هەژموون و فراوانخوازی وڵاتی تورکیا تا کوێ...؟

نابینێریت ئەم فراوانخوازییە لەسەر ئاستی نێودەولەتی لە تورکیا قبول بکرێت
Thumbnail

دوای ڕووخان و کۆتای هاتنی ڕژێمی بەحس لەدوای سالی ٢٠٠٣یەوە گۆڕانکاریێکی بەرچاو لە سیستەمی سیاسی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕوویداوە، لەم نێوەندەدا دەستێوەردانێکی یەکجار فراوان لەخاکی هەردوو وڵاتی دراوسێی عێراق و سوریادا کراوە، لەم ماوەیەدا دیارە وڵاتی تورکیاش بە هەماهەنگی زۆرێک لە وڵاتانیتر توانیویەتی تا ڕادەیێک دەستێوەردان لە هەژموونی عێراق و سوریادا بکات، بەتایبەت بەبیانووی پاراستنی پشتێنەی ئەمنی وڵاتەکەی لە هێرشی دەرەکی هەلساوە بە بەزاندنی سنوورییان بە درێژایی سەدان و بەقوڵای دەیان کیلۆمەتر چووەتە ناو سنووری خاکی ئەم دوو وڵاتە.

تورکیا سەرەرایی ئەو خاکە فراوانە و ناوچە جوگرافیایەی کە هەیەتی، لەئێستادا بەنیازی دروستکردنەوەی سنوورێکی فراوانتری نزیک لە قەبارەی دەوڵەتی عوسمانیای جارانە، هەر بۆیە ڕۆژ بەڕۆژ هەژموونی خۆی بەسەر وڵاتانی دراوسێدا زیاتر دەکا بەتایبەت لەو ناوچە سنووریانە کە دەسەڵاتێکی باڵایان نیە لە گۆڕەپانی سیاسی نێودەولەتیدا.

بەڵام ئەمەی ئێستا تورکیا بەنیازە بیکا لەبەشی باکوری واتە لە ناوچەسنووریە ئاویەکانی یۆنان ئەنجام ئەدا، جیاوەزە لەگەڵ ئۆپەراسیۆنەکانیتری کەلەبەشی باشوور و ڕۆژئاوای وڵاتەکەی ئەنجامداوە، چونکە وڵاتی یۆنان بێجگەلەوەی کە ئەندامە لە "ڕێکخراوی ناتۆ" هەروەها یەکێکە لە ئەندامە دڵسۆزەکانی "یەکێتی ئەوروپا" بۆیە بەپێی ئەو هەلو مەرجانەی کە ڕێخراوی ناتۆ بۆ دەوڵەتانی دیاریکردووە لەهەر کاتێکدا هەر ئەندامێکی ناتۆ ڕووبەڕوی مەترسی هەڕەشەو داگیرکاری سنوور ببێتەوە، وڵاتانی ئەندام بۆیان هەیە هەموویان لەدژی ئەو ڕووبەڕوبوونەوەیە یەکبگرن و پشتگیری ئەو وڵاتە بکەن کە هێرشی کراوەتەسەر.

چونکە بەپێی ماددەی (٥)ی پەیمانی باکوری ئەتلەسی هێرش بۆ سەر هەریەکە لە وڵاتانی ئەندام لە ناتۆ وکو هێرش کردنە بۆ سەر هەموو وڵاتە ئەندامەکان و دەبێ هەموویان دژی بوەستنەوە، ئەگەر چی هەردوو لە وڵاتانی تورکیا و یۆنان لەسالی ١٩٥٢یەوە ئەندامن لە "ڕێکخراوی ناتۆ" بەڵام ئەوە لەبەرچاوە کە تورکیا پێشێلکاری ناوچەکە دەکا، بۆیە بەپێی "تیوری ڕیالیزم" بەڕەوا نابینێریت کە ئەم فراوانخوازییە لەسەر ئاستی نێودەولەتی لە تورکیا قبول بکرێت، بەدووریش نییە لەماوەیێکی نزیکیشدا دەوڵەتانی زلهێزی ئەندام پشتگیری خۆیان بۆ وڵاتی یۆنان دەرببڕن و سزاو هەل و مەرجی تایبەت بەسەر تورکیادا بسەپێنن، بەتایبەت لەڵایەن هەردوو وڵاتی فەڕەنسا و ئەلمانیا کە بەشێوەیێکی تەواو دژی ئەم فراوانخوازییەی وڵاتی تورکیان سەرەرای ئەمەش کە مافی ڤیتۆیان هەیە لە "ناتۆ"دا.

هەرەوەها لەڕوویی پڵان و نەخشە بۆ داڕێژراوەوە ڕەنگە ئەمە یەکێکبێت لە تەلەکانی وڵاتانی زلهێز بۆ دەستێوەردانی سیاسی لە ناو جەرگەی وڵاتی تورکیا لەئایندەدا و کۆتایی هێنان بە ڕژێمی رەجەب تەیب ئۆردوگان، وە دەکرێت ئەمە تاکتیکی ئەمریکابێت کە گوریسەکە بۆ تورکیا شڵ بکا ئاخۆ فراوانخوازییەکەی تاکوێ دەچێ....؟

هەروەک چۆن گلۆپی سەوزی بۆ (سەدام) داگیرساند لە پڵانی داگیرکاری وڵاتی کوێت، دواتر بە دەستدرێژی بۆسەر وڵاتانی کەنداو تاوانباریکرد. بەدوریش نییە کە لەم چەند سالەی ئایندەدا وڵاتی تورکیاش وەک وڵاتانی سوریا و عێراق و وڵاتانیتر دەستێوەردانی تێدابکرێت و بۆچەند ڵایەنێک دابەشبکرێت.

ئەگەرچی لەڕوویی چەک و سەزبازییەوە تورکیا بەهێزترە و یەکێکە لە وڵاتە زلهێزەکانی ناتۆ، بەڵام چونکە یۆنان شوێنێکی ستراتیژییە و گرنگی تایبەتی هەیە بۆ وڵاتانی ئەوروپا، ئەستەمە ڕێگە بەوەبدرێت و قبولی ئەوە بکرێت کە سنووری ئاوی وڵاتێکی ئەندام لە یەکێتی ئەوروپا بکەوێتە ژێر دەسەڵاتی وڵاتێکی بیانی و هەڕەشەی داگیرکاریی لێبکرێت.

بۆیە وڵاتانی ئەوروپا هەرگیز ڕێگە بەوە نادەن کە تورکیا دەست تێوەردان لە ناوچە ئاوییەکانی یۆناندا بکات و هەژموونی خۆی لەناوچەکەدا بسەپێنێت.