بەردەوامی کێبرکێی سەربازی لە نێوان زلهێزەکان

ریالیستەکان دەبن بە دوو جۆر، ریالیستی هێرشبەر و ریالیستی بەرگریکەر
Thumbnail

کێبرکێی وڵاتان لەسەر بەهێزکردنی توانای سەربازی خۆیان لە سەرەتای مێژووەوە بەردەوام بووە تاکۆ ئێستا و هەر بەردەوامیش دەبیت. سەرەتا پیویستە ئەو تیۆریە شی بکەینەوە کە باس لە بەهێزکردنی سەربازی وڵاتان دەکاتەوە. تیۆری ریالیزم (واقعبینانە)(Theory of Realism) باس لەوە دەکات کە دەبێ وڵات هەمیشە بیر لە بەهێزی خۆی بکاتەوە. ئەم تیۆریە لە ئەنجامی دژایەتی تیۆری ئایدیالیزم (Theory of Idealism) دروستبوو. تیۆری (ریالیزم پیی وایە کە دەبێ بابەتەکان وەک خۆی ببیرێن و واقعیانە سەیر بکرێن نەک بە خەیاڵ لێی براونرێن). بناغەی ئەو تیۆریە دەگەرێتەوە بۆ سەردەمی میکاڤیللی و هۆبز کە هەردووکیان بە جیا باسیان لە پیویستی بەهێزی دەوڵەت کردووە. لە ناوەراستی سەدەی ٢٠ (مۆرگینساو) بیرمەندی سیاسی ئەو باسەی کردە تیۆر و بە (ریالیزم) ناوی برد، لە دوای ئەو ئیتر (والتز کێنز) ئەو تیۆریەی نوێ کردەوە و (نیو ریالیزم)ی داهێنا، کە زیاتر داکۆکی کاری بەهێزی دەوڵەتە لە سیستەمی جیهاندیدا. بەڵام بۆ وڵاتان هەمیشە بە دوای بەهیزبوونی خۆیانن سەرەرای هەبوونی ئەو هەموو یاسا نیودەوڵەتیانە؟

)جۆن میرشایمر) یەکێک لە ریالیستەکانی ئەم سەردەمە پێی وایە، کە دەوڵەت لە ئێستادا لە سیستەمی (ئەنارشی) دایە کە دەستەڵاتێکی باڵا بوونی نیە کە ئەو دەوڵەتانە پەنای بۆ ببەن لە کاتی رووبەرووبوونەوەی کێشەی سیاسی و هێرشی سەربازی، ئەمە بەو مانایەیە کە وڵاتان ناتوانن هیچ کات دڵنیا بن لەوەی هێرشی ناکرێتە سەری، هەموو ئەوانە دەبنە هۆی ئەوەی کە دەوڵەت هەموو کارێک بکات کە بتوانێت بۆ زیاتر بەهێزبوونی خۆی.

ئەو هۆکارەی کە دەوڵەت دەیەوێ بەهێز بێت و بەدوای ‌هێزدا بگەرێت، ئەوەیە کە لەو بارودۆخەدا هیچ وڵاتێک نیە بتوانێت هێرشی بکاتە سەر، زیاتر بەهێز بوون بەمانای لەناوبردنی ترسی هێرشکردنە سەر، ئەگەر دەوڵەتێک بێهێز و بچووک بێت لە سیستەمی نێودەوڵەتیدا، ئەگەر دەوڵەت زۆر بەهێز نەبێت چێ روودەدات؟ بێگومان وڵاتانی گەورە و بەهێز دەتوانن باڵادەستی خۆیان بسەپێنن. وە دیسان، چونکە سیستەمەکە (ئەنارشی)یە بە مانای (فەوزەوی)، هیچ هێزێکی سەرەکی نیە کە دەوڵەت بتوانێت پشتی پێ ببەستێت، وە بۆ دەربازبوون لەم مەترسیە بۆیە پێویستە بەهیز بێت دەوڵەت.

ریالیستەکان دەبن بە دوو جۆر، ریالیستی هێرشبەر و ریالیستی بەرگریکەر. هەرچی ریالیستی هێرشبەرە پێی وایە کە دەبێ دەوڵەت خۆی بەهێز بکات بۆ گەورەکردنی هەژموونی خۆی و زیاتر کردنی نفوزی خۆی لە سیستەمی نیودەوڵەتیدا، بەڵام ریالیستی بەرگریکەر پێی وایە کە دەبێ دەولەت خۆی بەهێز بکات بۆ ئەوەی بەرگی لەخۆی بکات لە کاتی هەر جۆری ‌هێرشێک کە دەکرێتە سەری.