متمانه‌ی جیهان به‌ روانگای نێچیرڤان بارزانی

ده‌مێكه‌ كاتی هاتووه‌ له‌ دیدێكی چاره‌سه‌رخوازانه‌ی عه‌قڵانییه‌وه‌، له‌ جیاتی به‌ریه‌ككه‌وتن و نكۆڵی و رێگریی له‌یه‌كتر، ئه‌م ناوچه‌یه‌ ببێته‌ خاڵی به‌یه‌كگه‌یش
Thumbnail

دوابه‌دوای سه‌ردانه‌كه‌ی سه‌رۆك ئه‌مانۆئیل ماكرۆن بۆ هه‌ولێر، هه‌ینی داهاتوو سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانی له‌ له‌نده‌ن له‌گه‌ل سه‌رۆك وه‌زیران بۆریس جۆنسۆن كۆده‌بێته‌وه‌. جوڵه‌ دبلۆماسییه‌كانی پێشووتریشی له‌سه‌ر ئاسته‌كانی دیكه‌ی ناوچه‌كه‌ و جیهان و گفتوگۆكانی له‌گه‌ڵ سیاسه‌توان وكاربه‌ده‌ستانی عێراق، ئاماژه‌ دیاره‌كانی ئه‌و رۆڵ و نه‌خشه‌ن‌ كه‌ سه‌رۆكی هه‌رێم له‌سه‌ر ئاستی جیهان و ناوچه‌كه‌، هه‌ماهه‌نگ له‌گه‌ڵ كۆی وڵاتانی په‌یوه‌نددار و بایه‌خده‌ر به‌ عێراق و به‌ ده‌وروبه‌ره‌كه‌ی و به‌ رۆژهه‌ڵاتی ناوین، ده‌یبینێت.

بۆ عێراق و دراوسێكانی و ناوچه‌كه‌ش، دوای زه‌مه‌نێك له‌ ناسه‌قامگیری و بی چاره‌یی، ده‌بێ دید و نه‌خشه‌رێی دیكه‌ی چاره‌سه‌ر‌ بێنه‌ ئاراوه‌. ده‌بێ روانگه‌ی جدییتر و سوود وه‌رگرتوو له‌ هه‌ڵه‌كانی رابردوو و واقیعبین و چاره‌سه‌رخواز تاقیبكرێنه‌وه‌. ده‌نا جیهان ده‌بێ تا ئه‌به‌د له‌گه‌ڵ ئه‌م ناوچه‌یه‌ وه‌ك سه‌رچاوه‌ی مه‌ترسی بۆ سه‌ر ئه‌منیه‌ت و به‌رژه‌وه‌ندیی هه‌موان و شه‌پۆلی كۆچ و مه‌ینه‌تی و ته‌نانه‌ت شكستی دیموكراسی، به‌رخورد بكات.

ده‌مێكه‌ كاتی هاتووه‌ له‌ دیدێكی چاره‌سه‌رخوازانه‌ی عه‌قڵانییه‌وه‌، له‌ جیاتی به‌ریه‌ككه‌وتن و نكۆڵی و رێگریی له‌یه‌كتر، ئه‌م ناوچه‌یه‌ ببێته‌ خاڵی به‌یه‌كگه‌یشتن و ته‌كامولی به‌رژه‌وه‌ندی و لێكنزیكبونه‌وه‌ی ئیراده‌ سه‌نگه‌ر له‌یه‌كگرتووه‌كان. گه‌ر ده‌نگ و وویستی عه‌قڵ زاڵ بێت، عێراقی دوای داعش ده‌كرێ ببێته‌ گه‌وره‌ترین وه‌رشه‌ی بنیاتنانه‌وه‌ی وێرانییه‌كانی دوای شه‌ڕ و فه‌راهه‌مبوونی هه‌ل و فورسه‌تی سه‌رمایه‌گوزاری و گه‌شه‌ی ئابوری كه‌ هه‌م به‌ خێری عێراق و هه‌م به‌ قازانجی هه‌موو لایه‌ك بشكێته‌وه‌. ده‌كرێ عێراق له‌ گۆڕه‌پانی ته‌سفییه‌ی حسابات و شه‌ڕگه‌ی به ‌وه‌كاله‌ته‌وه‌، ببێته‌ مه‌یدانی كار و سه‌رمایه‌گوزاری و چنینه‌وه‌ی سوود و ئاڵوگۆڕی به‌رژه‌وه‌ندیی ئابوری هه‌مه‌لایه‌نه‌.

بۆ به‌دیهێنانی ئه‌م ئامانجه‌، ده‌بێ زه‌مینه و پشتیوانیی بۆ روانگای كاره‌كته‌ره‌ میانه‌ڕه‌و و دانوستانخواز و ئاینده‌بینه‌كان فه‌راهه‌م ببێت، ئه‌و سیاسه‌توانانه‌ به‌ سه‌نگه‌وه‌ بێنه‌ مه‌یدان كه‌ كه‌متر بۆ رابردوو و زیاتر بۆ ئاینده‌ و ئاینده‌سازی ده‌ڕوانن كه‌ به‌ هه‌ڵسه‌نگاندنی جیهانییان‌ بۆ روانگا و دنیابینیی سیاسه‌توانانی ناوچه‌كه‌، نێچیرڤان بارزانی یه‌كێكیانه‌.

جوڵه‌ دیبلۆماسییه‌كانی سه‌رۆكی هه‌رێم و پێشوازی لێكردن و راوێژپێكردنی و هاوبه‌شیپێكردنی له‌سه‌ر به‌رزترین ئاسته‌كانی جیهان، ئاماژه‌ن بۆ ئه‌و متمانه‌ و باوه‌ڕه‌ی كه‌ به‌ كاره‌كته‌ر و روانگه‌ و دونیابینییه‌كه‌ی هه‌یه‌ له‌ راسته‌ڕیكردنه‌وه‌ی دۆخی عێراق له‌ چوارچێوه‌ی ستراكچه‌رێكی نوێی ئاسانكار له‌ ناوچه‌كه‌دا.

له‌ دیدی نێچیرڤان بارزانیدا كێشه‌كانی هه‌ولێر- به‌غدا به‌ لێكگه‌یشتن، گرفته‌كانی عێراقیش به‌ دروستكردنه‌وه‌ی ئومێد و ده‌رفه‌ت و باوه‌ر بۆ عێراقییه‌كان و به‌ پێكه‌وه‌گرێدانه‌وه‌ی به‌رژه‌وه‌ندی و ئیراده‌ به‌ریه‌ككه‌وتووه‌كانی ووڵاتانی ناوچه‌كه‌ به‌ موباره‌كه‌ی نێوده‌وڵه‌تی دێته‌دی، ئه‌م تێڕوانینه‌ قوڵ و حه‌كیمانه‌یه‌ كه‌ جوڵه‌ دیبلۆماسییه‌كانی نێچیرڤان بارزانی به‌ هه‌ولێر و به‌غدا و به‌ پاریس و له‌نده‌ن و واشنتۆن و به‌ پایته‌ختی ووڵاتانی جیران و ده‌وروبه‌ردا پێكه‌وه‌گرێده‌دات، له‌ دواجاردا ده‌رخه‌ری ئه‌و راستییه‌‌ ئومێدبه‌خشه‌یه‌ كه‌ كوردستان له‌م پرۆسه‌یه‌دا گوێلێگیراو و راوێژپێكراو و رۆڵ بین و خاوه‌ن نه‌خشه‌ و له‌ كۆتاییشدا سوودمه‌نده‌.