Erbil 15°C پێنجشەممە 28 ئازار 12:44

وەزارەتی خوێندنی باڵا لیستی نوێی زانکۆ باوەڕپێکراوەکانی جیهانى بڵاوکرده‌وه‌

ناوى زانکۆ باوەڕپێکراوەکانی جیهان
کوردستان TV
100%


وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە ڕاگەیاندراوێکدا، لیستی نوێی زانکۆ باوەڕپێکراوەکان و مەرجی خوێندنی لە دەرەوەی وڵات، بڵاو کردەوە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 12/10/2017، وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ڕاگەیاندراوێکی بڵاو کردەوە، كه‌ تێیدا ھاتووە، وەزارەتی خوێندنی باڵا لیستی نوێی ئەو زانکۆیانەی دەرەوەی وڵات ڕادەگەیەنێت، کە لەمەودوا لەلایەن وەزارەتەوە پەسەندکراو و باوەڕپێکراون، بۆ مەبەستی مۆڵەتی خوێندن و تواناسازی و ھەموو جۆرەکانی دیکەی خوێندن لەدەرەوەی وڵات و یەکسانکردنی بڕوانامەکان.

تیشک خراوەتە سەر ئەوەش، کە ئەم لیستە لەلایەن د.یوسف گۆران، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی پەسند کرا، لەسەر بنەما و پێوەری زانستی ئامادە کراوە و سوود لە سیستەمە جیاکانی ڕیزبەندیی نێودەوڵەتی و نیشتمانیی زانکۆکانی وڵاتانی جیھان وەرگیراوە.

ئەو خوازیارنەی دەیانەوێت لە دەرەوەی وڵات درێژە بە خوێندن بدەن، پێویستە ڕەچاوی ئەم خاڵانەی خوارەوە بکەن:

1 - لیستی نوێی زانکۆ پەسەندکراوەکانی دەرەوەی وڵات لەلایەن وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ھەرێمی کوردستان لە بەرواری 1/9/2017ەوە کاری پێ دەکرێت.

2 - پابەندبوون بەم لیستە، پێشکەشکارانی ھەموو جۆرەکانی خوێندنی باڵا (ماستەر و دکتۆرا) لەدەرەوەی وڵات دەگرێتەوە (مۆڵەتی خوێندن، تواناسازی و زەمالە)، ھەروەک ئەو کەسانەش دەگرێتەوە کە دەخوازن بەشێوازی (نفقه‌ خاصه‌ و مۆڵەتی بێ مووچە) دەیانەوێت درێژە بە خوێندن بدەن.

3 - ئەو کەسانەی لە دوای ئەم بەروارەوە داواکاری بۆ خوێندن لە دەرەوەی وڵات پێشکەش دەکەن، پێویستە (ئۆفەری خوێندن، کۆرسی زمان و کۆرسی ئەکادیمی) لە یەکێک لەو زانکۆیانە بەدەست بھێنن، کە لە لیستەکەدا ناوی ھاتووە، بە پێچەوانەوە لە دوای گەڕانەوەیان مامەڵەی یەکسانکردنی بڕوانامەیان بۆ جێبەجێ ناکرێ.

4 - پێشکەشکارانی ھەموو جۆرەکانی خوێندن لە دەرەوەی وڵات، پێویستە بەر لە ڕۆیشتن سەردانی فەرمانگەی نێردراوان و پەیوەندییە ڕۆشنبیرییەکان لە دیوانی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بکەن، بۆ مەبەستی دڵنیابوون لە بوونی زانکۆکەیان لە لیستی زانکۆ پەسەندکراوەکانی وەزارەت و کردنەوەی فایلی خوێندن لە بەڕێوەبەرایەتیی نێردراوان لە دیوانی وەزارەت.

5 - ئەو کەسانەی کە لە دەزگا و دامەزراوەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دانەمەزراون و خوازیارن لە دەرەوەی وڵات درێژە بە خوێندن بدەن، دوای تەواوکردنی خوێندن دەیانەوێت لە ھەرێمی کوردستان کار بکەن،  پێویستە بە ھەمان شێوە لە بەرواری 1/9/2017ەوە، پابەند بن بە لیستی نوێی زانکۆ پەسەندکراوەکانی دەرەوەی وڵات.

6 - بڕیاری پابەندبوون بە لیستی نوێی زانکۆ پەسەندکراوەکانی دەرەوەی وڵات ئەو کەسانە ناگرێتەوە، کە دانیشتووی دەرەوەی عێراقن و ڕەگەزنامەی بیانیان ھەیە. 

7 - لیستی نوێی زانکۆ پەسەندکراوەکانی دەرەوەی وڵات ئەو کەسانەش ناگرێتەوە، کە پێش بەرواری 1/9/2017، لە دەرەوەی وڵات دەستیان بە خوێندن کردەوە، بەڵکو بە لیستی پێشتر مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێ.

لەلایەکی دیکەوە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ئاگاداری خوازیارانی خوێندن لە دەرەوەی وڵات دەکات، کە بۆ ھەر ئاستێکی خوێندن بێ (دبلۆم، بەکالۆریۆس، ماستەر، دکتۆرا، بۆرد و پۆست دکتۆرا)، پێویستە بەر لەوەی بڕۆنە دەرەوەی وڵات، دەبێ لە فەرمانگەی نێردراوان و پەیوەندییە ڕۆشنبیرییەکان/ بەڕێوەبەرایەتیی نێردراوان فایلی خوێندن بکەنەوە، بە پێچەوانەوە دوای گەڕانەوەیان، کاری یەکسانکردنی بڕوانامەیان بۆ ڕایی ناکرێ.

ھاوکات وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی خوازیارانی خوێندنی پزیشکی ئاگادار دەکاتەوە، بە تایبەت ئەوانەی دەخوازن لە دەرەوەی وڵات درێژە بە خوێندن بدەن، لە بوارە جیاکانی پزیشکی و بڕوانامەی بەکالۆریۆس بەدەست بێنن، پێویستە بەر لە ڕۆیشتنیان پشتگیری و لارینەبوونی وەزارەتی تەندروستی بھێنن و لە فەرمانگەی نێردراوان و پەیوەندییە ڕۆشنبیرییەکان/ بەڕێوەبەرایەتیی نێردراوان فایلی خوێندن بکەنەوە، بە پێچەوانەوە دواتر لە گەڕانەوەیان، کاری یەکسانکردنی بڕوانامەکەیان بۆ ناکرێ.

وەزارەتی  خوێنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، لە ڕاگەیاندراوەکەدا، ئاماژە بەوەش دەکات، کە ھەر لەو چوارچێوەیەدا و بە ئامانجی کارئاسانیکردنی پڕۆسەی یەکسانکردنی بڕوانامەکان لە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، لەسەر ڕاسپاردەی د.یوسف گۆران، پڕۆسەی یەکسانکردنی بڕوانامەکان بە ئەلیکترۆنی کرا، ئێستا بەشێوەی ئەلکیترۆنی کاروباری یەکسانکردنی بڕوانامەکان بەڕێوە دەچێت.

لە ڕاگەیاندراوەکەدا باس لەوەش کراوە، کە بە ئەلیکترۆنیکردنی پڕۆسەی یەکسانکردنی بڕوانامەکان ھەنگاوێکی دیکەی گرنگی وەزارەتەکەیانە، چونکە پێشتر فشارێکی زۆر لەسەر ئەو بەڕێوەبەرایەتییە ھەبوو، ڕاییکردنی کاروبارەکانی یەکسانکردنی بەو سیستمە کلاسیکییە نەیدەتوانی لەگەڵ پێشھاتەکاندا بڕوات، بۆیە لێرە بەدواوە ھاووڵاتییان دەتوانن ھەر لە ماڵی خۆیان بەبێ ئەوەی ڕێگەیەکی دوور ببڕن، دەتوانن مامەڵەکانیان بۆ پڕۆسەی یەکسانکردنی بڕوانامەکان دەست پێ بکەن، ئەوەش خراوەتەوە ڕوو "ئەوەش دەسکەوتێکی گەورەیە بۆ ھاووڵاتییان، چونکە بەھیچ شێوەیەک مامەڵەی بەشێوەی دەستی لە ھاووڵاتییان وەرناگیرێت، لەھەمان کاتدا بەدەسکەوتێکی گەورەتر بۆ بواری ئەکادیمی لە کوردستان دادەنرێت".

لەو پڕۆسەیەدا، خوازیاران بەشێوەی ئۆنلاین دەتوانن داواکاری بۆ یەکسانکردنی بڕوانامەکان لە ڕێگەی وێبسایتێک پێشکەش بکەن، لەسەر ئەو وێبسایتەدا سەرجەم زانیاری و دۆکیۆمینتەکانی پێشکەشکردن، لیستی ناوی زانکۆ باوەڕپێکراوەکان و پرسیارە دووبارەکان دانراوە، بۆیە خوازیار بەر لەوەی داواکاری بەشێوەی ئۆنلاین پێشکەش بکات، دەبێ سەرجەم زانیارییەکان بەوردی بخوێنێتەوە پاشان داواکاری پێشکەش بکات، ئەوەش وادەکات ھیچ مامەڵەیەکی ھاووڵاتییان دوو مانگ زیاتر نەخایەنێت.

بۆ بینینیى ناوى زانكۆ باوه‌رپێكراوه‌كان كلیك له‌سه‌ر ئه‌م لینكه‌ى خواره‌وه‌ بكه‌ن:-

https://drive.google.com/file/d/0B3ZCxZg0AwksMjVEVU94XzIzdDg/view

كوردستان تیڤی/ رفعت مزورى


 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.