Erbil 15°C پێنجشەممە 28 ئازار 12:08

سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێشوازیی لە میرتەحسین بەگ و بابێ شێخ و ئەنجوومەنی ڕووحانیی ئێزدی کرد

سەرۆک بارزانی: نابێ ئەو ستەمانەی ڕابردوو لە گەلی کوردستان بەگشتی کراون دووبارە ببنەوە
کوردستان TV
#6
100%


ڕۆژی شەممە 23ـی9ـی2017 لە سەلاحەددین، بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆکئ هەرێمی کوردستان پێشوازیی لە بەڕێزان میرتەحسین بەگ میری ئێزدیان و بابێ شێخ و ئەنجوومەنی ڕووحانیی ئێزدی و شاندێکی فراوان لە کەسایەتیی ئەکادیمی و ڕۆشنبیران و پیاوماقوڵانی ئێزدی کرد.

لە دانیشتنەکەدا سەرەتا میر تەحسین بەگ، میری ئێزدیان، لە وتەیەکدا ڕایگەیاند کە بۆ ئەوە هاتووین پشتیوانیی تەواوی کوردی ئێزدی بۆ ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان بە جەنابتان ڕابگەیەنین. میری ئێزدیان جەختی لەوە کردەوە کە کوردستان وڵاتی ئێمەیە و ئێزدی هەرگیز پشتی کوردستان بەرنادەن و هەموومان ئامادەین بۆ دەنگدان بۆ سەربەخۆیی کوردستان. جەختیشی کردەوە: "کوردی ئێزدی بە خۆشی و ناخۆشی، لەگەڵ کوردستانن".

لەبەرانبەردا سەرۆک بارزانی وێڕای بەخێرهێنانی میر و بابێ شێخ و شاندەکە، پێی ڕاگەیاندن کە ئێزدییەکان لە ڕابردوودا دووجار غەدریان لێ کراوە، جارێک لەبەر ئەوەی کوردن و جارێکیش لەبەر ئەوەی ئێزدین. بەڵام ئیدی نابێ ئەو ستەمانەی ڕابردوو لە گەلی کوردستان بەگشتی کراون دووبارە ببنەوە و ئێزدییەکان و سەرجەم پێکهاتەکانی کوردستان لەسایەی سەربەخۆیی کوردستاندا بەهەموو مافەکانیان دەگەن.

سەرۆک بارزانی ڕاشیگەیاند ئێمە فشارێکی زۆرمان هێنا تا توانیمان بەشێک لە مافەکانی پێکهاتە نەتەوەیی و ئایییەکان لە دەستووری عێراقدا بچەسپێنین. بەڵام لەسایەی سەربەخۆییدا، خۆمان دەستووری خۆمان دەنووسینەوە و تەواوی مافەکانی سەرجەم پێكهاتەکان لە دەستووری کوردستاندا دەچەسپێن.

 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.