هونه‌رمه‌ند سه‌لاح داوده‌( 1941-8/5/2009 - كه‌ركوك) 

جيا له‌و به‌رهه‌مانه‌ى له‌ڕاديۆ و ته‌له‌فزيۆن تۆمارى كردوون،به‌ده‌يان ئاهه‌نگى  له‌ماڵان  له‌ كه‌ركوك و شاره‌كانى كوردستان له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ندان تۆماركردووه‌
Thumbnail

ده‌نگێكى خۆڕسك و بێخه‌وه‌ش و  دره‌وشاوه‌ى هونه‌رى ميللى له‌بوارى مه‌قام و به‌سته‌دا ، له‌ده‌رگاى بيرو هۆشم وهانم ده‌دا كه‌ پێنووس بگرمه‌ ده‌ست و يادێك له‌و هونه‌رمه‌نده‌ هه‌ژار و نه‌دار و فره‌ به‌خششه‌ به‌گه‌نجينه‌ى هونه‌رى ئاواز و مه‌قام و به‌سته‌ى كوردى بخه‌مه‌ سه‌ركاغه‌ز، هه‌رچه‌ند ده‌كه‌م نازانم له‌به‌ر ده‌وڵه‌مه‌ندى هونه‌ره‌  ڕه‌سه‌نه‌كه‌ى له‌كوێوه‌ ده‌ست پێبكه‌م .


كاتێك گه‌ره‌كمان بێت باس له‌ژيان و كاره‌ هونه‌رييه‌كانى  هونه‌رمه‌ند ( سه‌لاح داوده‌ ) بكه‌ين ، ناوێكى دره‌وشاوه‌و مامۆستاى ، مامۆستاى مه‌قام و به‌سته‌ى كوردى ( عه‌لى مه‌ردان ) دێته‌ پێشه‌وه‌ ئه‌ويش ( خدر بارام چاوه‌ش ) باپيرى هونه‌رمه‌ند سه‌لاح داوده‌يه‌ ، 
گه‌وره‌ هونه‌رمه‌ندى نه‌ته‌وه‌كه‌مان  مامۆستا عه‌لى مه‌ردان هيچ كات نه‌يشاردۆته‌وه‌ و هه‌ميشه‌ به‌ڕاشكاوى و ئه‌مانه‌ته‌وه‌ ئه‌و ڕاستييه‌ى دركاندووه‌ وتوويه‌تى من قوتابى (خدر بارام چاوه‌ش ) م، سه‌لاح داوده‌ى هونه‌رمه‌ند پێمان ده‌ڵێت ( ئانێ مامۆستا عه‌لى مه‌ردان زانى  من نه‌وه‌ى خدر بارامى چاوشم ، پێمى وت كاكه‌ من له‌ باباى تۆوه‌ فێر ئه‌م مه‌قامێله‌ بيم و ئێوه‌ گشتان گۆرانيوێژ و مه‌قاموێژن) (*1)  گڵكۆكه‌ت غه‌ريقى ڕه‌حمه‌ت بێت مامۆستا عه‌لى مه‌ردان ، بزانن به‌چ زمانێ شيرينى گه‌رميانى ئه‌و ڕاستييه‌ى دركاندووه‌ .
ڕه‌گ و ڕيشه‌ى هونه‌رى مه‌قامبێژى  و گۆرانيبێژى ( خدر بارام چاوه‌ش ) ڕه‌گى  له‌ناو خانه‌واده‌و بنه‌ماڵه‌كه‌يدا داكوتاوه‌ و ڕيشاڵى ڕه‌گه‌كانى درێژ بۆته‌وه‌و په‌ل و پۆى هاويشتووه‌ تاگه‌يشتۆته‌ هونه‌رمه‌ند سه‌لاح داوده‌ ، ئه‌ويش زۆر به‌ئه‌مانه‌ته‌وه‌ ئه‌و په‌يامه‌ پيرۆزه‌ى تا دواساته‌كانى ژيانى پاراست و  زۆر زه‌حمه‌ت و جه‌ورى كێشا  تا گه‌ياندييه‌  گه‌نجينه‌ى هونه‌رى مه‌قام و به‌سته‌ى نه‌ته‌وه‌كه‌ى .
هونه‌رمه‌ند سه‌لاح داوده‌ ، خاوه‌ن ده‌نگێكى ڕه‌سه‌ن و هه‌ڵقوڵاوى ناوچه‌يه‌كى فراوان و گرنگ و لانكه‌ى ( ئه‌ڵلاوه‌يسى و قه‌تار و خاوكه‌ر و خورشيدى و ئاى ئاى ) له‌ڕێي ده‌نگه‌ زوڵاڵه‌كه‌يه‌وه‌ پانتاييه‌كى فراوانى له‌ته‌واوى كوردستان داگير كردووه‌ ، ئه‌م هونه‌رمه‌نده‌ خۆڕسك و نه‌خوێنده‌واره‌ى نه‌ته‌وه‌كه‌مان ، هه‌مووكات به‌و پۆشاكه‌ ( كه‌واو سه‌ڵته‌ ) و سيماى بێ نازو ده‌م و دووى شيرينى و ئاوازه‌ به‌سۆزه‌كانى ئه‌وه‌ ده‌رده‌خه‌ن كه‌ هونه‌رمه‌ندێكى بێ فيزو ساده‌و خاكى، زاده‌ى نه‌ته‌وه‌يه‌كى بنده‌سته‌ و هه‌ميشه‌ له‌ژێر چه‌وسانه‌وه‌ى نه‌ته‌وايه‌تى و چينايه‌تيدا ناڵاندوويه‌تى .
هونه‌رمه‌ند سه‌لاح داوده‌  له‌ ( ئه‌لبوسه‌باح ) ه‌وه‌   بۆ  ناوه‌ندى عه‌لى مه‌ردان بۆ مه‌قام .....!
مامۆستا و هونه‌رمه‌ند (وريا ئه‌حمه‌د ) له‌ ديدارێكيدا له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ند (ناسرى ڕه‌زازى ، ساڵى 1984 دا  ده‌ڵێت ( بۆم هه‌يه‌ بڵيم چۆله‌كه‌ى سه‌رگوێسوانه‌كه‌شيان  له‌ هى خه‌ڵكى دى ده‌نگ خۆشتر بوونه‌ ) ئه‌و ده‌سته‌واژه‌يه‌  پڕاوپڕى  ژيانى هونه‌رى  بنه‌ماڵه‌ى هونه‌رمه‌ند سه‌لاح داوده‌يه‌ ، هونه‌رمه‌ند  ( سه‌لاح محه‌مه‌د خدر بارام چاوه‌ش) ناسراو به‌ ( سه‌لاح داوده‌ ) ، له‌خانه‌واده‌يه‌كى هه‌ژارى گه‌رميان و لێوان لێو له‌ هونه‌رى مه‌قامبێژى و ده‌نگخۆشيي ،  له‌ ناحيه‌ى ( ئه‌لبوسه‌باح) ى سه‌ربه‌شارۆچكه‌ى ( توزخورماتوو) له‌ساڵى (1941) به‌دنيا هاتووه‌،په‌روه‌ردگار منداڵێك ده‌به‌خشێت به‌خانه‌واده‌ى (محه‌مه‌د خدر) ئه‌و پياوه‌ى وه‌ك ميرات به‌هره‌ى ده‌نگخۆشيي و لێزانى و شاره‌زايي له‌ باوكيه‌وه‌ بۆ ماوه‌ته‌وه‌،هه‌موو ئه‌و خه‌سڵه‌ته‌ هونه‌رييه‌ پڕ چێژانه‌ له‌گه‌ڵ گه‌وره‌بوونى سه‌لاح وه‌ك ئه‌مانه‌تێك ڕێنوێنى ده‌كات و فێرى ده‌كات و هه‌ميشه‌ هانى ده‌دات، تا ئه‌و ڕێگا پيرۆزه‌ى مه‌قامبێژى و به‌سته‌بێژى كوێر نه‌بێته‌وه‌ و، مۆركى ڕه‌سه‌نايه‌تيه‌ ميللييه‌كه‌ ڕۆشن و به‌رده‌وام بێت . 
به‌هۆى ئه‌وه‌ى له‌ناو خانه‌واده‌كه‌يدا هونه‌رى مه‌قامبێژى و ده‌نگخۆشيي به‌ميرات بۆيان ماوه‌ته‌وه‌ و باوكى واته‌ ( محه‌مه‌د خدر ) ده‌نگخۆش و گۆرانيبێژى گونده‌كه‌يان و ناوچه‌كه‌بووه‌ ، به‌رده‌وام له‌كۆڕو كۆبوونه‌وه‌ و ديوه‌خانه‌كان و له‌ناو خزم‌ و دۆستانيدا، به‌ده‌نگه‌ خۆشه‌كه‌ى گۆرانى و مه‌قامى چڕيوه‌ ، بۆ ئه‌و كۆڕانه‌ سه‌لاحى كوڕى كه‌هێشتا منداڵبووه‌و له‌ته‌ك خۆيدا بردوويه‌تى بۆئه‌وه‌ى ئاشناى بكات و به‌و كه‌ش و ژينگه‌ لێوڕيژه‌ له‌به‌سته‌ و مه‌قام و شادى به‌خشه‌ ، به‌داخه‌وه‌ هونه‌رمه‌ند  نه‌توانراوه‌ بخرێته‌ به‌رخوێندن و له‌خوێندن بێ به‌ش بووه‌، ئه‌و به‌شداريكردنه‌ى له‌گه‌ڵ باوكيدا ده‌بێته‌ فێرگه‌يه‌ك بۆ سه‌لاح  و خه‌رمانه‌ى هه‌ست و سه‌ليقه‌ى هونه‌رى له‌وێوه‌ سه‌رچاوه‌ ده‌گرێت و ده‌بێته‌ سه‌ره‌تايه‌ك بۆ ده‌ركه‌وتنى به‌هره‌ى ده‌نگخۆشييه‌كه‌ى و له‌نێو كۆڕو كۆمه‌ڵ و خزم و كه‌س وكاردا گۆرانى ده‌خوێنێ ،
له‌ته‌مه‌نى (18) ساڵيدا له‌ئه‌لبوسه‌باحه‌وه‌  ماڵ ده‌گوازنه‌وه‌ بۆ شاره‌ دێرينه‌كه‌ى كوردان ، شارى كه‌ركوك و له‌ گه‌ڕه‌كى ( باداوا) نيشته‌جێ ده‌بن ، له‌م ژيانه‌ نوێيه‌ى شار بۆ ئه‌و نامۆ ده‌بێت ، به‌ڵام به‌هۆى به‌هره‌ى ده‌نگخۆشييه‌كه‌يه‌وه‌ و چڕينى به‌سته‌و مه‌قام،  هه‌ر زۆر زوو تێكه‌ڵاو به‌ خه‌ڵك ده‌بێت و ئاشنايه‌تى له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌نداندا په‌يدا ده‌كات، لێره‌وه‌ ده‌ستخۆشيي و به‌رده‌واميي و هاندانى ده‌ست پێده‌كات كه‌ بچێته‌ ئيزگه‌ى كوردى به‌غدا گۆرانى و مه‌قام تۆماربكات.
 هونه‌رمه‌ند( ئه‌حمه‌د داوده‌ 1926_1979) كه‌ يه‌كێكه‌ له‌هونه‌رمه‌نده‌  باڵه‌بانژه‌نه‌كانى گه‌رميان و كوردستان ، ئامۆزاى هونه‌رمه‌ند سه‌لاح داوده‌يه‌ كه‌ له‌ هونه‌رمه‌ند سه‌لاح داوده‌ به‌ته‌مه‌ن تر بووه‌ ، به‌هۆى به‌ناوبانگيي و تواناى باڵه‌بانژه‌نييه‌كيه‌وه‌ له‌ڕێگه‌ى سه‌رۆك هۆزه‌كه‌يان ( دارا به‌گ) چه‌ند جارێك چۆته‌ به‌غدا و ئاشنايه‌تى له‌گه‌ڵ مامۆستا ( عه‌لى مه‌ردان ) په‌يداكردووه‌ ، ده‌كرێت ئه‌وه‌ش بڵيم كه‌ هونه‌رمه‌ند ئه‌حمه‌د داوده‌ كاريگه‌ريي زۆرى له‌سه‌ر ده‌ركه‌وتن و پێگه‌ياندنى هونه‌رمه‌ند سه‌لاح داوده‌ هه‌بووه‌ جگه‌ له‌ ماڵباته‌ هونه‌رييه‌كه‌ى خۆى .
ئه‌حمه‌د داوده‌ى باڵه‌بانژه‌ن زۆر هاني هونه‌رمه‌ند سه‌لاح داوده‌ ده‌دات كه‌ له‌گه‌ڵيدا بچێته‌ به‌غدا بۆئيزگه‌ى كوردى ، هه‌ردوو هونه‌رمه‌ند به‌ڕێ ده‌كه‌ون بۆ شارى به‌غدا ، به‌رله‌وه‌ى بچنه‌ ئيستگه‌ ، ماوه‌ى (3) مانگ له‌به‌غدا ده‌مێننه‌وه‌ له‌لاى دۆست و ناسياوه‌كانيان ده‌مێننه‌وه‌، هه‌موو شه‌وێك كۆڕ و به‌زمى مه‌قام و به‌سته‌ تادره‌نگانێكى شه‌و سه‌لاح داوده‌ به‌ده‌نگه‌ خۆشه‌كه‌يي و ئه‌حمه‌د داوده‌ به‌باڵه‌نه‌كه‌ى ،ئه‌و كۆڕانه‌يان جوانتر و ڕازاندۆته‌وه‌و شادييان به‌ڕۆحى ئاماده‌بووان به‌خشيوه‌ ، دواى ئه‌و سێ مانگ مانه‌وه‌يان پاشان چوونه‌ته‌‌ ئيزگه‌ى كوردى به‌غدا.
هه‌ركه‌ ده‌چنه‌ ئيزگه‌‌  مامۆستا عه‌لى مه‌ردان پێشوازييان لێده‌كات ، چونكه‌ پێشتر له‌ ( له‌يلان ) ه‌وه‌ هاتووچۆ و ناسياوييان هه‌بووه‌ ، و په‌يوه‌ندى مامۆستا عه‌لى مه‌ردان و محه‌مه‌د خدرى باوكى هونه‌رمه‌ند سه‌لاح داوده‌ له‌و كاته‌وه‌ بووه‌ و نێوانيان خۆشبووه‌ ، له‌ساڵى (1949) مامۆستا عه‌لى مه‌ردان داواو ڕێنوێنى باوكى سه‌لاح داوده‌ى كردووه‌ كه‌ بچێته‌ ئيزگه‌ و ده‌نگى تۆماربكات چونكه‌ زانيويه‌تى كه‌ خاوه‌نى ده‌نگێكى خۆش و مه‌قامزانێكى به‌توانايه‌ ، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ نه‌چووه‌ و ئه‌و ده‌نگه‌ خۆشه‌ وه‌ك زۆر له‌ده‌نگخۆشه‌كانى  ترى كوردستان ده‌نگيان تۆمارنه‌كران  و له‌سۆزو چێژى هونه‌ره‌كه‌يان بێ به‌ش‌ بووين .
 مامۆستاو هونه‌رمه‌ند ( باكورى ) وه‌ك شايه‌تحاڵيك بۆيه‌كه‌م ديدارى له‌گه‌ڵ  هونه‌رمه‌ندان له‌ ئيزگه‌ى كوردى ئه‌وڕۆژه‌مان به‌م شێوه‌يه‌ بۆ ده‌گێڕيته‌وه‌ ( پايزى ساڵى 1957 بوو چوومه‌ ئيزگه‌ بۆ ئاهه‌نگى هه‌فتانه‌ى خۆم ، هێشتا كاتم مابوو بۆ تۆماركردن له‌ هۆڵه‌كه‌ دانيشتم مامۆستا عه‌لى مه‌ردانيش له‌وێ بوو، دواى كه‌مێك كابرايه‌كى به‌ته‌مه‌ن ، چاكه‌ت له‌سه‌ر كه‌وايه‌كى درێژ و قايشێكى له‌ناوقه‌دى به‌ستبووجه‌مه‌دانييه‌كى له‌سه‌ر به‌ستبوو به‌شێوه‌ى ده‌ستوورى كورده‌كانى كه‌ركوك.
له‌دواى ئه‌و (3) سێ مناڵ به‌هه‌مان شێوه‌ جل و به‌رگيان له‌به‌ر بوو هاتنه‌ ژووره‌وه‌ و سڵاويان كرد، مامۆستا عه‌لى مه‌ردان دياربوو پێشتر ده‌يناسين،وتى : ئه‌مه‌ (كاك ئه‌حمه‌د داوده‌يه‌) نه‌ى ژه‌نێكى بليمه‌ته‌،ئه‌وانيش مناڵى خۆيي و ئامۆزاكان له‌گه‌رميانه‌وه‌ و له كه‌ركوكه‌وه‌ ده‌عوه‌تمان كردوون و گۆرانى و مه‌قامى خۆش ده‌ڵێن، كوڕه‌ گه‌نجه‌كه‌ ڕه‌نگه‌ ته‌مه‌نى( 16 يان 17 ) ساڵ ده‌بوو ( مه‌به‌ستى سه‌لاح داوده‌يه‌ ) ئه‌وه‌كه‌ى تر چه‌ند ساڵێك بچوكتر بوو سێييه‌ميان زۆر مناڵ بوو ، دواتر زانيم ئه‌و تيپه‌ ڕه‌سه‌نه‌ ئه‌وانه‌ بوون ، 
1/ به‌ته‌مه‌نه‌كه‌  ( ئه‌حمه‌د نه‌ى ژه‌ن يان به‌أه‌بان ژه‌ن ) بوو.
2/گه‌نجه‌كه‌ مه‌قام و به‌سته‌ى ده‌گووت ناوى (سه‌لاح ) بوو 
3/ فايه‌ق سێيه‌مه‌كه‌ بوو .
4/ مناڵه‌كه‌ش (نه‌وزاد ) كوڕى كاك ئه‌حمه‌د بوو ، گشتييان له‌عه‌شره‌تى( داوده‌) ى گه‌رميان بوون. ) (*3)   
له‌و سه‌ردانه‌يدا هونه‌رمه‌ند سه‌لاح داوده‌ ، سه‌ره‌تاى ده‌ستپێكى گۆرانى و مه‌قام و خاوه‌نى ئه‌و ده‌نگه‌ زوڵاڵ و پڕ چێژه‌ بۆ ئيستگه‌ (9 )  مه‌قام و به‌سته‌ تۆمارده‌كات وده‌بێته‌ جێى خۆشحاڵى و په‌سه‌ندكردنى و له‌ئيزگه‌ى  كوردى به‌غداوه‌  ده‌نگه‌ زوڵاڵه‌كه‌ى سه‌لاح داوده‌ بڵاو ده‌كرێته‌وه‌ ، ئه‌و ده‌نگه‌ پر چێژه‌ خۆشه‌ گه‌رميانييه‌ سنووره‌كان ده‌به‌زێنێ و به‌كوردستاندا بڵاوده‌بێته‌وه‌ .بۆهه‌ربه‌سته‌و مه‌قامێك (2) دوو دينار ، واته‌ (18) هه‌ژده‌ دينارييان وه‌ك پاداشت داوه‌تێ.
باوكى هونه‌رمه‌ند سه‌لاح داوده‌ جيا له‌به‌هره‌ى ده‌نگخۆشييه‌كه‌ى شاره‌زايي له‌ ژه‌نينى (  زوڕنا ونه‌يي و ساز ) دا هه‌بووه‌ و هه‌وڵيشى داوه‌ كه‌ كوڕه‌كه‌ى فێرى ژه‌نينى ئه‌و ئامێرانه‌ بێت .
  باوك و كوڕى ده‌نگخۆش له‌چه‌ند ئاهه‌نگ وزه‌ماوه‌ندێكدا پێكه‌وه‌ گۆرانييان خوێندووه‌ ، ئه‌و گۆرانياينه‌ى ئه‌و كاته‌ كه‌ زۆر له‌سه‌ر زار و باو بوون بريتى بوون له‌ ( كراس زه‌ردێ ، پرسيم له‌چيمه‌ن ، كزه‌ى جه‌رگانم و گه‌ردوون من چيبكه‌م،،،،تاد ) به‌ڵام هه‌موو كات( باوكى پێى وتووه‌ كوڕم شه‌رم مه‌كه‌  گۆرانى و مه‌قام گوتن پشتاو پشت بۆ ئێمه‌ ماوه‌ته‌وه‌ و ئه‌مه‌ ئيش و كارمانه‌ ) (*2)
هونه‌رمه‌ند سه‌لاح داوده‌ ماوه‌ى (29) ساڵ له‌ژيانى خۆى ته‌رخانكردووه‌ بۆئيزگه‌ى كوردى به‌غداو چه‌ندين به‌سته‌و مه‌قامى تۆماركردووه‌ واته‌ له‌ساڵى (1957) وه‌ تا دوا چوونى بۆ ئيستگه‌ له‌‌ ساڵى (1986)  نزيكه‌ى  (60) گۆرانى و مه‌قامى تۆماركردووه‌ ،  زياتر له‌ ( 20) گۆرانى و مه‌قاميشى بۆ ته‌له‌فزيۆن له‌به‌غدا و كه‌ركوك  تۆماركردووه‌ ، يه‌كه‌م گۆرانى كه‌بۆ ته‌له‌فزيۆن  تۆمارى كردووه‌ ، گۆرانى ( كوێستانان خاڵ خاڵ ) له‌به‌غدا له‌ساڵى (1978) بووه‌،  هونه‌رمه‌ند به‌تۆماركردنى  مه‌قامى (ئه‌ڵڵاوه‌يسى ) و به‌سته‌ى ( ئامينێ نازه‌نينێ ) كۆتايي به‌ سه‌ردانه‌كانى بۆ ئيزگه‌ى كوردى به‌غدا ده‌هێنێ‌،  ئه‌وماوه‌يه‌ كه‌ هاتوچۆى ئيزگه‌ى كوردى به‌غداى كردووه‌ ، ئاشنايه‌تى و په‌يوه‌ندى زۆر و فراوانى له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌نده‌كانى ئه‌و كاته‌ دا په‌يدا كردووه‌ وه‌ك ( عه‌لى مه‌ردان ، حسێن عه‌لى ، ڕه‌سوڵ گه‌ردى ، شه‌ماڵ سائيب ، تايه‌ر تۆفيق و خوداداد عه‌لى  و....تاد).
هونه‌رمه‌ند جگه‌ له‌وه‌ى كه‌ ده‌نگخۆش و به‌سته‌ بێژ بووه‌ ، مه‌قامزان و مه‌قامناس و مه‌قامبێژێكى به‌تواناى گه‌رميان و هه‌موو كوردستانه‌ ، هه‌روه‌ها شاره‌زايي هه‌بووه‌ له‌ ژه‌نينى ئامێرى ( زوڕنا و نه‌يي  وده‌هۆڵ) به‌شدارى له‌چه‌ندين ئاهه‌نگ و زه‌ماوه‌ند و بۆنه‌كاندا كردووه‌ بۆ مه‌به‌ستى دابينكردنى بژێوى ژيانى  خۆيي و خانه‌واده‌كه‌ى .
هونه‌رمه‌ند سه‌لاح داوده‌ هه‌رچه‌نده‌ ئه‌لف و بێى كوردى له‌قوتابخانه‌ نه‌خوێندووه‌ ، به‌ڵام له‌ كاره‌كه‌يدا كه‌ هونه‌رى مه‌قام و به‌سته‌بێژى بووه‌ كه‌سێكى به‌ئاگا و شاره‌زابووه‌ كه‌ ئه‌و ده‌ڤه‌ره‌ فراوانه‌ى تێيدا ژياوه‌و گه‌وره‌ بووه‌ (گه‌رميان) چه‌ند ده‌وڵه‌مه‌نده‌ له‌بوارى هونه‌رى مه‌قام وبه‌سته‌ دا، ئاواييه‌ك بۆ ئاواييه‌كى ديكه‌ى گه‌رميان له‌ڕووى گۆرانى و مه‌قامه‌وه‌ جياوازييان هه‌يه‌ له‌شێوه‌ى چڕيندا،
له‌ديمانه‌يه‌كدا هونه‌رمه‌ند سه‌لاح داوده‌ پێمان ده‌ڵێت  ( بۆنموونه‌ ئه‌ڵڵاوه‌يسى جه‌بارييه‌كان له‌گه‌ڵ ئه‌ڵڵاوه‌يسى داودييه‌كان جيايه‌ ،تايبه‌تمه‌ندى گۆرانى كه‌ركوك و گه‌رميان و مه‌قامه‌ ڕه‌سه‌نه‌كانى كوردى زۆرينه‌ى له‌گه‌رميانه‌ جۆرى گۆرانى گوتنيشيان له‌گه‌ڵ جێگاكانى تر جيان ، زۆرينه‌ى مه‌قامه‌ كوردييه‌كان هى ناوچه‌ى گه‌رميانن وه‌ك ئه‌ڵڵاوه‌يسى ، يارغه‌زاڵ ، خورشيدى و خاوكه‌ر ، هه‌موويان مه‌قامى ڕه‌سه‌نى كوردين له‌شوێنێ بۆ شوێنێكى تر جياوازه‌ ، شوێنێك ئاى ئاى زۆرباش ده‌ڵێ ، شوێنێكى تر قه‌تار باش ده‌ڵێ) (*4)
هونه‌رمه‌ند سه‌لاح داوده‌ مه‌قام و به‌سته‌ خوێندنى كردۆته‌ پيشه‌ و له‌وڕێگه‌يه‌وه‌ بژێوى ژيانى دابينكردووه‌ ، به‌ڵام چ بژێويه‌ك به‌ژيانێكى كوله‌مه‌رگى ، جێى داخه‌ تائێستا هونه‌ر نه‌بۆته‌ سه‌رچاوه‌ى دابينكردنى ژيانى هونه‌رمه‌ند ،به‌ڵام ئه‌م  دڵسۆزبووه‌ بۆ هونه‌ره‌كه‌ى و فه‌رامۆشيى نه‌كردووه‌ ، دواى نه‌چوونه‌وه‌ى بۆ ئيزگه‌ى كوردى به‌غدا ، ئه‌م هونه‌رمه‌نده‌ نه‌مره‌ به‌رده‌وام سه‌رقاڵى ئاهه‌نگ  و به‌زمى شه‌وانه‌ى كۆڕى ياران  و زه‌ماوه‌ند بووه‌  له‌گه‌ڵ ئه‌حمه‌د داوده‌ و فايه‌ق داوده‌ ، ئه‌وئامێرانه‌ى له‌گه‌ڵ ده‌نگى خۆشى سه‌لاح داوده‌ دا كارى هونه‌رييان ئه‌نجامداوه‌  باڵه‌بان و زه‌ڕبێك بووه‌ ، به‌ڵام چ هونه‌رێكيان خوڵقاندووه‌ ، كه‌ هه‌ركات گوێبيستى كاره‌ هونه‌رييه‌كانى سه‌لاح داوده‌ ده‌بيت ، له‌ ده‌نگ و ژه‌نين و ڕيتم و ميلۆدى گۆرانييه‌كان سه‌رت سوڕده‌مێنێ و چێژت پێ ده‌به‌خشێت ، هونه‌رێكى هه‌ژار و له‌ناوه‌رۆكدا ده‌وڵه‌مه‌ند و له‌لوتكه‌ى ئاوازو گۆرانيدا.
له‌و گه‌شته‌ هونه‌رييه‌ كه‌ ماوه‌ى نيوسه‌ده‌ له‌نێو چرينى مه‌قام و به‌سته‌ و ژه‌نينى ئامێره‌كانى ( ده‌هۆڵ و زوڕنا ) هونه‌رمه‌ند سه‌لاح داوده‌ جيا له‌و به‌رهه‌مانه‌ى له‌ڕاديۆ و ته‌له‌فزيۆن تۆمارى كردوون ، به‌ده‌يان ئاهه‌نگى  له‌ماڵان  له‌كه‌ركوك و شاره‌كانى كوردستان  له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ندان تۆماركردووه‌ وه‌ك ( ئه‌حمه‌د شه‌ماڵ ، هابه‌ و مشكۆ، شكور خه‌يات و  سابير كوردستانى ) له‌تۆمارگاكاندا وه‌ك دۆكۆمێنت ماون ، ده‌توانم ئاماژه‌ به‌وه‌ بده‌م كه‌ له‌كاتى ژيانيدا و دواى كۆچكردنى له‌وانه‌يه‌ چه‌ند به‌رهه‌مێك له‌و هه‌موو ئاهه‌نگانه‌ى تۆماريكردوون،  وه‌ك ئه‌رشيف له‌لاى خۆيي و خانه‌واده‌كه‌ى  بووبێت ، به‌داخه‌وه‌ ئه‌وه‌ گرفت و خه‌مێكى به‌هه‌ند وه‌رنه‌گيراوى ئه‌رشيفى هونه‌رمه‌ندانى نه‌ته‌وه‌كه‌مان له‌لايه‌ن ده‌زگايه‌كى تايبه‌تمه‌نده‌وه‌ ، هونه‌رمه‌ند وشيار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د ده‌ڵێت ( سه‌لاح داوده‌ خۆى ئاماژه‌ى به‌وه‌ كرد كه‌ زياتر له‌ (60) گۆرانى و مه‌قامى بۆ ئيزگه‌ى كوردى و زياتر له‌ ( 20) گۆرانى و مه‌قاميشى بۆته‌له‌فزيۆنى كه‌ركوك تۆماركردووه‌،هه‌روه‌ها نزيكه‌ى (300) كاسێتى له‌ئاهه‌نگه‌ تايبه‌تييه‌كاندا تۆماركردووه‌، به‌ڵام به‌بۆچوونى  من به‌رهه‌مه‌ تۆماركراوه‌كانى نێو كاسێته‌كان ته‌نيا گۆرانييه‌ توركمانييه‌كانى لێبترازێ ، ئه‌وانى تر دووباره‌ كردنه‌وه‌ى مه‌قام و گۆرانييه‌كانى پێشترن كه‌ پێده‌چێ له‌سه‌رووى (100) به‌رهه‌مه‌وه‌ بن ) (*5)
هونه‌رمه‌ند سه‌لاح داوده‌ ده‌ريايه‌كه‌ له‌ هونه‌ر ، له‌مه‌قام و به‌سته‌دا ده‌هێنێ و پێويسته‌  توێژينه‌وه‌ له‌لايه‌ن  مامۆستايان و شاره‌زايانى بوارى موزيك و مه‌قام و گۆرانى ، بۆ ده‌نگ و ئه‌داو كاره‌ هونه‌رييه‌كانى له‌هه‌موو قۆناغه‌كانى ژيانى هونه‌ري هونه‌رمه‌ند بكرێت ،
هونه‌رمه‌ند سه‌لاح داوده‌ به‌هه‌رچه‌رمه‌سه‌ريي و نه‌دارييه‌ك  كه‌ تێدا ژيا ، توانيويه‌تى ده‌يان ئاواز  له‌گۆرانى و مه‌قامى ڕه‌سه‌نى گه‌رميان بچرێ و له‌فه‌وتان ڕزگاريان بكات ،نموونه‌ى  گۆرانييه‌ خۆشه‌كانى  هونه‌رمه‌ند كه‌ له‌ياده‌وره‌ى زۆربه‌ماندا به‌پيرۆزى  ماوه‌ته‌وه‌  (ڕاوه‌ستاوه‌ له‌و بانه‌  ، حه‌بيه‌ خان ، ئامۆزاگيان ، ياروه‌ره‌وه‌ ، ڕێزه‌ به‌ڕيزه‌ گيانه‌ ، خانزاده‌خان ، شه‌ده‌لار ، خرينگه‌ ، ڕه‌يحانه‌ و له‌و كه‌له‌ ده‌نگى ساز دێ ).
  هونه‌رمه‌ند ته‌نها و ته‌نها بۆ مه‌قام و به‌سته‌ى كوردى ژيا و شكۆى هونه‌ره‌كه‌ى ڕاده‌ستى ڕژێمى به‌عس نه‌كرد  و  به‌ده‌ست هه‌ژارى و ده‌ستكورتى و كرێنشينيه‌وه‌ زۆر ئازارى چه‌شتووه‌‌ ، به‌ڵام هونه‌رمه‌ند ووره‌ به‌رزو هيچ كات نه‌ي ويستوه‌ ملكه‌چى پاروه‌ نانێك بێت، سه‌ره‌ڕاى ئه‌و ژيانه‌ هه‌ژارييه‌ ده‌يگوزه‌راند، هه‌ركۆڵى نه‌داوه‌ تا دواساته‌كانى ژيانى خزمه‌تى  به‌مه‌قام و گۆرانى و هونه‌ر و كه‌لتوورى كوردى كرد ، سه‌لاح داوده‌ كه‌سايه‌تيه‌كى كه‌م دوو و هێمن و ده‌ست پاك و نه‌فس به‌رزبووه‌.
له‌دواى ڕاپه‌ڕينيشه‌وه‌ ، له‌لايه‌ن  كه‌ناڵه‌ ئاسمانييه‌كانه‌وه‌  تا له‌ژياندا بوو چه‌ندين به‌رنامه‌ى ديدارى هونه‌رييان  له‌گه‌ڵ  هونه‌رمه‌ند ئه‌نجامداوه‌ ، كه‌ جێى ستايش و به‌رزنرخاندنن .
هونه‌رمه‌ند سه‌لاح داوده‌ خێزانداره‌و له‌دواى خۆى كوڕه‌كانى   به‌تايبه‌ت ( عه‌باس و دلشاد ) ڕێگا پيرۆزه‌كه‌ى باوكيان گرتۆته‌ به‌رو شاره‌زايي و تواناى مه‌قام و به‌سته‌ بێژى له‌قوتابخانه‌ نه‌مره‌كه‌ى باوكيانه‌وه‌ فێربوون ،
له‌يه‌كه‌مين ساليادى دامه‌زراندنى  ناوه‌ندى عه‌لى مه‌ردان بۆ مه‌قام له‌شارى كه‌ركوك ، له‌هۆڵى (نه‌ورۆز ) به‌وبۆنه‌يه‌وه‌ ئاهه‌نگێك سازده‌كرێت و هونه‌رمه‌ند سه‌لاح داوده‌ وه‌ك هونه‌رمه‌ندێكى ‌ گه‌وره‌و شاره‌زا له‌و بواره‌دا بانگهێشتى ئه‌و ساڵياده‌ ده‌كرێت و به‌مه‌قامى (قه‌تارو خاوكه‌ر) و به‌سته‌ى ( ڕاوه‌ستاوه‌ له‌و بانه‌) به‌شدارى ده‌كات ،دواى ته‌واو بوون و هاتنه‌ خواره‌وه‌ى له‌سه‌ر شانۆ، به‌داخه‌وه‌ ته‌ندروستى تێكده‌چێت و ده‌يگه‌ننه‌ نه‌خۆشخانه‌ى ئازادى له‌شارى كه‌ركوك ، له‌كاتژمێر (8) ى شه‌وى هه‌مان ڕۆژ به‌هۆى جه‌ڵته‌ى دڵه‌وه‌ كۆچى دوايي ده‌كات،
به‌و كۆچه‌ كتوپڕه‌ى خه‌مێكى گه‌وره‌ى له‌نێو دڵ و ده‌روونى هه‌واداران و هونه‌رمه‌ندان و ئازيزان و خانه‌واده‌و بنه‌ماڵه‌كه‌يدا دروست كرد ، هونه‌رمه‌ند سه‌لاح داوده‌ ته‌نها له‌خانه‌واده‌كه‌ى نه‌ڕۆيشت به‌ڵكو له‌ هونه‌رى كوردى و هه‌موو ميلله‌تى كورد ڕۆيشت ، نيشتمان و نه‌ته‌وه‌كه‌ى  سه‌ربه‌رزو به‌خته‌وره‌ به‌هونه‌ر و كه‌سايه‌تيه‌كه‌ى ، ئۆغرى خێر و دروود و سڵاو بۆگيانى پاكى هونه‌رى هونه‌رمه‌ند سه‌لاح داوده ‌و هونه‌رمه‌ندى باڵه‌بانژه‌ن ئه‌حمه‌د داوده‌ و ته‌واوى هونه‌رمه‌نده‌ كۆچكردووه‌كانى گه‌له‌كه‌مان  گڵكۆكانيان هه‌ميشه‌ چراخان و لێوڕيژبێت له‌ مه‌قامه‌ ڕه‌سه‌نه‌كانى گه‌رميان .
جه‌مالى ده‌لاك  17/3/2021 هه‌ولێر  
سه‌رچاوه‌ : (*1و5) ئاهێك بۆ مه‌رگى هونه‌رمه‌ند سه‌لاح داوده‌ _ وشيار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د _ گۆڤارى چلاواز ژماره‌ ( 39) ئايارى 2009 ، لاپه‌ڕه‌ (21) 
(*2 و 4) ديمانه‌ له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ند سه‌لاح داوده‌ ، جيهان به‌خش محه‌مه‌د كۆيي ، گۆڤارى ڕامان ژماره‌ ( 64) 5/10/2001، لاپه‌ڕه‌ (101) 
(*3) ناميلكه‌ى ڕازێك بۆ هونه‌رمه‌ند سه‌لاح داوده‌ _ باكورى _ لاپه‌ڕه‌ (10)