هێرشی ئاسمانیی بۆسه‌ر دێره‌زوور 54 هاوڵاتیی سڤیل و چه‌كداری داعشی  به‌یه‌كه‌وه‌ كوشت

تا ئێستا هاوپه‌یمانێتیی نێوده‌وڵه‌تیی نه‌ ره‌تیكردووه‌ته‌وه‌ و نه‌ پشتڕاستی كردووه‌ته‌

چاودێری مافی مرۆڤی سووریا رایگه‌یاند كه‌ به‌ هۆی هێرشێكی ئاسمانییه‌وه‌ له‌ دێره‌زوور كه‌ گریمانه‌ ده‌كرێت هاوپه‌یمانێتیی نێوده‌وڵه‌تیی ئه‌نجامیدابێت 54 كه‌س كوژراون كه‌ 28 كه‌سیان خه‌ڵكی سڤیلن و ژماره‌یه‌ك چه‌كداری داعشیش له‌ناو كوژراوه‌كاندا ده‌بینرێن.

رامی عه‌بدوڕه‌حمان به‌ڕێوه‌به‌ری توڕی چاودێری مافی مرۆڤی سووریا له‌مباره‌یه‌وه‌ وتی: هێرشه‌ ئاسمانییه‌كان ناوچه‌یه‌ك له‌ چه‌ند كیلۆمه‌تریی سنووری عێراقی كردووه‌ به‌ ئامانج، هه‌ر بۆیه‌ش زۆربه‌ی كوژراوان هاوڵاتی سڤیلی عێڕاقین.

ناوبراو سه‌باره‌ت به‌وه‌ی كام لایه‌ن هێرشه‌ ئاسمانییه‌كه‌ی ئه‌نجامداوه‌، وتی كه‌ رای وایه‌ یان هاوپه‌یمانێتی نێوده‌وڵه‌تیی به‌ رێبه‌رایه‌تیی ئه‌مریكا یان هێزه‌ عیڕاقییه‌كان ئه‌نجامیاندابێت.

رامی عه‌بدوڕه‌حمان سه‌باره‌ت به‌ گریمانه‌ی خۆی بۆ هێزی هاوپه‌یمانان روونی كرده‌وه‌ كه‌: بۆیه‌ ده‌ڵێم ئه‌گه‌ری هه‌یه‌ هاوپه‌یمانان به‌ رێبه‌رایه‌تیی ئه‌مریكا ئه‌مكاره‌ی ئه‌نجامدابێت، چونكه‌ به‌تایبه‌تیی ئه‌مریكا له‌م ناوچه‌یه‌ هێرشی یه‌ك له‌ دوای یه‌ك له‌ دژی چه‌كدارانی داعش ئه‌نجامده‌دات.

له‌لایه‌كی دیكه‌شه‌وه‌ ئاژانسی هه‌واڵی سووریا له‌ راپۆرتێكدا رایگه‌یاندووه‌ كه‌ ئه‌و هێرشانه‌ له‌لایه‌ن هاوپه‌یمانان به‌ رێبه‌رایه‌تی ئه‌مریكا ئه‌نجامدراوه‌.

هه‌ڵبه‌ت تا ئێستا هاوپه‌یمانێتیی نێوده‌وڵه‌تیی نه‌ ره‌تیكردووه‌ته‌وه‌ و نه‌ پشتڕاستی كردووه‌ته‌ كه‌ هێرشه‌كه‌ كاری ئه‌وان بووبێت.

سه‌رچاوه‌ / یۆرۆ نیوز
مه‌سعود / كوردستان تیڤی