گرژی پەیوەندیەکانی نێوان ئەمریکا و تورکیا و بەرەنجامەکانی

لەم کاتەدا تورکیا ناتوانێت جێگرەوەیێک بۆ ئەمریکا دابنێت
Thumbnail

پەیوەندیەکانی نێوان ئەمریکا و تورکیا زۆر هەوراز و نشێوی بە خۆیەوە بینیوە، هەردوو ووڵات گرنگیەکی زۆریان بۆ یەکدی هەیە، هەر لەبەر ئەوەشە کە تێکچوونی پەیوەندی نێوانیان بێ زیان نابێت بۆ هەردووکیان بەڵام بۆ تورکیا زیانەکەی زۆرترە. پەیوەندی نیوان ووڵاتانی گەورە لەگەڵ یەکدی جیاوازە لە پەیوەندی نێوان ووڵاتێکی زلهێز و وڵاتێکی تر کە لە ئاست و باڵایدا نەبێت.

تورکیا هەمیشە ووڵاتێکی گرنگ بووە بۆ ئەمریکا لە رووی جوگرافیای سیاسیەوە (جیۆپۆڵتیک) بەو پێیەی کە دەرگای چوونە ژورەوەی ئەمریکایە بۆ ناو رۆژهەڵاتی ناوەراست، لە دوای جەنگی جیهانی دووەم کاتێک لە ٤/٤/١٩٤٩ رێکخراوی سەربازی ناتۆ دامەزرا لە واشنتۆن، مەبەستی ئەوە بوو کە دژی (رێکخراوی سەربازی وارشۆ) بێت کە لە ووڵاتانی یەکێتی سۆڤیەت پێکهاتبوون. هەردوو رێکخراو زۆر گرنگیان بە تورکیا دەدا، لە ساڵی ١٩٥٢ تورکیا کۆتایی بە بێلایەنی خۆی هێنا و بووە ئەندام لە ناتۆ. گرنگی تورکیا لەوەدا بوو کە ئەمریکا چەکی ئەتۆمئ خۆی لە بنکەی سەربازی ئەنجەرلیک جێگیر کرد و رووسیاش چەکی ئەتۆمی لە ووڵاتی کۆبا چێگیر کرد وەک کاردانەوەیێک دژی ئەم رێکارەی ئەمریکا، ئەو تەنگژەیە بە قەیرانی ١٣ رۆژ ناسراوە لە مێژووی سیاسیدا.

لە ساڵی ١٩٩١ کاتێک ئەنجومەنی ئاسایش بریاری سەپاندنی ناوچەی دژە فرینی دا لە هەرێمی کوردستان، تورکیا زۆر بە گەرمی پێشوازی لەو بریارەی کرد و پشتگیری کرد. لە دوای ئەو هەموو مێژوە دوور و درێژەی هاوپەیمانی نێوان ئەمریکا و تورکیا، بۆ ئێستا پەیوەندییان گەیشتۆتە ئاستێکی خراپ؟

نزیک بوونەوەی تورکیا لە رووسیا هێلی سوورە بۆ ئەمریکا بەو پێێەی کە شوێنی جوگرافی تورکیا زۆر هه‌ستیارە بۆ سیاسەتی دەرەوی ئەمریکا، رووسیا بە نزیک بوونەوەی لە تورکیا دەیەوێ پێگەی خۆی لە رؤژهەڵاتی ناوەراست توندتر و زیاتر بکات و کاربکاتە سەر تورکیا کە سیاسەتی هەردوو ووڵات وەک یەک بێت لەسەر کێشەی سوریا.

 لە راستیدا کرینی موشەکی (ئێس-٤٠٠) بە مانای بێهیوا بوونی دەستەڵاتدارانی تورکیایە لە سیاسەتی ئەمریکا، تورکیا نایەوێت لە رووی سەربازیەوە لە ووڵاتانی تری رۆژهەڵاتی ناوەراست کەمتر بێت، وەک سعودیە کە زۆر چەکی ئەمریکی کریوە و هەروەها ئێرانیش کە بە هاوکاری چین و رووسیا توانای موشەکی خۆی پەرە پێدەدات، هەربۆیەش پاشگەز نەبووە لە کرینی موشەکی (ئێس-٤٠٠)، بەڵام کاردانەوی ئەمریکا بەرامبەر تورکیا دەتوانێت کاریگەریێکی گەورە لەسەر ئابووری ئە ووڵاتە دابنێت.

وولایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ئێستا چاودێری ئەو بەشانەی ئێس ٤٠٠ دەکات کە ئایا ئەو بەشانەن کە دژی فرۆکەن یان دژی مووشەکن، چونکە تا ئیستا هەموو بەشەکانی ئێس ٤٠٠ بەدەست تورکیا نەگەیشتوون. بێ شك کاتێک باسی گەمارۆکان دەکرێت لە لایەن ئەمریکاوە، هەمیشە گەمارۆی ئابووری دێتە بەرچاو بەڵام، ئەمجارە سزای زیاتر بەسەر تورکیادا دەسەپێندرێت وەک:

ئەمریکا بریاری داوە تورکیا بێبەش بکات لە کرین و لە یارمەتیدانی بۆ دروستکردنی فرۆکەی (ئێف-٣٥)، هەروەها سزای بانکی توند بەسەر تورکیا دەسەپێندرێت و ناردنی پارە لە تورکیاوە بۆ دەرەوە و لەدەرەوەش و بۆ تورکیاش گرفتی بۆ دروست دەبێت.

ئەمریکا سزای ئاڵوگۆری بازرگانی دەسەپینێت بەسەر تورکیا لەوانەیە رێژەی ئالوگۆری نێوان تورکیا و ئەمریکا کەم ببێتەوە، لەم کاتەشدا تورکیا ناتوانێت جێگرەوەیێک بۆ ئەمریکا دابنێت، چونکە توانا بازرگانیەکەی ئەمریکا پێوانە ناکرێت لەگەڵ هیچ ووڵاتیکی تردا لەم کاتەدا. ئەمریکا دەتوانێت رێگری بکات لە پێدانی قەرز بە تورکیا، گرنگتر لەوە ئەمریکا و خودی دۆنالد ترەمپ دەتوانێت لە رێگەی نوێنەری خۆی لە (سەندوقی دراوی نێودەوڵەتی)ەوە رێگری بکات لە پێدانی هەر قەرزێک بە تورکیا.

گەمارۆکان رەنگە بکەوێتە سەر هەندێک لە کەسایەتی سیاسی تورکیا بە تایبەتی ئەو کەسایەتییانەی کە لە کرینی سیستەمی (ئێس-٤٠٠) بەشدار بوون ، بە دڵنیایەوە کەسایەتی خاوەن پۆستە باڵاکان دەگرێتەوە.

نرخی لیرەی تورکی بێگومان بە رێژەیێکی بەرچاو دادەبەزێت، بینیمان لە ساڵی رابردوو، کاتێک تورکیا قەشەیێکی ئەمریکی بە ناوی (ئەندرێو برەنسۆن) دەستگیرکرد، گرژیەکان چوونە خراپترین ئاست و لیرەی تورکی زۆر دابەزی، بێگومان ئەمجارە کێشەکە زۆر لە قەشەیێک زیاترە و گاریگەریەکەشی گەورەتر دەبێت.

 لە یەکەم رؤژی وەرگرتنی بەشەکانی (ئێس-٤٠٠) لیرەی تورکی بە بەهای ١.٨ دابەزی، هەرچەند ئەمە داکشانیکی کەمە بەڵام بێگومان داکشانی زیاتری بەدوادا دێت.

هەرچەند تورکیاش دەتوانێت یاری بە هەندێک لە کارتەکانی بکات، وەک داخستنی ئەنجەرلیک و رێگە نەدات بە ئەمریکا بۆ جێگیرکردنی چەکی ئەتۆمی لەو فرۆکەخانە سەربازیە، بەڵام کارتەکانی تورکیا بەو رێژەیە کاریگەریان نابێت لەسەر ئەمریکا بەتایبەتی کە تورکیا لە ئێستادا لە دۆخێکی دژواری سیاسی و سەربازی و ئابووریە، هەم لە ناوخۆی ووڵات و هەمیش لە سیاسەتی دەرەوەی خۆیدا.