌و سیستمه‌ ئه‌لكترۆنییه‌ تازه‌یه‌ى كه‌ چاوه‌ڕوان ده‌كرێت له‌ دابه‌شكردنى كاره‌بادا جێبه‌جێ بكرێت، ببێته‌ یارمه‌تیده‌ر و ڕێخۆشكه‌رێك بۆ چاره‌سه‌ركرنى یه‌كجاریى كێشه‌ى كاره‌با له‌ هه‌رێمى كوردستاندا.

من لێره‌وه‌ دووباره‌ ده‌ستخۆشى له‌ وه‌زاره‌تى كاره‌با، له‌ به‌ڕێزان د. ئاشتى هه‌ورامى وه‌زیرى كاره‌با به‌وه‌كاله‌ت و هۆگر شاڵى بریكارى وه‌زاره‌ت و كارمه‌ندانى وه‌زاره‌ت، له‌ ئاژانسى ژاپۆنى بۆ هاریكاریى نێوده‌وڵه‌تى "جایكا" و كۆمپانیاى (لووت هارد)ى ئه‌ڵمانی و (UNDP) و هه‌موو ئه‌وانه‌ ده‌كه‌م كه‌ ڕۆڵیان له‌ سه‌رخستنى ئه‌م پڕۆژه‌یه‌دا هه‌بووه‌.

خۆشه‌ویستان،
ڕۆژه‌ سه‌خته‌كان خه‌ریكه‌ تێده‌په‌ڕن و ئاسوویه‌كى ڕوونتر و ئاینده‌یه‌كى گه‌شتر له‌پێش هه‌رێمی كوردستانه‌‌. به‌ خۆڕاگریى كوردستانییان و به‌ كار و هه‌وڵى به‌رده‌وامى حكوومه‌ت بۆ چاكسازى، به‌ره‌و ژیانێكى باشتر هه‌نگاو ده‌نێین.

هه‌ر لێره‌شه‌وه‌ دووباره‌ داوا له‌ لایه‌نه‌ كوردستانییه‌كان ده‌كه‌م كه‌ ته‌با و یه‌كڕیز بن و به‌ به‌رنامه‌یه‌كى هاوبه‌شى كوردستانییانه‌ به‌شداریى گفتوگۆكانى پێكهێنانى حكوومه‌تى داهاتووى عێراق بكه‌ن. ئامانجى سه‌ره‌كیمان به‌دیهێنانى شه‌راكه‌تێكى ڕاسته‌قینه‌ له‌ عێراق و ده‌سته‌به‌ركردنى مافه‌ ده‌ستوورییه‌كانى هه‌رێمى كوردستانه‌‌.

له‌ كۆتاییدا سڵاو بۆ گیانى پیرۆزى شه‌هیدانى پێشمه‌رگه‌ ده‌نێرین كه‌ ئه‌م ڕۆژانه‌ى دوایى له‌ هه‌ڵمه‌تى پاككردنه‌وه‌ى چه‌ند مۆڵگه‌یه‌كى تیرۆرستاندا شه‌هید بوون، هیواى زووچاكبوونه‌وه بۆ پێشمه‌رگه‌ برینداره‌كان ده‌خوازم. ‌سڵاو له‌ گیانى پاكى هه‌موو ئه‌و شه‌هیدانه‌ی كه‌ له‌ ڕێگه‌ی به‌رگریكردن له‌ كوردستان شه‌هید بوون. ئێمه‌ بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى تیرۆر بۆ هه‌ر هه‌ماهه‌نگییه‌ك له‌گه‌ڵ عێراق ئاماده‌ین و هیوادارین هاوپه‌یمانیى نێوده‌وڵه‌تیش له‌ هاوكارییه‌كانى بۆ هه‌رێمى كوردستان و عێراق به‌رده‌وام بێت.

دووباره‌ هه‌موو لایه‌كتان به‌خێر بێن بۆ ئه‌و ڕێوڕه‌سمه‌، به‌خێر بێن سه‌رچاو، جارێكی تر ده‌ستخۆشیتان لێده‌كه‌م.

زۆر سوپاس.