خەڵك .. حكومه‌ت.. حزب

پێویستە حزبەكان خۆیان لە مەسەلە نیشتمانییەكان یەكلا بكەنەوە
Thumbnail

باشترین ئەو هەنگاوانەی كە پێویستە خەڵك و حكومەت و حزبەكانی هەرێم له‌م قۆناغه‌دا هەڵی بنێن!
‎حكومەتی هەرێم هەوڵێكی دپلۆماتی، سیاسی، یاسایی، مرۆیی، ئیعلامی، بۆ نێوەندی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەست پێ بكات، بەهەر شێوازێكی بۆی دەلوێت بیكات و بیگەیەنێت و ئەو پێنج فشارە زۆر بەگەرمی دەستپێبكات.


‎حكومه‌ت هەرچۆنی بۆی دەكرێت كارێكی باش لەسەر ئاسایشی كۆمەڵایەتی و هێوركردنەوەی دەماری گرژی سیاسی خەڵك بكات و كێشەی مووچەش ئه‌گه‌ر وه‌ك پیویست چارەسەریش نەكرێت، روونكردنەوەی پێویست بۆ خەڵك بدرێت و خەڵك هەست بە ئارامیی بكات كە بەشە مووچەكەی ناخورێت، بەڵكو نیە بدرێت، نەبوونەكەشی هۆكاری هەڵوێستە نیشتمانییەكانمانە نەك ئەوەی كە نەیاران پڕوپاگەندەی بۆ دەكەن، هاوكات حكومەت داوا لە موستەفید و دەوڵەمەندەكان بكات بەهەر شێوەیەكی كە گونجاوە هاوكاریی حكومەت بكەن بۆ ئەوەی حكومەت بتوانێ هاوكاریی خەڵك بكات، ئەمە ئەگەر هەر بەرهەمی نەبێتن، دەكرێت بكریته‌ ئیجبارى، ئەگەر ئەنجامێكی باشی ماددیشی نەبێت لەڕووی مەعنەوییەوە بۆ خەڵك و حكومەتیش ئەنجامی دەبێت، حكومەت چەند لیژنەیەكی توند وتۆڵ و بەمتمانە بۆ چارەسەركردنی ئاریشەكانی خەڵك پێكبهێنێت هەرتەنیا ئیعتیماد لەسەر دەزگا كلاسیك و رۆتینەكانی نەكات .


‎پێویستە حزبەكان خۆیان لە مەسەلە نیشتمانییەكان یەكلا بكەنەوە و میساقێكی نیشتمانییان هەبێت بەیەكەوەیان ببەستێتەوە و نەتوانن لێی لابدەن شوێنێكی دیاریكراو هەبێت كە سەركردەی هەموو حزبەكان تێیدا ئەندام بن و هەر كێشەیەكیان هەبیێت لەوێ بە شەفافی باسی بكەن، نەك لە دەزگا ئیعلامییەكان،هەر حزبێكیش لەم میساقە دەربچێت بڕیاری ڕوون و ئاشكرای لەسەر وەربگیرێت بۆ ئەوەی چیتر حزبەكان خیانەت بەنیشتمانپەروەری بە خەڵك نەفرۆشن. 


‎نەیارانی كوردستان كارێكی زۆر لەسەر رەمزەكانمان دەكەن، دوای وەفاتی بەڕێزان مام جەلال و نەوشیروان مستەفا، بەڕێز مەسعود بارزانی ئێستا وەك تاكە سومبولی نیشتمانی و نەتەوەیی ماوەتەوە، پێویستە بەر لە خەڵك حزبەكان دەستی پێوەبگرن، چونكە هیچ گەل و نیشتمانێك لە قۆناغی رزگاری لە ژێردەستی، بەبێ سومبول ناتوانێ سەركەوێت، گەلان بەبێ بوونی سومبولێك قەت نەبووە بتوانن لەژێر دەستی رزگارببن، كەس بە دیموكراسییەت رزگار نەبووە ، بەداخەوە ئەم پرسە لەلای ئێمە تاڕادەیەك پێچەوانەكراوەتەوە.

 
‎یەكێتی نیشتمانیی كوردستان دەبێت پەلە بكات لەخۆ ساخكردنەوەی ناوخۆی حزبەكەی،خەڵكی كوردستان دەبێت لە وەها قۆناغێكدا جگە لە سەبرو تەحەمول دەبێت تۆزێكیش لە ژێر هەیمەنەی حزبەكانیان دەربچن و وەك خەڵكێكی ئاسایی بیر لە خۆیان و وڵاتەكەیان بكەنەوە و ببن بە عاملی خێر و عاملی فشاریش بۆ سەر حزبەكان و حكومەت و نەیارانیش، لەكۆتاییدا هەموو شتەكان بۆ خەڵكە و هەر دەبێت خەڵكیش بڕیار لەچارەنووسی خۆی بدات، چونكە هیچ هێزێك لە هێزی خەڵك بەهێزتر نییە، هەرچەندی دووژمن بیەوێت دژی ئەم هێزە بووەستێت ئەم هێزە ئەگەر خۆی كەلێن نەدات، قەت ناشكێت، هێزی گەل لەبن نەهاتووە، ئەو ئەزموونەش كەس بەقەد كورد نەیبینیوە، سەدان ساڵە كورد دەوڵەت و دەسەڵاتیش نەبووە چەندین دەسەڵاتی زەبەلاح كاریان لەسەر قڕكردنی كرد، كورد لەبن نەهات و لەبنیش نایەت، شكست هەیە و ئێمە جاری یەكەم نییە توشی نووچدان دەبین، ئەوەی ئێستەش بە یەكڕیزی هەمووان تێپەڕ دەبێت، بەهەر باجێك بێت نابێت بیر لەگەڕانەوە بۆ ژێردەستی بكرێتەوە ئەوەیان بەرپرسیارییەتێكی مێژووییە و ئۆباڵی لەعنەتی نەوەكانی داهاتوو و ئەم هەموو خوێنەی دراوە و ئەوەشی لەداهاتوو،دەدرێت لە ئەستۆ دەگرێت، هیچ تامێك لەتامی ژێردەستی تاڵتر نییه‌..